هاوسەرۆکی پژاک، دەڵێت، کە نابێت چیدی لە باشوری کوردستان ڕێگا بدرێت بە گەندەڵەکان یاری بە چارەنووسی گەل بکەن و، دەشڵێت: نابێت ڕێگا بە پرۆژەکانی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق بدرێت، چونکە بە گەرمیان و کەرکوک ڕازی نابن.
سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوار، کە ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە، باس  لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشوری کوردستان دەکات و تیشکیش دەخاتەسەر دەست لە کارکیشانەوەکەی بارزانی

سیامەند موعینی ڕایگەیاند: هێرش و سیاسەتێک کە حەشدی شەعبی گرتوویەتییە بەر پیشانی دەدا، کە ڤێرژنێکی نوێی داعش هاتووەتە ئاراوە، حەشدی شەعبی هەمان سیاسەت بۆ شیعەکان دەباتە پێشەوە، کە داعش بۆ سەلەفییەت دەیکرد، ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییانە ئەنجامی سیاسەتی ٢٦ ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی سیاسەتی پارچەکردنی خاکی کوردستان لە ناو خۆدا هەر ئەوەی لێدەکەوێتەوە، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی حکومەتی هەرێم بەشێکی بەرچاوی خاکی باشوری کوردستان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کرا.

لە بارەی پرۆژەی حەشدی شەعبیشەوە، موعینی وتی: پرۆژەی ئێران تەنیا تایبەت نییە بە کەرکوک و گەرمیان، بەم ناوچانە سنووردارنابێتەوە، موسڵ و شەنگال و مەخمور و ڕۆژئاواش لەناو ئەو پرۆژەیەدا هەن، ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە، پێویستە لە ئێستاوە پێش ئەوەی ئەو سیاسەتەی ئێران سەربگرێت ڕێگری لێ بکرێت.

لە بەردەوامی قسەکانیدا، وتی: لە بنەمای حکومەت و دەسەڵاتداریی باشوری کوردستاندا هیچ بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی لە ئارادا نییە، هەر ئەو دەوڵەتانەی تا دوێنێ هاوکاریی باشوری کوردستانیان دەکرد ئەمڕۆ خاکەکەیان داگیرکردووە، ئەو تێکشکانەی ئێستا گەلانی ناوچەکە تووشی بوون دەرئەنجامی سیاسەتی نەژادپەرستییە کە پێێش خراوە.

لە بەشێکی دیکەشدا، هاوسەرۆکی پژاک دەڵێت: سیاسەتی کلاسیک باشوری کوردستانی لە ناو برد، پێویستە گەلی کورد ڕوو وەرچرخێنن لەو سیاسەتە، چونکە مێژووی گەلی کورد پڕە لە شکستهێنانی ئەو سیاسەتە کلاسیکە.

لەبارەی دەست لە کار کێشانەوەی مەسعود بارزانیەوە، موعینی وتی: مەسعود بارزانی لەبەر ئەوەی چیدی حەزی لە کورسی سەرکایەتی نەمابوو دەستی لە کار نەکێشایەوە، بەڵکو بەهۆی فشارە ناوخۆکانەوە کە لە بەر شکستی پرۆژەکەی سەریان هەڵدابوو دەستی لە کارکێشایەوە، دەست لە کارکێشانەوەشی بەواتای بەردەوام نەبوون لە سەر سیاسەتەکانی نییە، چونکە بەرژەوەندی زۆر گرنگی لەو سیاستکردنەدا هەیە، هەم بەرژەوەندی سیاسی و هەم بەرژەوەندی ئابوری.

ئەوەشی وت: گەلی کورد لە باشوری کوردستان نابێت ڕێگا بدەنە حکومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە دەسەڵاتداری و سنوورەکانی ڕابردووی، نابێت رێگابدەن کە جارێکی دیکە ئەو دەسەڵاتدارییەی پێشوی باشوری کوردستان بژێتەوە، پێویستە کاریگەریی ئێران لە سەر باشوری کوردستان سنوورداربکرێتەوە، ئێران وا خەریکە بە گوێرەی ئارەزووی خۆی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی و ئابوری بە سەر باشوری کوردستاندا دەسەپێنێت.

لە کۆتاییشدا وتی: پێویستە لە بەرامبەر گەندەڵی و دزییەک کە لە گەلی باشوری کوردستان دەکرێت یەکگرتووییەک پێکبێت، کورد لە ئێستادا پێویستی بە سیاسەتێکی نەتەوەیی بەهێز هەیە، نابێت ڕێگا بدرێت بە دزەکان و گەندەڵەکان کە چیدی یاری بە چارەنووسی گەلێک بکەن، پێویستە هێزە دیموکراسیخوازەکان لە دەوری یەکدی کۆببنەوە و رێگا بە دووبارەبوونەوەی دەسەڵاتدارییەکی پێشوو نەدەن.

Likes(1)Dislikes(0)