ئێران لە یارسان چی دەوێ؟

0
316

هاوار بازیان

لەگەڵ بچووكترین بێڕێزی بە یارسانەكان لە هەر شوێنێكی كوردستان، بەشێكی زۆری كورد یەكسەر هەست دەكات دەستیان بۆ ریشە و بناوانی نەتەوەكەی بردووە، بەڕاستی سەرچاوەی ئەو بێ رێزییانە چییە كە زۆربەیان لە كوردستانی ئێرانن؟ دەسەڵاتی ئێرانی بۆچی لەگەڵ یارسانان هەڵناكا؟ هەستی كوردان بەرامبەر یارسانەكان لەسەر كام ئەساس دەجووڵێ؟ باشە نەیارانی كورد بەئەنقەست یاریی بەو بەهایە دەكەن؟ مەگەر مەترسیی یارسان بۆ سەر فارسەكان چییە كەوا كەوتوونەتە بەر كینەی دەسەڵاتی ئاینی لە ئێران؟ مەسەلەكە هەر ئایینە، یان نەتەوەشی تێكەڵ بووە؟

ئایینی یارسان
یارسان یان ئەهلی هەق، یەكێكە لە ئایینە هەرەكۆنەكانی كورد كە پێڕەوانی باوەڕیان بەگەڕانی گیان و دۆنادۆن هەیە و “ئادەم و حەوا” لە پلەی هەرەبەرزی ئەو پرۆسەیەدان. رۆژهەڵاتناس و مێژوونووسان فەلسەفەی یارسان دەبەستنەوە بە ئایینە هەرەكۆنەكانی رۆژهەڵات، لەوانە میتراییزم و زەردەشتی و هیندۆكی.

یارسانەكان پێیان وایە خودا حەوت جار لە دنیادا دەردەكەوێ و خۆی دەنوێنێ و هەرجارە چوار فریشتە (یارانی چارمەلەك)ی لەگەڵایە و خودا لەگەڵ ئەوانا یەكێتیێكی تەواو و بێ كەم و كوڕی دروست دەكا، ئەوە كورتە و پوختەی ئایینی یارسانە!
یارسان لەبارەی ئایینەوە پەنای بۆ پیغەمبەرانی سەرجەم ئایینەكانی تری جوولەكە، كریستیانی و ئیسلامی بردووە. بەپێی شوێنی ژیانیان ئەوە بەناوەكانی تری وەك كاكەیی، قزڵباش، شەبەك و سارەلوو-ش ناوزەد دەكرێن. زۆرجاریش پێوەست كراونەتەوە بە “ئیمام عەلی” بۆیە بە “عەلی ئوڵڵاهی”یش دەناسرێن كە هەرچەندە ئەوەیان كاڵترە و بناخە رەسەنەكە بۆ “زەدەشت” و بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە، بەڵام حاشا ناكرێ كە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی، ئایینی یارسان دواجار كەوتووەتە ژێر كاریگەریی سۆفیزمی ئیسلامی و ئەو راستییەی لە دەیان و سەدان بەرهەمی ئەدەبیی یارسانەكاندا بەدی دەكرێ، بەڵام تا ئێستەش یارسان بەخۆی و نەتەوە و داب و نەریتەوە هەر بەڕەسەنی ماوەتەوە.

ئەدەبی یارسان

بناغەی ئەدەبی نووسراوی كوردی لەسەر دەستی شاعیر و ئەدیبانی یارسانەوە دەست پێدەكا. باباتاهیری عوریان (١٠١٠ز-٩٣٧ز) كە دەروازەی مێژووی ئەدەب و شیعری كوردە، خۆی و دەیان شاعیری دواتریشی هەر كوردەیارسان بوونە.

شیعرەكانیان رەنگدانەوەی تەواوی كولتور و مەزاجی كوردە هەر لە یەكتاپەرستی، بێنەوایی، وڵات و جوانپەرستی. كتێبی “سەرەنجام” كە پەرتووكی هەرەپیرۆزی یارسانەكانە، لێواولێوە لە داهێنان و وێنەی بەرزی ئەدەبی كە هەمووی هەر بەشیعر دانراوە، هەربۆیە لەزۆر سەرچاوەشدا وەك “سروودی ئایینی یارسان” ناوی هاتووە و بەپێی بەڵگەیەكی مێژوویی ڤلادیمیر مینۆرسكی (لێكۆڵەری رووسی)، لانیكەم ١٣ دووبەیتیی باباتاهیری كورد لەو كتێبەدا هاتووە.

