پێشمەرگەی دێرین و نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری نێوداری كورد فەلەكەدین كاكەیی، ئەمڕۆ کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ لە پیرمام كۆچی دواییكرد.

فەلەكەدین كاكەیی لەدایكبووی ساڵی 1943ی شاری كەركووك بوو. یەكێكبوو لە ئەندامانی بنەماڵەی سەید و شێخەكانی كاكەیی . لە سەرەتادا وەك كەسێكی چەپی كورد دەستی بە نووسین و كاری سیاسی كردووە لەگەڵ چالاكڤانانی سیاسیی عەرەبی عێراقیدا . دواتر لە رۆژنامەی (التاخی)ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە زیندانەوە گۆشەیەكی بەناوی (حەجەلییات)ەوە نووسیوە بەناوی خوازراوی (حەلاج)ەوە، لەسەر ژیانی كرێكاران و كێشەی كوردی نووسیوە.

بەشداری لەكاروباری راگەیاندندا كردووە لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا . لە دوای تێكچوونی شۆڕش ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان بووەو لە دەستپێكردنەوەی شۆڕش و سەركردایەتی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە و ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە تاوەكو كۆنگرەی 12ی پارتی .

كەسێكی زۆر نزیكبووە لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی . ماوەیەكی زۆر بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە . لە هەموو چالاكییە رۆشنبیرییەكان و رێكخراوە رۆشنبیرییەكاندا وەك پێشمەرگەیەك رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە دروستكردن و بەڕێوەبردنیاندا . لەدوای راپەڕین ، بووەتە یەكەمین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ، دووجاریش پۆستی وەزیریی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە. فەلەكەدین كاكەیی ، لەدوای رووخاندنی رژێمی سەدام ، بووەتە سەرنووسەری رۆژنامەی (التاخی) لە بەغدا ، كە ئەوكات یەكێكبوو لە بەربڵاوترین رۆژنامە عێراقییەكان .

فەلەكەدین كاكەیی ، لەنێو نێوەندی رۆژنامەگەریی و رۆشنبیری و سیاسیی كوردستان و عێراقدا كەسێكی زۆر ناسراوبوو . زۆر بایەخی بە بابەتە كولتوورییەكان و پەروەردەییەكان دەدا ، زۆرشتی لەبارەی تەسەوفەوە دەزانی و عاشقی لێكۆڵینەوە بوو لە تەسەوف و رێشاڵەكانی لە ئەدەب و كولتووری كوردی دا.

لە ناخۆشترین ساتەكانی شەڕی ناوخۆدا، دەینووسی ئەو شەڕە دەوەستێ و كورد ناچارە دەست بخاتەوە نێو دەستی یەكتر، كە ئێستا ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەكرێت ، زۆر دڵی خۆشبوو كە ئەو كارەی خۆی لەگەڵ ئیدریس بارزانی زۆر هەوڵیان بۆدابوو خەریكە بەدیدێت .

Likes(0)Dislikes(0)