رونکردنەوەێک لە بەرێز کاک عەلی قەنبەری کەسایەتی دیار و دڵسوزی ناوچەی کرماشان

0
455

وڵام بە چەن پرسیار و سرنجێک
لە ئەم رۆژانەدا و پاش ئەوەی کە وازهێنانی خۆمم لە ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ڕێگای فەیسبووکەوە بە ئاگاداری هاوڕێیان و دۆستان ڕاگەیاند، لە ئێرە و لە ئەوێ ڕوو بە ڕووی چەن سرنج و پرسیارێک بوومەتەوە کە بە پیویستی دەزانم بە کورتی وڵامێکم بۆیان هەبێت.
با پێشەکی ئەوە بڵێم کە دەبێ ئێمە ئەوە قەبووڵ بکەین کە مرۆڤ چۆن بە بڕیاری خۆی حیزبێک و یان ڕێبازێک هەڵدەبژێرێت، ئاوەهاش ئازادە ڕۆژێک لە ڕۆژان واز لە ئەو حیزب و یان ڕێبازە بهێنێت.
بەڵام با بچمە سەر ئەسڵی باسەکەم. من لە ماوەی ٣٥ ساڵ لە ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمدا کە سێ، چوار ساڵی یەکەمی لە گەڵ حیزبی دیموکرات و دواتریشی لە گەڵ کۆمەلە بووم جیاوازلە ئەوەی زۆر شتی تازە فێر بووم، بەڵکوو زۆر ئەزموونیشم پەیدا کردووە کە دەتوانم بۆ ئەو ماوە کورتەی تەمەنم کە ماوە بە باشی کەڵکیان لێ وەرگرم.
پرسیارم لێکراوە کە وازهێنانم لە لایەنێکی کۆمەڵە بە مانای چوونە پاڵ لایەنێکی تری کۆمەڵەیە، یان بە تەواوی وازم لە بیر و باوەڕی کۆمەلە هێناوە و چی دی خۆم بە کۆمەڵە و بە چەپ نازانم؟ لە ئیمڕۆ بە دواوە بە تەمای چی دەبم؟
دیارە سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە لوتفیان کردووە و ئەو سرنج و پرسیارانەیان ئاراستە کردووم!
بەڵام وڵامەکان؛
١- لە ئێستەدا بە تەما نیم لە گەڵ هیچ لایەنێکی کۆمەڵە و یان هیچ حیزب و ڕێکخراوێکیتر خەباتی خۆم گرێ بدەم. واتە بچمە ڕیزی لایەنێکی دیکەوە.
٢- هەر وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد، لە ئەم ٣٥ سالەدا زۆر شت لە سیاسەت کردن فێر بووم و زۆر ئەزموونیشم وەرگرتووە، هەر بۆیە ئەم پرینسیپانەی خوارەوە دەکەم بە بنەمای فیکر و خەباتی سیاسی خۆم. جا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو و یان لە ڕێکخراوێکی دیکەدا ئەو ئامانج و بیرو بۆچوونانەم بە دی کردەوە، ئەوا دەکرێت بیری لێ بکەمەوە و جارێکیتر لە گەڵ ئەو ئۆرگانەدا کاری سیاسی بکەم. بۆ چەپ بوونیش، من لە بیرو باوەڕی چەپ زۆر شت فێر بووم، پێشکەوتنخوازی، دادپەروەری و خۆشەویستی بۆ مرۆڤی زەحمەتکێش و چەوساوە. هەر بۆیە چەپ بوون تێکەڵ بە خوێنی من بووە. بەڵام خۆم بە چەپێکی دیموکراتیخواز، کوردستانی، هیومانیست (مرۆڤدۆست) و دادپوروەر دەزانم و لە ئەو گەڵ چەپی کۆن و کلاسیکدا سنوورم هەیە.
تێروانینی من لە سەر درێژەدانی خەباتی سیاسیم؛
١- خەبات لە پێناوی ڕزگاری کوردستان (بۆ من بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردستانە! هەر چەشنە گرێدانی خەباتی تاکی کورد، یان لایەنی کوردی چی بە ناوی چەپ و سوسیالیستەوە و یان چی بە ناوی بەرەی دیموکراسیخوازی و …….. لە گەڵ ئێرانییەکان و بە ناوی ئێرانەوە بێت، بێجگە لە ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و خەسار و خۆ فریودان بۆ خودی لایەنە کوردییەکان نەبێت، هیچ قازانجێکی دیکەی نییە. هەر بۆیە چیتر ئامادە نیم لە ڕیزی حیزب و یان ڕێکخراوێکی سیاسیدا خەبات بکەم کە بە ناوی کومونیست و چەپ و دیموکراتیخوازە خۆی بە ئێرانی پێناسە بکات.
