خەڵکە بەتەمەنەکان ڕاست دەکەن کە دەڵێن حەزرەتی ئیبرایم کورد بووە؟

0
496

کە منداڵ بووم، لە ناو کۆڕی بەتەمەنەکاندا چەندین جار گوێم لێبووە کە گووتراوە حەزرەتی برایم کورد بووە. نازانم ئەو بۆچوونە لەسەر چ بنەمایەک لە ناو بەتەمەنەکاندا دروست بوو بوو بەڵام زۆر جار دەگووترایەوە. ئەمڕۆش زۆر جار ئەو بابەتە دێتە پێشەوە و خەڵک دەکەوێتە پرسیار کە تا چەند ئەو بۆچوونە ڕاستە. بەڵام پێش ئەوەی کە باس لە ڕەگەزی حەزرەتی برایم بکەین، دەبێت ئەوە بزانرێت کە جیاوازی نێوان بۆچوونی پیاوی ئاینی و مێژوونوس سەبارەت بە کەسایەتیە ئاینیەکان لەوەدایە، پیاوی ئاینی هەر کەس لە کتێبە ئاینیەکاندا باس بکرێت ئەو بەپێی ڕۆڵەکەی خۆی بە ڕاستی دەزانێت. بەڵام مێژوونوس بەپێی ڕۆڵی خۆی دەبێت پرسیار بکات، سەرەتا ئایا ئەو کەسایەتیە لە مێژوودا بوونی هەبووە یان نا و بەڵگەنامە هەیە پشتگیری لە بوونی کەسەکە بکات؟ لە ڕاستیدا چەندین سەرچاوە دۆزراوەتەوە کە پشتگیری لەوە دەکات حەزرەتی برایم بوونی هەبووبێت لە مێژوودا و لە نزیکی ٣٢٠٠ بۆ ٣٥٠٠ پێشتر ژیاوە و دەشێت دێرینتریش بێت.

بەپێی تەورات ناوی سەرەتا بریتی بووە لە ئەبرام (Abram) دوایی خوادا ناوی گۆڕیوە بۆ برایم/ئیبراهیم (Abraham). بەپێی جووەکان ناوی یەکەمیان (ئەبرام) بە زمانی عیبری مانای (باوکە گەورە) دەدات و ئەوی تریان (برایم/ئیبراهیم) مانای (باوکی نەوەیەکی زۆر) دەدات. نازانرێت ئەگەر ناوەکە لە کوردی کۆندا مانای دابێن یان نا، بەڵام شێوە کۆنەکەی لە کوردستاندا وەک ناوی کەس بەکارهاتووە. هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم، لە ناو هەورامیەکاندا وا باو بووە کە لە بنەچەدا هەورام/ئەبرام و قەندول/کەندوڵ دوو برابوون، لە ناوچەی دەماوەندەوە هاتوونەتە هەورامان. مەیجەر سۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەو چیرۆکەی لە هەورامیەکان بیستووە. لە ڕووی زمانەوانیەوە ڕێی تێدەچێت کە ناوی هەورامان پەیوەندی هەبێت بە ناوی (هەورام/ئەبرام) وە. لەبەر ئەوەی کە ناوی هەورامان پێکهاتووە لە (هەورام/هۆرام+ان). پاشگری (ان) ئاماژەیە بۆ شوێن/ناوچە لە زمانی کوردیدا هەر وەک لە ناوەکانی وەک (حاجی ئۆمەران، بەرانان، ولیان، قەشان…) دا دەبنیرێت. هەروەها لە ناوچەی کرماشان هۆزێکی کوردی بە ناوی قەندول/کەندوڵ هەیە. لێرەدا مەبەست لەوە نیە کە هەورامان بە ناوی حەزرەتی برایمەوە نرابێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە کە ناوی هەورام/ئەبرام کە شێوە کۆنەکەی ناوی حەزرەتی برایمە و لە تەوراتدا ئاماژەی پێکراوە وەک ناوی سەرەتایی ئەو حەزرەتە و لە قورئاندا باس نەکراوە، لە کوردستاندا ئەو ناوە بە شێوە هەرە دێرینەکەی هەبووە و کەسایەتیەکی ناوچەیەکی کوردستان ئەو ناوەی هەبووە.

