ئەمجارەیان وەک کرماشانییەک!

0
244

چەند رۆژێکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، باس باسی کۆنسێرت و گۆرانییەکەی هونەرمەندی گەورەی کورد شەهرام نازرییە و چەندین لێکدانەوەی باش و خراپی بۆ کراوە.
من پشتیگریی لەو کەسانە دەکەم کە بە باشیی و بە هەستێکی نەتەوەییەوە باسیان لەو هەنگاوەی نازریی کردووە و بە وەرچەرخانێکی گرینگ لە هەستی نەتەوەیی کرماشان بەگشتی و نازریی بەتایبەتییان ناوبردووە.
ئەوەندەی من سەرنجم داوە ئەوانەی بە رەخنە، توانج و گاڵتەپێکردن بەو هەنگاوە نەتەوەییەی شەهرام نازریی هەستاون، سەر بەو لایەنانەن کە چەندین دەیەیە خەبات لەپێناو کەمترین دەسکەوت بۆ کورد و زۆرترین سەر دانوواندن بۆ برا فارسەکانیان، دەکەن.
هێندێکیان دەڵێن نازریی تا دوێنێ بە فارسی گۆرانیی گوتووە، بەڵام ئەوەیان بیرچووەتەوە کە چەندین گۆرانیی بە کوردیی هەیە. ئەوەی گرینگە لێرەدا باسی دەکەم ئەوەیە کە ئەوانەی خۆیان بە پێشتازی خەبات لە رۆژهەلاتی کوردستان دەزانی، چییان کردووە بۆ کرماشان، چییان پێبووە بۆ وشیارکردنەوەی ئەو خەڵکەی کە بەهۆی ناوچەگەراییەکانی ئەوانەوە پشتگوێ خرابوون، هەرگیز توانیویانە بە و بە زبانیاندا هاتووە بە خەڵکی کرماشان بڵێن ئێوەش کوردن، کرماشان بەشێکە لە کوردستان و ئێمەش لەگەڵتانین؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ منی کرماشانی زۆر ئاسانە، حیزبە بەناو کۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەردەوامیی خەڵکی کرماشانیان چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە نێو ریزەکانیان پشتگوێ خستووە، تا ئێستا پووستێرێکیان نەگەیشتووەتە کرماشان، ئادەی بزانین ئەو حیزبانە چەندجار بە ئێمەیان گوتووە، ئێوە کوردن. هیچیەک لەوانە لەو حیزبانەدا نابینرێ و تەنیا شتێک کە دەبینرێ فارساندنی کرماشان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتییە، لەپێناو هێندێک دەسکەوتی بێ نرخ و پووچدا.
باشە ئێوە ئەگەر ئەوەشتان بۆ کرماشان نەکردووە، بۆ لێناگەڕێن خۆمان ئەوەی ئێوە بەسەرتان هێناوین، راستی بکەینەوە، بۆچی هونەرمەندێکی وەک نازری کە دەڵێ “من مناڵی کوردم، فارسی نییەزانم” بەکەم دەزانن و دوور لە رەوشتەکان گاڵتەی پێدەکەن، ئەگەر بۆتان حیساب بکەم، سەرکردەکانتان کە بە کوردییش قسە دەکەن سەدا 80ی هەر فارسییە، کە دەچنە کۆڕی برا فارسەکانتان، زبانی فارسی بە فەرمیی دەزانن و زبانی کوردی بە سووک و بێ بنەما.
ئێمە وەک ئێوە بیر ناکەینەوە، گاڵتە بە کەس ناکەین، ئەو هەنگاوانەی لە کرماشاندا بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی دەنرێن بەرز دەنرخێنین و پشتیوانیی لێدەکەین.
ئەوەندەی من دیومە، تاکە حیزب کە بێ جیاوازی و دوور لە ناوچەگەرایی، گرینگیی بە کرماشان دەدا، پارتی ئازادیی کوردستانە و دوایین بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو پەیامەی سەرۆکی PAK کە ئاڕاستەی شەهرام نازریی کردبوو.
فەریبورز کرماشانی