نووسینی سۆران حەمەڕەش

وەک مێژوونووسوسێک، هەندێک بابەت لەسەر گەڕاندنەوەی نەتەوە و خەڵکی تر بەزۆر بۆ کورد، دەبنە مایەی بێزاری بۆم و پێم وایە زۆرینەی ئەو بابەتانە هیچ خزمەتێک بە مێژووی کورد و کوردستان ناگەیەنن. بەڵام لە حاڵەتی کرواتدا، ئەوە کورد نیە دەڵێت ئەوان بنەچەیەکی کوردی یان بە ناو ئێرانیان هەیە، بەڵکو کرواتەکانن کە سەرقاڵی ئەو بابەتەن. تەنانەت چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆمەڵێک لە ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕوویان کردبووە کرواتیا، لەوێ هەندێک لە کرواتیە دەسەڵاتدارەکانی ئەو وڵاتە پێیان گوتبوون کە ئەوان بنەچەیان کوردیە و لە کوردستانەوە ڕوویان کردۆتە ئەو ناوچەیە. ئەو بابەتە ئەو کاتە بۆ ماوەیەک لە میدیای کوردیدا باسکرا و زیاتر وەک قسە و قسەڵۆک مامەڵەی لەگەڵدا کرا. لەو ساتەوە چەند جارێک ئەو پرسیارەم ئاڕاستە کراوە کە ئایا ئەو بۆچوونەی کرواتیەکان تا چ ڕادەیەک ڕاستیەکی مێژووییی لە پشتەوە هەیە؟

بۆ ئەوەی کە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێت بزانین کرواتەکان کێن و چۆن ئەو بۆچوونەیان لەلا گەڵاڵە بووە.

کرواتیەکان خەڵکانێکن بە زمانی کرواتی قسە دەکەن. ئەو زمانە سەر بە لقی سلاڤیە کە لە خێزانی هیندۆئەوروپیە. ئەم لقە زمانی ڕوسی، بولگاری، پۆڵەندی، سربی، سلۆڤاکی و چەند زمانێکی تر دەگرێتەوە. وڵاتی کرواتەکان بە درێژایی مێژووی ئاینی کریستیانی، کەوتۆتە نێوان کێشمەکێشی مەزهەبی کاسۆلیکی و ئەرزۆزۆکسەوە، بەڵام لە ناو ئەو کێشمەکێشەدا ئەوان پەیڕەوی مەزهەبی کاسۆلیکی کریستیانی دەکەن سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لە نەتەوەکانی دەوروبەریان ئەرسۆزۆکسن بەتایبەت نەیارەکانیان کە سربەکانن.

لە سەدەی نۆیەمی زایینیەوە دەسەڵاتی کرواتەکان لە وڵاتی کرواتیا دەرکەوتووە و هەندێک جار کاریگەری هەنگاریای دێرین و نەمسا و دواتر لە سەدەی پانزەیەمی زایینەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی عوسمانیەکانەوە. بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کرواتیا بووەتە بەشێک لە یۆگۆسلاڤیا کە نەتەوەی سرب تێیدا دەسەڵاتدار بووە کەززمانەکەیان سەر بە لقی سلاڤەکانە. پێشتر لە سەدەی حەوتەمی زاینیەوە سلاڤەکان ڕوویان کردۆتە ناوچەی بەڵکان و کرواتیاش وەک بەشێک لە بەڵکان، کەوتۆتە بەر کۆچی مەزنی سلاڤەکان کە ئەمڕۆ خەڵکانی وەک سرب، بولگاری، سلۆڤینی، ماسیدۆنی… پێکهێناوە. وەک هەموو نەتەوەیەکی تر، کرواتەکان دەخوازن لە ڕێگای مێژووەوە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەستنیشان بکەن. لەو دەستنیشان کردنەدا زۆر جار لە ژێر کاریگەری هەوڵی خۆجوداکردنەوە لە نەتەوەکانی دەروبەر، بە تایبەت سربیەکان کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە باڵادەست بوون لە ناوچەکەدا، بۆچوونەکانیان دادەڕێژن. هەندێک لە لێکۆڵەرە کرواتەکان پێیان وایە کە ئەوان هەرچەندە زمانەکەیان ئەمڕۆ سلاڤیە، بەڵام لە بنەڕەتدا سلاڤی نەبووە و ووردە ووردە زمانەکەی خۆیان لەیاد کردووە و ئەمڕۆ بە سلاڤی قسە دەکەن، بەڵام خۆیان لە ناوچەکانی بەناو ئێران و کوردستانەوە هاتوونەتەوە ناوچەکە و زمانەکەیان لە بنەچەدا نزیک بووە لە زمانی ناوچەکانی کوردستان و ئێران.

