سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو هێزە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردە سەر گوندی جلیزی لە پارێزگای ئیلام و زیاتر لە ٥٠ کەسیان دەستگیر کرد، چوار ژن لە دەستگیرکراوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕەوانەی زیندانی ئیلام کران.
هەفتەی ڕابردوو خەڵکی گوندی جلیزی لە کاتێکدا کە سەرقاڵ بە کارکردن بوون لە کێڵگەکانیاندا، لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە کرانە ئامانجی هێرشێکی چەکداریی، ئەو هێزانە لە خەڵکیان دا و بەتایبەتی بێڕێزییان بە ژنەجوتیارانی ئەو گوندە کرد و دەستگیریان کردن.

ئەو هێزە سەربازییانە بەو بانگەشەیەوە کە ئەو کێڵگەکانی خەڵک، هی کۆمپانیای “ئێتکا”ی ئەرتەشە هێرشیان کردبووە سەر کێڵگەکانی خەڵک، لە کاتێکدا کە خەڵک دەیان ساڵە لە سەر ئەو کێڵگانە کاردەکەن.

ئەو هاوڵاتیانە دەڵێن، کە ئێتکا بە نیازی داگیرکردنی کێڵگەکانیان لە ڕێگای هێزە سەربازییەکانەوە هێرشی کردووەتە سەریان.

هەر لە ڕۆژی هێرشەکەدا زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی ئەو گوندە دەستگیرکران و پاشان بۆ ماوەی ڕۆژێک گوندەکە گەمارۆدرا.

تا ئەو شوێنەی ڕوونکراوەتەوە، ژمارەیەک لەوانەی دەستگیرکران بە دانانی بارمتە ئازادکران، ئەوانی دیکەش هێشتا لە زینداندا ماون.

چوار ژنەجوتیاری دەستگیرکراو بە ناوەکانی تەرفایە جلیزی، حەسەنە جلیزی، حەمیدە سەرحی جلیزی و حەمیدە چەعباوی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری ئیلام کراون.

س.رۆژنیوز

Likes(0)Dislikes(0)