20 حزب و رێكخراوی وڵاتی نه‌رویج بۆ ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باشور و باكوری كوردستان بانگه‌وازێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و تێیدا ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

بانگه‌وازه‌كه‌ به‌ چه‌ند زمانێكی جیاوز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌, ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌كانی رژێمی توركیا كراوه‌ بۆ سه‌ر دێهاته‌كانی كوردستانی باشوور، كه‌ژماره‌ك هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی و به‌ هه‌زاران كه‌س ئاواره‌بوون و به‌ ده‌یان گوندیش چۆڵكراون.
جگه‌ له‌مانه‌ش ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی كشتوكاڵی و مه‌ڕوماڵات به‌ر بۆردومانه‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌كانی كه‌وتوون، هه‌روه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌شدا هاتووه‌ كه‌ تا ئێستا توركیا هێرشیكی ئه‌وتۆی نه‌كردۆته‌ سه‌ر داعش، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕی داعشی كردۆته‌ بیانوو بۆ هێڕشكردنه‌ سه‌ر كورد، ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ داواش له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپاو حكومه‌تی نه‌رویج ده‌كه‌ن كه‌ توانا سیاسی و دیپلۆماسیه‌كانی خۆیان به‌ فشارخستنه‌ سه‌ر توركیا بخاته‌ گه‌ڕو سنورێك بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌ی توركیا دابنرێت.

ده‌قی بانگه‌وازه‌كه‌…
هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كوردستان راگرن
له‌ رۆژی 24ی ته‌مموزه‌وه‌ توركیا به‌ به‌رده‌وامی ناوچه‌ سڤیلنشینه‌كانی كوردستانی عیراق و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان- په‌كه‌كه‌ بۆدرومان ئه‌كات. زیاتر له‌ 60 فڕۆكه‌ی ف16 و ف4 زۆر ناوچه‌یان به‌ ئامانج گرتووه‌و به‌ خه‌ستی بۆدروماننیان ئه‌كه‌ن. به‌ هۆی ئه‌م ستراتیژیه‌ سه‌ربازیه‌وه‌ ژماره‌ك هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی. به‌ هه‌زاران كه‌س ئاواره‌بوون و به‌ ده‌یان گوندیش چۆڵكراون. جگه‌ له‌مانه‌ش ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی كشتوكاڵی و مه‌ڕوماڵات به‌ر بۆردومانه‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌كانی كه‌وتوون.
سه‌رۆكی توركیا ئه‌ردۆگان و سه‌ره‌كوه‌زیران داودئۆغلو به‌ راشكاوی رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ بۆردومانه‌كان ناوه‌ستێنن و به‌رده‌وامی پێئه‌ده‌ن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وا ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ توركیا بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به‌ هێڕشكردنه‌ سه‌ر داعش نادات. له‌راستیشدا تا ئێستا توركیا هێرشیكی ئه‌وتۆی نه‌كردۆته‌ سه‌ر داعش. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕی داعشی كردۆته‌ بیانو بۆ هێڕشكردنه‌ سه‌ر كورد.
دوای ئه‌وه‌ی رای گشتی جیهانی دژی تیرۆریزمی داعشی به‌ جدی هاته‌ ده‌نگ و چه‌ندین به‌ڵگه‌ش سه‌باره‌ت به‌ تێوه‌گلانی سه‌ربازی و ئابووری و لۆجیستیی توركیا له‌ هاریكاریی داعش ئاشكرابوون، توركیا ناچاربوو بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی جیهانی بڕیاری به‌شداریكردن له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش بدات، به‌ڵام له‌ ژێر ئه‌و په‌رده‌یه‌دا هێرشێكی به‌رفراوانی بۆسه‌ر كورد و ناوچه‌ كوردستانیه‌كان و هێزه‌ كوردیه‌كانی دژ به‌ داعش ده‌ستپێكرد. ئه‌وه‌ی دیاره‌ تا ئێستاش هێرشی توركیا بۆسه‌ر داعش زۆر سنوورداره‌و له‌ بۆردومانكردنی چه‌ند ئه‌مبارێكی ته‌قه‌مه‌نی تێپه‌ڕ ناكات.
ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ ئامانج له‌هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كوردستان ته‌نیا هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ نیه‌، به‌ڵكو خه‌ڵكی كوردستان ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌ گشتی. ئه‌م هێرشانه‌ی توركیا له‌ژێر پاساوی ئه‌وه‌دا ئه‌كرێت كه‌ هاوپه‌یمانانی توركیا راینگه‌یاندووه‌ كه‌ توركیا مافی خۆیه‌تی به‌گری له‌خۆی بكات له‌به‌رامه‌به‌ر تیرۆردا. له‌راستیدا هێرشی توركیا بۆسه‌ر خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان و كوشتنیان و كاولكردنی كوردستان جگه‌ له‌ تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی شتێكی تر نیه‌.
له‌م دۆخه‌دا خه‌ڵكی كوردستان جاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كێتی ئه‌وروپا ولاتانی تر بێده‌نگ نه‌بن و هه‌ڵوێستی جدی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ی توكیادا بگرن.
ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رانی پارت و رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان له‌ وڵاتی نه‌رویج و وه‌ك هاوولاتی نه‌رویجی داواكارین له‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی نه‌رویج كه‌ توانا سیاسی و دیپلۆماسیه‌كانی خۆی به‌ فشارخستنه‌ سه‌ر توركیا بخاته‌ گه‌ڕو سنوورێك بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌ی توركیا دابنرێت. داواكارین كه‌:
1. به‌ زووترین كات توركیا هێرشه‌كانی بۆسه‌ر كوردستانی عێرا ق رابگرێت.
2. توركیا په‌لاماردان و گرتنی چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ناوخۆی توركیا رابگرێت و گیراوه‌كان ئازادبكرێن.
3. داوا له‌ توركیا بكرێت له‌ جیاتی هێرشكردن بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان، راستگۆیانه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ستپێبكاته‌وه‌و بیر له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ بكاته‌وه‌.
4. رێكخراوو ناوه‌نده‌ دیموكراتیك، مرۆڤدۆست و ئازادیخوازه‌كان له‌ دژی سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌ی ده‌وله‌ه‌تی توركیا هه‌ڵوێست بگرن و ره‌فتاری سه‌ركوتكه‌رانه‌ی توركیا له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رجه‌م ئازادیخوازانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا ئیدانه‌ بكه‌ن.
اوی حزب و رێكخراوه‌كان…
1. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
2. یه‌كگتووی ئیسلامی كوردستان.
3. پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك/ په‌یه‌ده‌
4. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
5. حزبی شیوعی كوردستان
6. كۆمه‌ڵه‌ ( رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران )
7. سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران
8. پارتی ئازادی كوردستان
9. رێكخراوی یاری كورد- یارسان
10. پارتی كرێكارانی كوردستان-پكك
11. پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
12. پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك
13. كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان-كنك
14. كۆمه‌ڵگه‌ی ژنانی ئازادی رۆژهه‌لات
Solidaritet med Kurdistan 15. سۆلیداریتی له‌گه‌ڵ كوردستان
16. رێكخراوی سه‌وزی ئه‌وروپی كوردستانی
17. رێكخراوی چاك
18. رێكخراوی گه‌شه‌
Kurdistan Humanitære og nødhjelps Organisasjon .19
– 20- رێكخراوی نه‌رویج گه‌نجانی كورد

نوێنه‌رایه‌تی پارت و رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان له‌ نه‌رویج
02.08.2015 ئۆسلۆ
MINOLTA DIGITAL CAMERA

Likes(0)Dislikes(0)