هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بانگەوازیی هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیای کرد، کە خۆیان لە هەڵسوکەوتی توند دووربگرن و بەگوێرەی یاسا چالاکی بکەن، هەروەها داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد، کە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەتاڵ بکاتەوە.

ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە لەبارەی هەڵوێستەکانی گەلی کورد لە ئەڵمانیا و هەڵسوکەوتی حکومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک و گەل کورد ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە دەستیپێکردووە: گەلی کورد هەمیشە پەنابەربووە، پەنابەرێتی گەلی کورد هۆکاریی ئابوریشی هەبووبێت، دیسانەوە ستەمی لێکراوە و فشار خراوەتە سەری، ئەو پەنابەرێتییە لە سەدەی ٢٠ەمدا بەهۆی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵاتە باڵادەستەکان گۆڕاوە بە کۆچبەری، بەتایبەتی دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات کوردستان چۆڵ بکات لە مرۆڤەکان، بەهۆی ئەو سیاسەتانەشییەوەیەتی کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی باکوری کوردستان لە شارە گەورەکانی تورکیا و وڵاتانی دیکە نیشتەجێ بوون.
کەجەکە ڕایگەیاند: نزیک بە یەک ملیۆن و نیو کورد لە ئەڵمانیا دەژین، بەشێک لەوان ١٩٦٠ چونەتە ئەڵمانیا، زۆربەشیان بەهۆی سیاسەتە قڕکەرەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئاوارەی ئەڵمانیا بوون، بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانی ٧٠کانی دەوڵەتی تورک لە مەرعەش، ئێستا ٩٠٪ خەڵکی کوردی ڕۆژهەڵاتی فورات لە شارە گەورەکانی تورکیا و ئەوروپا دەژین، ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک لە ٨٠ کان و ٩٠ کانیشدا بەردەوامی هەبووە و گوندەکانی خەڵکی کوردیان سووتاند و چۆڵیان کردن، هەزاران مرۆڤ بەبێ هۆکار کوژران، سەدان هەزار ئاوارەبوون و دەیان هەزاری دیکەش بەدیل گیران، دەوڵەتی تورک هەموو ئەو تاوانانەی ئەنجام دا بۆ ئەوەی کوردستان لە مرۆڤەکان چۆڵ بکات.

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە: دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٤ وە، شەڕی قڕکەری لەدژی شەنگال، باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، لە هاوینی ٢٠١٤ دا بە زیندانکردنی سەدان هەزار کورد و کوشتاری هەزارانی دیکە ئامادەکاریی کرد بۆ ئەو پرۆژەیەی، دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بڕیاری شەڕی لەناوبردنی لەدژی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردی دەرکرد، ڕێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەکەمان بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەو شەڕە قورسی پێشنیاری ئاشتیانەیان خستە سەر مێزی گۆفتوگۆ، بەڵام قبوڵیان نەکرد و گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆیان قورسترکردەوە، لە ٧ی حوزەیران دا لەدژی ئیرادەی دیموکراتی گەلی کورد جوڵانەوە و لە ٢٤ی حوزەیران دا واتە لە ساڵیادی بەستنی پەیمانی لۆزانی شەڕی قڕکەری لەدژی گەلەکەمان دەستپێکرد، سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژران، سیاسەتمەدارە کوردەکان دەستگیرکران، هاوڵاتیان سووتێندران، لەم کۆتاییانەدا لە داگیرکردنی شاری عەفریندا تانکی ئەڵمانی بەکارهێندرا، هەروەها فشارەکان بۆسەر هێزە دیموکراسیخوازە کوردەکان لە ناوخۆی تورکیا زیادیان کرد.

لە بەردەوامیدا بەم شێوەیە بانگەوازیی حوکمەتی ئەڵمانیا کراوە: بێگومان حکومەتی ئەڵمانیا وەکچۆن بە حورمەتەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەڵمانیا دەکات، دەبێت هەر بەو شێوەیەش لەگەڵ گەلی کورد بجووڵێتەوە، قەدەغەکردنی سیمبۆلەکانی یەپەگە و یەپەژە لە ئەڵمانیا لەسەر داوکاریی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێک نییە کە قبوڵ بکرێت، لەلایەکی دیکەوە هێرشی پۆلیسی تورک بۆ سەر چالاکییەکانی گەنجان لە ئەڵمانیا بە واتای قبوڵکردنی کردەوەکانی فاشیزمی ئاکەپە لە دژی گەلی کوردە، حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە ١٥٠ ساڵە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ تورکیا، بۆیەشە لە ڕووی ئابوری و سیاسییەوە پشتگیریی سیاسەتە قڕکەرەکانی دەوڵتی تورک لەدژی گەلی کورد دەکات، لە کاتێکدا کە پاش کودەتای ١٥ی تەموز هەموو هەوڵێک لەدژی هێزە دیموکراسیخوازەکانی گەلی کورد درا، هەروەها پاش ڕیفراندۆمی ناڕەوای ٢٤ی حەزەیران، دەوڵەتی ئەڵمانیا هەروا پشتگیریی تورکیا دەکات، ئەو کارەی ئەڵمانیا جۆرێکە لە هاندنانی دەوڵەتی تورک بۆ دژایەتیی گەلی کورد، بەم شێوەیەش دەبێت هاوبەشی تاوانەکانی تورکیا.

کەجەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: ئەڵمانیا پشتگیریی ئەردۆغان لەدژی گەلی کورد دەکات، گەلی کورد ئەوە قبوڵ ناکات، گەلی کورد لە ئەڵمانیا و هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانی ئەوروپا لەدژی ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتی ئەڵمانیا دەوەستنەوە، ئێمە بانگەوازیی حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین، کە بەمەبەستی خاوەنداریکردن لە مێژووی درێژی ئەڵمانییەکان بۆ دیموکراسی سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەتاڵ بکاتەوە، هەروەها داوادەکەین کە داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دژایەتیی کورد ڕەتبکرێنەوە و بەو شێوویە خاوەنداری بکرێت لە بەها دیموکراتییەکان.

Likes(1)Dislikes(0)