لە پێناو هەماهەنگی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پژاک لە ڕاگەیەندراوێکدا ١٠ خاڵی دەست نیشان کردوە،

0
157
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، بەمەبەستی هەنگاونان بۆ هەماهەنگی سیاسیی لەنێوان حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ١٠ خاڵی ئاراستەی ڕایگشتی و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

پاش ئەوەی کۆدار و پژاک نەخشەڕێگای هاوبەش بۆ چارەسەریی کێشەکان و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بڵاوکردەوە، ڕاگەیەندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازیی ڕۆشنبیران و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد، کە بە شێوازی پلورالیستی و هەرەوەزی چارەنووسی کۆمەڵگاکەیان  بەدەستەوە بگرن.

پژاک لە خاڵەکانی ڕاگەیەندراوەکەیدا، جەختی کردووەتە سەر یەکێتی نەتەوەیی و نەهێشتنی ناکۆکی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەنگاونان لە ڕێگای دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕێکخراوترین پێکهاتەیە و حزبەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی ئێران پێویستیان بە ئەزمونی گەلی کورد هەیە، بۆ ئەوەی کورد لەو ململانێیەدا خاوەن ڕۆڵ بێت دەبێت بەرەیەکی نەتەوەیی هەبێت، ئەگینا تەنیا دەبنە لایەنێکی جێبەجێکار و ئۆبجێکتێک بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەونای دیکە.

ڕاگەیەندراوەکەی پژاک لە ١٠ خاڵ هاتووە، کە بریتین لە:

١- پێکهێنانی کۆمیسیۆنی هاوبەش بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان و حزبە کوردییەکان که تێیدا ڕۆڵی سەرەکی به ڕووناکبیران و ئاکادمیسیەنەکان درابێت.

٢- پێکهێنانی مەجلیسی نەتەویی و دموکراتیک و فەراحزبی (سەرەوەی حزبی) بە بەشداری نوێنەرانی حزبەکان و کەسانی ناحزبی، رێکخراوە مەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری هەڵسوکەوتی حزبەکان دەبێت، که هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە بەرامبەریدا وەڵامدەر بن.

٣- پێکهێنانی هێزێکی سەربازی و ئارتەشی (سوپای) نەتەویی و هاوبەش لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوا.

٤- پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازی وەڵامدەر به مەجلیسی نەتەوەیی و دمۆکڕاتیک.

٥- پێکهێنانی ئەنجومەنی دیپلۆماتیکی هاوبەش، بۆ نوێنەرایەتیکردنی کوردان لە کۆڕبەندی جیهانی و هەرێمی، لەژێر چاودێری مەجلسی نەتەویی و دمۆکراتیک.

٦- پێکهێنانی میدیا و تەلەفزیۆنی هاوبەش بۆ بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی مەجلیسی نەتەویی لە ئاستی کوردستان و ئێران.

۷– پێکهێنانی ناوەندێکی لێکۆڵێنەوەی ستراتژیی کوردستان لە ئەوروپا بە بەشداری کوردانی تاراوگە و لێکۆڵەرانی ناوخۆیی بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ مەجلیسی نەتەویی، حزبەکان و ڕێکخستنە سیاسییەکان.

۸– پێکهێنانی ناوەندێک بۆ ڕێکخستنی چالاکییە هاوبەشەکان وەک کۆنفرانسەکان، ‘کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، مانگرتنی کرێکاری و نافەرمانی مەدەنی’ بۆ هاوئاهەنگی کۆمەڵگا‌ی رۆژهەڵاتی کوردستان.

۹– پێکهێنانی دامەزراوە و ڕێکخستنی فەراحزبیی (سەرەوەی حزبیی) تایبەت به ژنان لەسەر بنەمای خەسارناسی و چارەسەری کێشەکانی بواری ژنان بە جەختکردنەوە لە بڕیاردانی هاوبەش و پراکتیکی تەریب لە پێناو چارەسەری قەیرانی کۆمەڵگا‌ی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

۱۰– پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ ئەوەی چالاکانە و ڕۆژانە چاودێری دۆخی زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێکۆشان بۆ ئازادی هەموو زیندانیانی سیاسی بکات.

س.روژنیوز