٢- خەبات لە پێناوی ئازادیدا
نیشتمان یان کۆمەڵگا کاتێک خۆشەویست دەبێت و هەموو کەس ڕێزی لێ دەگرێت کە پرینسیپەکانی ئازادی تێدا ڕەچاو بکرێت. هەر بۆیە ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانە کە لە پاڵ خەبات کردن بۆ ڕزگاری کوردستان، خەبات بۆ ئازادی ڕادەبڕین، ئازادی تاک لە کۆمەڵگادا. ئازادی ئایین و بیروباوەر، ئازادی ڕۆژنامەوانی، ئازادی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و هەموو چەمکەکانی دیکەی ئازادی بکات بە ئەرکی خۆی و هەوڵی بۆ بدات.
٣-خەبات لە دژی کۆنەپەرەستی
خەبات لە دژی کۆنەپەرەستی بەشێک لە خەباتە بۆ ڕزگاری و ئازادی نیشتمان. کۆمەڵگایەک دەتوانێت بە ڕزگاری و ئازادی بگات کە تاکەکانی پێشکەوتنخواز و تێگەیشتوو بن! نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەک مەحالە ڕزگار بێت کە تاکەکانی هەڵگری بیروباوەڕی کۆن بن! کۆنەپەرەستی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەو نەخۆشینەیە کە زۆرترین خەساری بۆ خۆمان و باشترین دەسکەوتی بۆ داگیرکەران و چەوسێنەران هەبووە.
٤- خەبات لە دژی تاکڕەوی و پاوانخوازی
ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانە کە پێش بە کەس و لایەنی تاکڕەو و پاوانخواز بگرێت و لە کەرامەتی خۆی و هاوچارەنووسەکانی داکۆکی بکات! نابێت ئیزن بە هیچ کەس و لایەنێک بدەین کە خۆیان بە سەرماندا داسەپێنن و ناچارمان بکەن سوجدە و کڕنووشیانیان بۆ بەرین!
درووست کردنی کاریزما لە سەرکردە و ڕێبەر، بە مانای درووست کردنی بوت و بوت پەرەستییە! کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لە گەڵ کولتووری کاریزما پەرەستی و بوت پەرەستی نامۆ و بێگانەیە!
٤ – خەبات لە پێناوی دادپەروەری و یەکسانیدا
ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی یەکسانیخواز ودادپەروەری کوردستانە کە بۆ دابین کردنی یەکسانی و دادپەروەری لە کوردستاندا هەوڵ بدات! یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا بە بێ جیاوازی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و بیرجیاوازی!
دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی ولات لە ڕێگای بیمە کۆمەڵایەتییەکانەوە، خوێندن و دەرمانی خۆڕایی بۆ هەمووان.
٥ – خەباتی لە پێناوی ئازادی تاک لە کۆمەڵگادا
ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازە کە لە کوردستاندا داکۆکی لە ئازادی تاک لە کۆمەڵگادا بکات.
دەبێ لە نیشتمانی ئێمەدا مرۆڤ ئازاد و بەختەوەر بژی! دەبێ مرۆڤ ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی خۆی! دەبێ مرۆڤ خۆی دیاری بکات کە چۆن دەیەوێت بژی! ئازادییەکان تا ئەو کاتەی کە نەبنە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا و ئازادی کەسانی تر نابێت سنووردار بکرێن!
٦ – دەست پاکی و ڕاستگۆیی و لە خۆ بردوویی
حیزب، ڕێکخراو و یان تاکی شۆڕشگێڕی کورد کە خۆیان بە پێشڕەوی کۆمەڵگا دەزانن، دەبێ نموونە و ئولگۆی دەست پاکی، ڕاستگۆیی و لە خۆبردوویی بن!
من وەک تاکێکی کورد، هەوڵ ئەدەم لە چوارچێوەی ئەم پرینسیپانەدا خەباتی خۆم درێژە پێ بدەم. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان زانیم لایەنێکی سیاسی لە کوردستاندا هەیە کە بەشی هەرە زۆری ئاوات و ئامانجەکانی منی لە خۆ گرتووە، ئەوا دەتوانم بیرێکی لێ بکەمەوە.
ئەوەش دەزانم کە خەباتی ڕێکخراوەیی لە خەباتی پرژ و بڵاوی تاکەکان زۆر کاریگەرترە!
دیسان سوپاس بۆ هەموو لایەکتان!
عەلی قەنبەری ٣-٩-٢٠١٤زایینی