تەڵقین بە کوردی

0
284

ئەی بەندەی خودا کوڕی کارەکەر
گوێ بگرە لە ناو گۆڕی تەنگەبەر
لە دنیای بێ فەڕ کۆچت کردوە
لە ئەولای بێگەڕ خانوت گرتوە
تۆش وەک مردویتر وەک هام فەردانت
دو پاری خودا دێنە سەردانت
دو ددان زەردی سوری چاوشین
بە گورز و مەتاڵ،بە تەوەرزینن
توزێ مڕو موچ،ڕو تاڵ و تفتن
بەڵام وەکدەڵێن!بە گفت و لفتن
هەزار جار بڵێن!کوا مەڕنەمووکە
بێدەنگ،قڕ و قپ،لیت نەێە جوکە
گەر تێشت هەڵدەن پێشت دادەن تف
بڵی من کوردم،زمان مایە عرف
لە دار مەترسێ گوێ مەدەرە جوێن
ناچاریان بکە بە کوردی بدوێن
ئەمجارە بە زمانی شیرینی کوردی
خۆت هەڵە مەکە،هێدی،بە وردی
بێژە!لالۆ…خوا و پێغەمبەر هەقە
کوردی هاسانە و عەرەبی ڕەقە
باسی مردن و هەستانی دوایی
خۆ ماندو نەکەن با بە خۆڕایی
بڵێ!کورد لە سەر دنیا مردوە
دەمێکە قیامەت لەوان ڕابوە
بێ بەرگ و پێڵاو،بێ نان و بێ دۆن
تورک عەجەم و عەرەب دەیان خۆن
کورد ژێر چەپوکەو ئەو خاوەن زۆرن
برای موسڵمان…موسڵمان خۆرن!
با لە خوا پرسن!گەر دین ئەمەیە؟
گەپ و گەمەیە و زیانی مەیە
دنێ بەشی کورد بخاتە بن لیچ
سەد بار گەورە بێ نامەوێ وە هیچ
وەرامی بەهەشت زۆر باش دەزانی
خۆت خەڵکی چیاو دەشتی کوردانی
باس بکەی ئاو و هەوای کوردستان
کوڕ و کجی جوان پێ دەشت و کویستان
شینایی و کانی و باغات و میوە
پێت باوەڕ دەکەن بەهەشتت دیوە
دۆزەخیش وێنەی لە دنیا پڕە
چوڵی عارەبی گەرم و قاقڕە
هەژار