به‌ناوی یه‌زدانی مه‌زن و دلۆڤانه‌وه‌
مایه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌وا ئه‌مڕۆ 19/11/2015، به‌ سه‌رپه‌رشتی (یونامی) و (یونسكۆ) كۆنفرانسێكی هاوشێوه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتی و ئازادی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ شاری هه‌ولێری خۆشه‌ویست سازده‌كرێت. بێگومان ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م كۆنفرانسه‌، بریتییه‌ له‌ پاڵپشتی كردن و پارێزگاری كردن له‌و تابڵۆ‌ ڕه‌نگینه‌ی كه‌وا به‌ كولتووری پێكه‌وه‌ژیانی سه‌دان ساڵه‌ی كورد و كوردستانیان نه‌خشێنراوه‌.
ئێمه‌ش به‌ش به‌حالی خۆمان وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئه‌م كۆمه‌لگایه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تا ئه‌وه‌نده‌ی پێمان بكرێت و ڕێگه‌مان پێ بدرێت پاڵپشتی له‌ تابڵۆ ره‌نگینه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ژیان ده‌كه‌ین و ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ قوربانیدانێكین بۆ پاراستن و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی.
لێره‌دا ده‌مانهه‌وێت هۆكاری بایكۆتكردنی ئه‌م كۆنفرانسه‌تان بۆ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌:
1_ تاوه‌كو ئێستاش لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌مه‌ڕ پرسی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی (كاكه‌ییه‌كان) وه‌كو پێكهاته‌یه‌ك له‌ یاسای ژماره‌ پێنجی ده‌ستوور كه‌ بریتییه‌ له‌ پاراستنی مافی پێكهاته‌كان بڕیاری كۆتاییان نه‌داوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور به‌ به‌رده‌وامی پرسیاری ئه‌وه‌مان لێده‌كه‌ن كه‌وا ئایا ئێوه پێكهاته‌یه‌كی ئاینیین یاخود نه‌خێر. بۆیه‌ خۆزگه‌مان ده‌خواست یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ كوردێكی كاكه‌ییه‌كی ڕه‌سه‌ن بووایه‌ و ئه‌وكات زۆر ئاسانتر ده‌مانتوانی بوونی خۆمان وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئایینی جیاواز بسه‌لمێنین.
2_ ده‌مانه‌وێت وڵامی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام پاساوی ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ خۆمان نامانه‌وێت وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئایینی بێینه‌ هه‌ژماركردن، ته‌نها پێیان ده‌ڵێین ده‌توانن له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ له‌و ڕاستییه‌ دڵنیابن كه‌ كاكه‌یی كێیه‌.
3_ واژوو نه‌كردنی بڕیاری پێدانی نوێنه‌رایه‌تی تایبه‌ت به‌ كاكه‌ییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی كوردستان جێگای پرسیاره‌؟ ئێمه‌ باس له‌ كاكه‌ییه‌كانی باشوری كوردستان ده‌كه‌ین كه‌وا به‌ درێژایی سنووری نێوان عه‌ره‌ب و كورد له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تاوه‌كو خوارووی حه‌مدانییه‌ له‌ موسڵ نیشته‌جێبوونه‌ و ژماره‌یان خۆی له‌ 300000 كه‌س ده‌دات و چه‌ندیین گوندیان كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر هێرشی داعش و وێران كراوه‌. شایانی باسه‌ به‌سه‌دان برای كاكه‌ییمان شانبه‌شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ پارێزگاری له‌ سه‌نگه‌ری میحوه‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین مه‌زارگه‌ و شوێنی پیرۆزیان به‌ده‌ستی تیرۆریستانه‌وه‌ ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌ و خاوه‌نی ده‌یان شه‌هیدن. هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه‌‌ ئه‌وه‌ به‌ مافێكی خۆمان ده‌زانین پرسیار له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌تایبه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بكه‌ین كه‌وا 90 ڕۆژه‌ بۆ واژوكردنی بڕیاری نوێنه‌رایه‌تی كاكه‌ییه‌كان چاوه‌رێی چی ده‌كه‌ن؟ جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌ 21 نیسانی ئه‌م ساڵدا بڕیاری ده‌رچواندنی یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی داوه‌…‌
له‌ كۆتاییدا داوا له‌ فیدراسیۆنی یارسانییه‌كانی‌ ئه‌وروپا ده‌كه‌ین بۆ پاڵپشتی كردن له‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت. هه‌روه‌ها داوا له‌ یارسانییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ ده‌نگی خۆیان كه‌وا نزیكه‌ی 3 ملیۆن ده‌نگه‌ پاڵپشتی له‌ خوشك و برا یارسانییه‌كانیان بكه‌ن له‌ باشوری كوردستان و له‌گه‌ڵماندا هاوهه‌ڵوێست بن. هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌موو كاكه‌ییه‌كانی باشووری كوردستان ده‌كه‌ین، ئیتر كاتی ترس و بێ ده‌نگی به‌سه‌رچووه‌ و كاتی یه‌ك ده‌نگی و بڕیاردانه‌، چونكه‌ دوینێ زوو بوو و به‌یانیش دره‌نگ ده‌بێت… بۆیه‌ هه‌ر بڕیارێكی ئه‌مڕۆ چاره‌نووس ساز ده‌بێت بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو و پاراستنی كولتوور و فه‌رهه‌نگی هه‌زار ساڵه‌مان. هه‌روه‌ها داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین باوه‌ش بۆ داواكارییه‌كانمان بكاته‌وه‌ و وه‌ك خۆمان قبوڵمان بكات و هه‌روه‌ها ماف و بوونمان هاوشێوه‌ی پێكهاته‌یه‌كی ئایینی بپارێزێت. ئێمه‌ ڕۆڵه‌یه‌كی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ین، ئێمه‌ كوردانی كاكه‌یین. به‌ڵێ بۆ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵ كردن… سوپاس
كاكه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق «
kakayakan

Likes(0)Dislikes(0)