ماوەیەک لەمەوبەر لە ماڵپەڕی روژھەڵات تایمز نووسینێکم بەرچاو کەوت لە ژێر سەردێری تراژیدیای بنەماڵەیەکی کرماشانی بەدەست کۆماری ئیسلامی، ئەو بابەتە هانی دام ئەم نووسینە لەو پێوەندییەدا بڵاو بکەمەوە.
لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا کەم نەبوون و کەم نین ئەو لاوە کوردانەی کەوتنە دوای هێندێک لایەنی نەکورد و ژیان و ماڵ و رەنجی خویان فیدای ھیچ کرد. رێکخراوی موجاھدینی گەلی ئێران جەریانێکە مەزھەبی کە بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی ئیسلامی لە سەر فکیر و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی شیعە و پاراستنی تەواوییەتی ئەرزی ئێران خەبات دەکا و لە راستیدا هیچ بڕوایەکی بە نەتەوەی کورد و مافە نەتەوەییەکانی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ نییە و مێژوویەکی خراپیشی لە پێوەندیی لەگەڵ پرسی کورد دا تۆمار کردووە. یەک لەو بنەماڵە کوردانەی کەوتە داوی ئەم جەریانەوە و سەرەنجام بە دەست دەوڵەتێکی فارسیی لە ناوچوو بنەماڵەی کەریم دایەری بوو. کەریم سەنجابی خەڵکی گوندی دایەر سەر بە پارێزگای کرماشان لە پەیرەوانی ئاینی یارسان و بە رەگەز کورد بوو. کەریم دایەری لە سەردەمی رێژیمی پێشوو بۆ پێگەیاندنی منداڵەکانی لە قوتابخانە، روو دەکاتە شاری قەسری شیرین و لەو شارە جێگیر دەبێ. کەریم دایەری لە وەرزی زستان لە شاری قەسری شیرین کرێکاری دەکات و بە ھاوینان بۆ کارووبارو و بەروبوومی وەرزێریی روو دەکاتەوە گوندەکەیان. منداڵەکانی کەریم، نەریمان، حەمید، حەیدەر و عەسکەر سەنجابی سەرقاڵی خوێندن دەبن و لە شاری قەسری شیرین لە باشترین قوتابیی ئەو شارە بوون. ئەم چوار کوڕە سەرەڕای سەرکەوتوویی لە خوێندن و قوتابخانەدا، خوشەویستی خەڵک بوون.

نەریمان کە کوڕی گەورەی بنەماڵەکە بوو لە کاتی راپەرینی گەلانی ئێران، وەک ئەندامی رێکخراوی موجاھدین دژ بە رێژیمی داگیرکەری شا چالاکی دەکرد و بە ھەموو توانای بۆ ئەو رێکخراوە تێدەکوشا. لەو کاتەدا کە رێکخراوی موجاھدین پەنای ھێنا بۆ خاکی کوردستان، نەریمانیش وەک موجاهدێ دژی دەوڵەتی مەلاکان دستی دایە چەک. زۆری نەخایاند لە لایەن موجاھدینەوە پلەی فەرماندەیی پێدرا .پاش ماوەیەک خەباتی چەکداری لە رێزی موجاھدین، لە شەرێکی دەستەویەخەدا لە داوێنی چیای بەموو گیانی بەخت کرد. کوڕی دووھەمی ئەوبنەماڵەیە کە ناوی حەمید بوو، بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خوی و بنەماڵەکەی کە بە ھوی شەڕی ئێران و ئێراق ئاوارە ببوون، روو لە شاری تاران دەکا و سەرقاڵی کرێکاری دەبێ. لە تاران لە لایەن سەربازانی ئیمامی زەمانەوە دەسبەسەر دەکرێ و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لێ دەستێنن. کوڕی سێھەم کە ناوی عەسکەر سەنجابی بوو و قوتابی دوا ساڵی قوناغی دەبیرستان بوو، ساڵی 1366 دەسبەسەر دەکرێ و ھەتا ئێستاش کەس لە چارەنووسی ئاگادار نییە. کوڕی چوارەمی کەریم دایەری، حەیدەر سەنجابی لە ترسی ئەوەی تووشی چارەنوسی براکانی نەبێ، روو دەکاتە ریزی رێکخراوی موجاھدین و دەبێتە ئەندامی ئەو رێکخراوە، بە داخەوە ئەویش لە رێکەوتی14.2.1380. لە گوندی کەڵانتەری سەر بە شاری قەسری شیرین، لەگەڵ 7 کەسی دیکە لە شەرێکی خوێناویدا گیانی بەخت دەکا.