ئەم بابەتە لە ناو کرواتەکاندا بابەتێکی دێرینە و پێشینەی هەیە. تیۆریەکە سەرەتا لە ساڵی ١٧٩٧ ز دا لە دکتۆرانامەی لێکۆلەرێکی کرواتیدا دەرکەوتووە بە ناوی جۆزیپ میکۆسزی بلومێنساڵ. ئەو تێزە لە ژێر ناونیشانی ” کرواتیەکان کە سەر بە گروپی سلاڤین ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ سەرمەتیەکان کە لە بنەچەدا میدی بوون”. ئەو لێکۆڵەرە دەیەوێت بڵێت کە کرواتەکان هەرچەندە سەر بە گروپی سلاڤین بەڵام لە بنەچەدا لە سەرمەتیەکانەوە هاتوون کە ئەوانیش بنەچەیان میدی بووە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە لە ساڵی ١٩١٨ وە و دوای دروستبوونی دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیا، ئەو دکتۆرانامەیە لەناوبراوە. ئەمڕۆ زۆر لە کرواتیەکان پێیان وایە کە ناسیۆناڵیستە سلاڤیەکان کە لە یۆگۆسلاڤیادا باڵادەست بوون، ئەوەیان کردووە بۆ بزرکردنی ئەو ڕابردووە مێژووییەی کرواتیەکان. لە حەفتا ساڵی دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیادا بە هیچ شێوەیک ڕێ بە نووسین سەبارەت تیۆری بنەچە کورد/ئێرانی/ئیندۆئێرانی کرواتەکان نەدراوە و خەڵک لەسەر نووسین لەسەر ئەو بابەتە زیندان کراون. کە ئەوە لە ناوبردنی دکتۆراکە دەخاتە جێی گومانەوە و پێدەچێت هەر کاری دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیا بووبێت.

بەو جۆرە لەو ساتەوە ئەم تیۆریە لە ناو کرواتەکاندا باسکراوە و زۆر بە جدی وەردەگیراوە، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٩١ و سەربەخۆیی ئەو وڵاتەوە، ئەو تیۆریە دەرفەتی بۆ کراوەتەوە و دیسانەوە بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر کەوتۆتە ناو ناوەندە زانستیەکانەوە. لە ئەنجامدا هەندێک لە لێکۆڵەرە کرواتیەکان لێکۆڵینەوەی جدی نوێیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە. لێکۆڵەرە کرواتیەکان چەندین نموونەی زمانەوانی دەهێننەوە کە زمانی ڕەسەنی کرواتی سلاڤی نەبووە و زیاتر لە زمانە بە ناو ئێرانیەکانەوە نزیک بووە. هێندە ئەو بابەتە لەو وڵاتەدا گەرم بووە، بە جۆرێک ئەو لێکۆڵینەوانە کاریگەریان لەسەر خەڵکی ئاسایی کرواتی داناوە و خەڵکی ئاسایی زۆر جار دەڵێن کە ئێمە لە کوردستانەوە هاتووین وکوردستان بە شێوەی جیاواز باس دەکەن. تەنانەت یەکێک لە گۆرانی بێژە هەرە بەناوبانگە کرواتیەکان بە ناوی دارکۆ ڕۆندێک، گۆرانیەکی بۆ کوردستان و کوردە ئاوارەکان گوتووە کە وڵات بەجێدەهێڵن. 

soran hama rash

Likes(1)Dislikes(0)