جگە لەوەی سەرجەم پیری یارسانەكان خوێندەوار و زانا بوونە، هەر لە بالوول، بابا سەرهەنگ، بابا جەلیل، سەید براكە، پیری شالیار، شا خۆشێن و بابا ناووس و لە هەمووشیان گرینگتر سوڵتان سەهاك كە نووسەری كتێبی “سەرئەنجامە” كە هەموویان بە دیالێكتی شیرینی “گۆران”ـی وتراو و نووسراون. ئەو سەرمایە گەورەی كورد ئەمڕۆ زیاتر دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی كە بەهەموو شێوەیەكی وەك شەڕی تایبەت و رێگەخۆشكردن بۆ نەیارانی یارسان، شەڕی ئەو ئایینە كۆنەی كورد دەكا. نموونەی هەرەبەرچاویشی لە ساڵانی رابردوو و دوا نموونەی لە هەفتەی رابردوو پاش هەڵبژاردنەكانی ئێران بینرا كە ناڕەزایەتیی زۆری یارسانەكانی لێكەوتەوە، بەڵام خاڵە گرینگەكە كامەیە؟

كێشەی فارس لەگەڵ یارسان

جیا لەوەی یارسان كوردی رەسەنە، لە بواری ئاین و ئەدەبەوە هەمیشە وەك ركابەرێكی سەرسەختی فارس و دەسەڵاتدارانی ئێرانی لێكدراوەتەوە. لە بواری نەتەوەیییەوە لە ئێستەی ئێراندا، یارسانەكان تاكە پێكهاتەن كە هیچ جۆرە سازشێك لەسەر كوردبوون و پابەندبوونیان بە رەسەنایەتیی كوردی ناكەن و سوورن لەسەر بەها نەتەوەیی و ئەدەبییەكانیان. ئەو بەشە لە كوردان هێشتا بچووكترین نەریتی كوردانەی خۆیان بەرامبەر كولتووری زاڵی فارسیدا نەدۆڕاندووە، ئەوەش زیاتر هانی دەسەڵاتی ئێرانی دەدات بیر لە شكاندنی ئەو هێمایە بكاتەوە. ئەگەر فارس بە ئاشكرا دەست بۆ ئەدەبی كوردی دەبا و بانگەوازی ئەوە دەكا بۆ نموونە “باباتاهیر شاعیرێكی فارسە و لۆڕی و گۆرانی دوو زاراوەی كۆنی سەر بە فارسین” و بە گۆڕینی دەقە شیعرییەكانی ئەو شاعیرانە داگیریان دەكا، هاوكات هەوڵ دەدات بە سووكایەتیكردن بە نەریت و لایەنە رەسەنەكانی یارسان، ئەو بەشە لە كورد جیاواز لە نەتەوەكەی و دابڕاو لە هەمووان پیشانی بدا.

یارسان، ئاینێك كە زمانەكەی كوردییە، پێڕەوانی كورد بوونە و شوێنی رەسەنیان كوردستانە. ئەو سێ تایبەتمەندییە گرینگ و بەهێزە وایكردووە دەسەڵاتێكی ئایدیۆلۆژیی وەك كۆماری ئیسلامی زیاتر بەنهێنێ بەڵام بەردەوام خەریكی بنكۆڵكردنی ئەو بەها نەتەوەیی، ئاینی و ئەدەبییەی كورد بی. مەبەستێك كە ئەگەریش تا ئێستە تێیدا سەركەوتوو نەبووبێ، رۆژانە دەبینین یارسانەكان باج و ئازارێكی زۆری بۆ دەدەن، جگە لەوەی بەجیاش باجی كوردبوون هەر دەدەن.

سیستەمی كۆماری ئیسلامی چاوی لە توواندنەوە یان لانیكەم شووشتنەوەی یارسان بەرامبەر ئیسلامی شیعە و فارسی ئێرانیستە، بۆیە پەنا بۆ هەموو جۆرە سەركووتەكانی وەك سووكایەتیكردن بە داب و نەریتی پێڕەوانی ئەو ئایینە دەبا تا رێگری بكا لە ئازادیی ئایینی و دەست بۆ سەركووتی بیری تاك دەبا تا بەرەو تووانەوە بچێ. ئەوەش چەوساندنەوەیەكی دەوڵەتی فارسی ئێرانە بەرامبەر ئاین و نەتەوە و رەسەنییەك پێڕەوی دەكات كە بناخەكەی هەمان نەتەوەی كوردە.

hawar bazyan