لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بەکارهێنانی هێز بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شەنگال، کاردانەوەی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، نووسەرێکیش پێیوایە، کە تورکیا دەیەوێت پیلانی گواستنەوەی شەڕ بۆ شەنگال لە ڕێگای پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق-ەوە جێبەجێ بکات.
نێچیرڤان بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سایتی ئەلمۆنیتۆر، باسی لەوە کردووە، کە لە ئەگەری نەکشانەوە پەکەکە لە شەنگال هێز بەکار دێنین، ئەو لێدوانەی بارزانی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەو چوارچێویەدا، ڕابەر ڕەشید  نووسەر و ڕۆژنامەنووس، بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:”ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی ئاگری شەڕی براکوژی خۆش دەکات، لەکاتێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مامی نێچیرڤان و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری یەکێتی شەڕی براکوژیان حەرام کردووە”.
ڕابەر ڕەشید، وتیشی:”پارتی لە ژێر فشاردا دەیەوێت دیسان خوێنی کورد بڕێژن، ئەو قسانە خزمەت بە تورکیا و ئاکەپە و ئەردۆغان دەکات، لەکاتێکدا پەکەکە شەنگالی پاراست و ڕۆڵی گرنگ و گەوەرەی هەبوو لە پاراستن و ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لەو ناوچەیەدا”.
ئەو نووسەرە، ئاماژەی بەوەشکرد:”ئەو قسانەی نێچیرڤان ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە پیلانێکی مەترسیدار بەرامبەر کورد لە لایەن تورکیاوە لە ئارادایە، سێ کوچکەی پیلانکەش باکور و ڕۆژئاوا و باشور دەگرێتەوە”.
ناوبراو، ڕوونیکردەوە:”تورکیا ڕاستەوخۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد دەدات، بۆ ئەوەش کاری زۆری کردووە، هەروەها لە باکور هەڵمەتی  ڕەشبگیری کوردی دەستپێکردووە، چەندین پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی هاوسەرۆکانی هەدەپەی دەسگیرکردووە، ئێستاکەش پیلانی هەیە کە شەڕ بگوازێتەوە بۆ شەنگال، دەیەوێت ئەم پیلانەشی لە ڕێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە جێ بەجێبکات”.
ڕابەر ڕەشید، بەپێویستی دەزانێت، کە گەلی کورد لەم دۆخە هەستیارەدا  زۆر بەباشی مامەڵە بکات و تی:” دوژمنانی کورد هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد، بۆ ئەمەش کورد پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە تا سەرجەم لایەنە کوردییەکان کۆ بکاتەوە و کۆدەنگی بۆ کورد دورست بکات”.

Likes(0)Dislikes(0)