ناوی باوکی برایم بەپێی تەورات بریتی بووە لە تێرا/تارح/تارخ (Terah) کەچی لە قورئاندا ناوەکە بریتیە لە (ئازەر). ئەم دوو ناوە جیاوازە بووەتە مایەی مشتومڕ لە نێوان کەسایەتیە ئاینیە موسوڵمانەکاندا و چەندین بۆچوونی جیاوازی لێ هاتۆتە گۆڕێ. هەندێک دەلێن باوکی حەزرەتی برایم ئەو دوو ناوەی هەبووە و هەندێکی تر بە توندی ناوەکەی تر ڕەتدەکەنەوە و تەنها (ئازەری) ی قورئانیان قبوڵە و هەندێکی تر دەڵێن دەشێت هەر هەمان ناو بێت و گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و مشتومڕ بەردەوامە بێ ئەوەی کە کەسایەتیە ئاینیەکان بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە. لە ڕاستیدا کێشەکە کێشەی زمان و مێژوو و تێگەیشتنە لە زمانی کوردی کۆن و نوێ و زمانەکانی ناوچەکە. لەبەر ئەوەی کە هەردوو ناوەکانی باوکی برایم مانای (ئاگر) دەدەن بەڵام تەورات و قورئان لە دوو سەردەمی جیاوازدا نووسراون. یەکەمیان وشەی تێرا/تارح بە زمانی هوری بووە کە لە بنەچەدا وشەکە (تاری) بووە و لەو زمانەدا مانای ئاگر دەدات لە زمانی کوردی/میدیدا دەبێتە (ئاتەر). ئەو ناوە لە تەوراتدا لە سەردەمی دێرین و هوریدا نووسراوە لەبەر ئەوەی کە تەورات لە سەردەمی برەوی فەرهەنگی هوریدا نووسراوە. شێوەکەی قورئان کە بریتیە لە (ئازەر) نوێترە و بە هەمان شێوە مانای ئاگر دەدات بەڵام دەشێت بەهۆی کاریگەری زمانی پەهلەویەوە کە بە ئاگر دەڵێن (ئادور) کرابێتە عەرەبی و بە (ئازەر) نووسرابێت و دەشێت هەر لە (ئاتەر) ی میدی/کوردیەوە لە عەرەبیدا کرابێتە (ئازەر). بۆیە هۆکاری بوونی دوو ناوی جیاواز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوو ناوی هەمان کەس لە دوو سەردەمی جیاوازدا بە هەمان مانا بووە.

چیرۆکی حەزرەتی برایم بەپێی تەورات و بیروبڕوای ناو جووەکان کورتەکەی بەم جۆرەیە. باوکی برایم پەیکەرتاش دەبێت و بت دروست دەکات و دەیانفرۆشێت. حەزرەتی برایم بیر و بڕوای دەگۆڕێت و دەبێتە یەکتاپەرست و بڕوای بە بتەکان نامێنیت. بۆیە ڕۆژێک هەموو بتەکانی باوکی دەشکێنیت جگە لە گەورەکەیان نەبێت. کە باوکی دەگەڕێتەوە دەڵێت کێ ئەو بتانەی شکاندووە، حەزرەتی برایم دەڵێت ئەو بتە گەورەیە ئەوانی تری شکاندووە. دواتر باوکی توڕە دەبێت و دەڵێت ئەو بتە ناتوانیت ئەوە بکات، بەو جۆرە باوکی هەست دەکات تێکەوتووە. لە کاتێکدا کە پێی وایە بت ناتوانێت توانای هەبێت کەچی ئەم دەیپەرستێت. باوکی توڕە دەبێت و ئەو مەسەلەیە دەگەیەنێت بە نەمرود. نەمرودیش دەستبەجێ برایم دەخاتە زیندانەوە و هەتاوەکو ئەو کاتەی دەیخاتە ناو ئاگرەوە. بەو جۆرە حەزرەتی برایم دەخرێتە ئاگرەکەوە و بێ هیچ سوتاویەک لە ئاگرەکە دێتە دەرەوە.

چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئیسلامی دێرین (نەک قورئان) دەڵێن ئەو کەسەی کە حەزرەتی برایمی سوتاندووە، پیاوێکی کورد بووە. لە ڕاستیدا حەزرەتی برایم لە ناو خەڵکی خۆیدا بووە و خەڵکەکە هاوخوێنی بوون، بۆیە ناکرێت ئەو کەسەی سوتاندوویەتی کورد بووبێت و حەزرەتی برایم کورد نەبووبێت. دوو شوێن بە لە مێژوودا ئاماژەی پێ دەکرێت کە پەیوەست بێت بە حەزرەتی ئیبرایمەوە. یەکێکیان شوێنێکە لە نزیک شاری (ور/ئور) ی باشوری عێراق کە ئێستاکە پێی دەڵێن تەل برایم (تل ابراهیم). هەروەها شارۆچکەی حەڕڕان لە نزیک شاری ئورفەی باکوری کوردستان.

زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن کە حەزرەتی برایم لە حەڕران لە نزیک ئورفە لە باکوری کوردستان لەدایکبووە و دواتر چووە بۆ شاری (ئور/ور) لە باشوری عێراقی ئەمڕۆ. هەندێک مشتومڕ لەسەر ئەم بۆچوونە هەیە و هەندێک دەڵێن بە پێچەوانەوە بووە. بەڵام بە گشتی لە دایکبوونی لە شاری حەڕڕان زیاتر پشتگیری دەکرێت. ئەوەی بۆچوونی بنەچە حەڕڕانی حەزرەتی برایم بەهێز دەکات ئەوەیە کە لە تەوراتدا حەزرەتی برایم کاتێک کە دەیەوێت ژن بۆ ئیسحاق و کوڕەکانی تریشی بهێنێت، دەڵێت نامەوێت ژن لەناو کەنعانیەکاندا بۆ کوڕەکانم بهێنم و لە حەرران ژن بۆ کوڕەکانی دێنێت. کە ئەوە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە حەزرەتی برایم کەسوکارەکەی خەڵکی ئەو شارۆچکە کوردیەی باکوری کوردستان بوون. بەڵام دوایی لە تەل ئیبراهیم لە نزیک شاری کوتی ئیمڕۆ چیرۆکی خستنە ئاگرەکەی باس دەکرێت. ئەوەی مایەی سەرنجە، پەرستگەیەکی گرنگی خودایەکی پەیوەست بە بڵێسەی ئاگرەوە لە سەردەمی دێریندا لە نزیک تەل ئیبراهیم لای شاری کوتەوە بووە و هەر ئەو خوادایەش پەیوەست کراوە بە زیندووکەرەوەی مردووەوە. واتە ئەو ڕووداوەی کە تەورات ئاماژەی پێ دەکات لەوە دەچێت پەیوەندی بەوە بووبێت کە حەزرەتی برایم لە بەردەم ئەو پەرستگە و خودایە هەوڵی دادگایکردنی درابێت و پەیوەندیەک هەبێت بەو ڕووداوە و شوێنەوارە مێژووییە ئاینییەکانی ناوچەکەوە.

چیرۆکی هەوڵی قوربانیدانی کوڕەکەی حەزرەتی برایمیش پەیوەندی بە ڕابردووی کوردستانەوە هەیە. بەپێی سەرچاوە جوویی و کریستیانەکان خوادا داوای لە حەزرەتی براییم کردووە کە ئیسحاقی کوڕی سەرببڕێت و بیکاتە قوربانی. سەرچاوە ئیسلامیەکان دەڵێن ئەو کوڕە ئیسماعیل بووە. جیاوازی لەسەر ناوی کوڕەکە لە نێوان ئاینەکاندا هەیە. بەڵام هەردووکیان کۆن لەسەر ئەوەی کە سەرەتا خوادا حەزرەتی برایم تاقیدەکاتەوە و داوای لێ دەکات کە کوڕەکەی سەرببڕێت بەڵام دوایی لەبڕی کوڕەکەی خودا فەرمانی پێ دەدات کە ئاژەڵێک بکاتە قوربانی. بەڵام بەپێی تەورات دوای قوربانی دار دانراوە بۆ ئەوەی کە دوایی لە ئاگردا بۆ خودا بسوتێنرێت و بکرێتە قوربانی.

لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی تەورات ئاماژە بە دابونەریتێکی کۆنی کوردستان و ناوچەکە دەکات. هەتاوەکو سەدەی چوارەمی زاینی کە نزیکی دوو هەزار ساڵ دوای حەزرەتی برایمە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە دابونەریتێک دەکەن کە لە کوردستاندا پەیڕەو کراوە کە تێیدا منداڵ کوژراوە و خراوەتە ئاگرەوە بۆ خودا وەک قوربانی. هەروەها لە تەورات خۆیدا ئاماژە دەکرێت بە پاشای ئاشوری سەنحاریب کە دەچێتە لای شوێنی کەشتیەکەی نوح لە چیای جودی، کە ئەو کات پیرۆز بووە، پەیمان دەدات بە خودا ئەگەر لە جەنگدا سەرکەوتوو بێت، هەردوو کوڕەکەی دەکاتە قوربانی. کوڕەکانی ئەوەیان گوێ لێدەبێت، ئەوان دەستپێشخەری دەکەن و دەیکوژن.

لێرەدا مەبەست لەوەیە دابونەریتی منداڵ بە قوربانی دان، دابوونەریتێکی کۆن بووە و تا سەدەکانی چوارەمی زاینی لە ناوچەکەدا مابوو. هەروەها ئەوەی کە تەورات ئاماژەی پێ دەکات، ئەو دابوونەریتەیە و حەزرەتی برایم ویستوویەتی چیتر منداڵ نەکرێتە قوربانی بۆ خودا و لەبری ئەوە تەنها ئاژەڵ بکرێتە قوربانی. وەک ئاماژەی پێکرا، دابوونەریتەکە لە ناوچەکەدا مێژوویەکی دێرینی هەبووە و تا سەردەمانێکی درەنگ مابوو. هەروەها سەرچاوە جووییەکان دەڵێن حەزرەتی برایم لە دوو شوێن دیلکراوە. لە قاردو (کوردیان/جەزیرە و بۆتان) حەوت ساڵ و لە ئور نزیک (تەل ئیبراهیم) لە باشوری عێراقی ئەمڕۆ سێ ساڵ زیندانی کراوە. کە ئەو ناوچانە بە درێژایی مێژووی دێرین شوێنی نیشتەجێی کوردان بووە. لە ڕاستیدا یاقوتی حەمەوی حەوت سەد ساڵ لەمەبەور دەڵێت کە نیوەی شاری حللە (بابلی کۆن) کورد بووە.

ئەوەی کە لە سەرەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە ئەوەیە کە حەزرەتی برایم خەڵکی شاری حەڕرانی نزیک ئورفە بووە و هەر لەوێ لەدایک بووە. ئەو ویستوویەتی گۆڕانکاری لە دابونەریتی باوباپیرایندا بکات، لەوێ تووشی کێشە بووە و چەند ساڵێک زیندانی کراوە. دواتر چووتە ناوچەی باشوری عێراق کە ئەو کاتە ناوچەیەکی گوتی/هوری بووە. لەوێش تووشی کێشە هاتووە و لە بەردەم پەرستگای پەیوەست بە بڵێسە و ئاگردا دادگایی کراوە بۆ بیروباوەڕەکانی کە لەگەڵ دابونەریتی باوباپیرانی نەگونجاو بووە. حەزرەتی برایم دژی قوربانیدانی منداڵ بووە بۆ خوداکان و ویستوویەتی تەنها ئاژەڵ بکرێتە قوربانی. دواتر ئەو ناوچەیەی بەجێهشیتوە و ڕووی کردۆتە ئەو وڵاتەی کە ئەمڕۆ پێی دەگووترێت ئیسرائیل. لەوێش پاش چەندین ساڵ لە ژیان، کاتێک کە ویستوویەتی ژن بۆ منداڵەکانی بهێنێت لە ناو کەسوکارەکەی لە باکوری کوردستان ژنی بۆ منداڵەنی هێناوە.

