روحانی و دەسڵاتی ئێرانی خواستی کوردەکانی پارێزگای کرماشانیان پێ تەحمول نەکرا

0
156
هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران ڕێگریانکرد لە چالاکوانانی مەدەنی کە لە میتینگی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی حەسەن رۆحانی لە کرماشان، بە جلی کوردی و پانکاردی مافی پەروەردە بە زمانی دایکییەوە ئامادەبن.
بەگوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی میتینگی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێڕان هێرشیانکردە سەر ئەو چالاکوانانەی جلی کوردیان لەبەردابووەو پانکاردی داوای مافی پەروەردە بە زمانی دایکیان بە دەستەوە گرتبوو.

 

لە هەواڵەکەدا هاتووە، دوێنێ کە حەسەن ڕۆحانی، کاندیدی ڕیفۆرمیستەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێڕان لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان میتینگی پروپاگەندەی بەڕێوەدەبرد، چەند چالاکوانێکی کورد لە شوێنی میتینگەکە ئامادەبوون لە کاتێکدا جلی کوردیان لەبەردابو و پانکاردی داوای مافی پەروەردە بە زمانی دایکییان بەدەستەوە گرتبوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو چالاکوانانە، لێیاندان و دەستیان بەسەر پانکاردەکانیاندا گرت.

لەسەر پانکاردی ئەو چالاکوانانە لەمیتینگەدا نووسرابوو:”ئێمە خوازیاری جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ی دەستووری بنەڕەتین و دەمانەوێت لە  خوێندگاکانی کرماشان پەروەردەی بە زمانی کوردی هەبێت”.

لە ماددەی ١٥ی دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە، کە زمانی فەرمی وڵات فارسییە، بەڵام هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئەو مافەیان هەیە لە تەنیشت زمانی فارسیدا زمانی دایکیان لە میدیا و ڕاگەیاندن و بواری پەروەردەدا بەکاربێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەم لە خولی پێشووی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا وهەم لەم خولەدا، یەکێک لە دروشمەکانی حەسەن ڕۆحانی دەستەبەرکردنی مافی پەروەردە بە زمانی دایکی بووە، بەڵام لە چوار ساڵی ڕابردوودا هیچ هەوڵێک بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام نەدراوە.