ئەمجارەیان نۆرەی باوکیان دێ، کوماری ئیسلامی کەریم دایەری باوکیان دەسبەسەر دەکا و تۆمەتی پێوەندیی سیاسی ناوبراو بە کوڕەکانی و پەروەدە کردنیان دژی شۆرشی ئیسلامی دەخاتە پاڵی، بۆیە

ئەویش ئەشکەنجە دەدرێ و پاش ماوەیەک ئازادی دەکەن، بەڵام دواتر بە هۆی ئازار و ئاسەواری ئەشکەنجە گیانی لەدەس دەدا.

ئەم باهۆزە بنەماڵەی برای کەریم دایەریشی گرتەوە. کەریم دایەری تەنیا برایەکی ھەیە و ئەو برایەشی شەش کچ و تەنیا کوڕێکی هەبوو بە ناوی ئەکبەر کە دواتر ئەکبەریش بە تاوانی سیاسیی دەسبەسەر دەکرێ و حوکمی ئێعدامی پێدەدەن، بەڵام لە ئاکامی حەول و تەقالای بنەماڵەکەی دەتوانن دادگا بە بڕە پارەیەکی زۆر رازی بکەن و حوکمەکەی لە ئێعدامەوە بگۆڕن بە زیندانی هەتاهەتایی. پاش دە ساڵ زیندانی، ئەکبەر بە پێشنیاری بەرپرسی زیندانی دیزڵئاوا، سەنەدی مڵک و ماڵی باوکی وەک زەمانەت دادەنێ و بە نیازی پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی روو لە ماڵەوەیان دەکاتەوە، بەڵام ئەکبەر ون دەبێ و ناگەڕێتەوە ماڵی باوکی، لە بەرنبەر ئەوەشدا هەموو مڵک و ماڵی باوکی ئەکبەر لە بری کوڕەکەیان لە لایەن دەوڵەتی ئیمامی زەمانەوە زەوت دەکرێ. هەرچەندە قوربانییە زۆر و زەوەندەکانی ئەو بنەماڵەیە و وەزعی خراپیان بە گوێی بەرپرسانی موجاهدین گەیشتەوە، بەڵام ئەوانە جگە لە هێندیک قسەی بێناوەۆک و درووشمی شۆڕشگێرانە هیچی دیکەیان بۆ ئەو بنەماڵە لێقەوماوە پێ نەبووە.

ئەگەر ئەو بنەماڵەیە لە پێناو وڵاتی خویان و لە پێناو کورد و کوردستاندا تووشی کارەساتێکی وا بایەن، جگە لەوەی بۆ هەتا هەتاهەتایە لای نەتەوەکەیان سەربەرز و روسوور دەبوون، بەڵکوو لە لایەن هەموو کوردێکەوە پشتگیری دەکران و رێز لە خەبات و قوربانییەکانیان دەگیرا. من دڵنیام فارسێک نییە ئاگای لە دەردی ئەم بنەماڵەیە بێ، بەڵام ھەر کوردە ھەر کوردستانە خەم لە لێقەوماویی ئەم جۆرە کەسانە دەخوا کە قوربانی دەستی فارسەکانن. فارسی دەسەڵاتدار هەرگیز ئامادە نییە جینایەتەکانی بەرانبەر بە کوردێک قەبوڵ بکا و فارسی بێدەسڵاتیش هەرگیز ئامادە نییە بەرپرسیاریتی کوردێک بگرێتە ئەستۆ کە قوربانی لە پێناو ئەودا داوە. ئاواتەخوازم کە چارەنووسی بنەماڵەی دایەری ببێتە پەند و دەرس بۆ ھەموو کوڕە کوردێک، کە قەت رێگایەک نەگرێتەبەر، جگە لە ماڵوێرانی و رەنج بە خەساری هیچی دیکەی تیدا بەستە نەبێ

عەلی فازڵی کەواڵی

aks askar hamid 004aks askar hamid 003aks askar hamid 002aks askar hamid 001

Likes(1)Dislikes(0)