ئەوەی کە ڕوونە حەزرەتی برایم خەڵکی کوردستانە و ناوی باوکیشی بە زمانی هوری تاری/تاریه بووە کە شێوە کۆنەکەی وشەی (ئاتەر) ی کوردی/میدی بووە و مانای (ئاگر) ی داوە و دواتر لە قورئاندا بە هەمان مانا کراوتە (ئازەر). بەپێی ئەوەی کە زۆرینەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەوکەسەی کە حەزرەتی برایمی سوتاند کورد بووە، ئەوە ئەو بۆچوونە بەهێز دەکات کە حەزرەتی برایم کەسێکی گوتی/هوری بووە و لە سەردەمی ئیسلامدا ئەو گوتی هوریە بە کورد ناوبراوە و وەک ئاماژەی پێکرا ئەو کەسەی کە بڕیاری سوتاندنی حەزرەتی برایم داوە نەمرود بووە و هاوخوێن بوون لەگەڵ حەزرەتی برایمدا. بۆیە حەزرەتی برایم لە ڕەگەزی باوباپیرانی دێرینی کورد بووە و کەسێکی گوتی/هوری بووە.

تێبینی:
١. لە ڕاستیدا ئەم بابەتە بابەتێکی سەرنج ڕاکێشە و زۆر بابەتی ئاینی تری لێدەبێتەوە و دەمانباتە جیهانێکی فراوانەوە. بەڵام هەوڵ درا لەم واتارەدا کورت بکرێتەوە، ئەم بابەتە بە دڵنیایی کتێبێکی پێویستە. جا خوێنەری ئازیز ئێوە ئازادن کە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بکەن، بەڵام من ئەوەی کە ویستوومە لە وتارەکەدا نووسیومە و بۆیە بە داوای لێبووردنەوە نامەوێت بەشداری گفتوگۆکان بکەم.
٢. من کەسێکی ئاینی نیم. بەڵام هەوڵێکی زۆرم داوە کە خۆم ئاشنای هەموو ئاینە نوێ و دێرینەکانی ناوچەکە بکەم و ڕێز بۆ بیروبڕوا و بۆچوونی پەیڕەوانی هەر یەک لەو ئاینانە دادەنێم. ئەم بابەتەش زیاتر لە ڕوانگەی کەسێکی مێژوونوسی بێلایەنەوە نووسراوە وەک کەسێک کە داکۆکی لە ڕوانگەی ئاینێکی تایبەت بکات.
٣. نابێت بەپێی پێوەر و بیروبۆچوونی ئەمڕۆ سەیری ڕابردوو بکەین. منداڵ بە قوربانی دان لە ڕابردوودا شتێکی ئاسایی بووە بۆیە لە تەورات و قورئانیشدا زۆر بە ئاسایی ئاماژە بەوە دەکرێت کە خودا داوای لە حەزرەتی برایم کردووە کە منداڵەکەی بکاتە قوربانی و سەرچاوەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە ئەوە دابوونەریتێکی باو بووە لە ڕابردووی ناوچەکەدا. جگە لەوە لە ناو شارستانیەتێکی وەک ڕۆمدا یەکێک لەو وەرزشانەی کە زۆر باو بووە و هەموو کەس چوون بۆ سەیری، وەرزشی زۆرانبازی بووە کە هەتاوەکو کوشتنی یەکێک لە دوو لایەنی بەشدار و زۆر ئاساییش خەڵک قبوڵی بووە.
٤. ئەوە وێنەیە وێنەیەکی خەیاڵی حەزرەتی برایم و کوڕەکەیەتی کە خەریکە دەیکاتە قوربانی و داریش لە ژێریدا دانراوە بۆ سوتاندنی بۆ خودا.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش