موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، دەڵێت، کە هێزەکانمان لە کورکوک ڕۆژێک پاش هەموو هێزەکانی دیکەی باشور کشانەوە، تەنانەت ئاگاداریشیان نەکردینەوە بۆ پاشەکشە.
موراد قەرتەیلان شەوی ڕابردوو لێدوانێکی بۆ ڕادیۆ دەنگی ولات دا و، تێیدا هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر عەفرین و هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان و ڕزگارکردنی ڕەقەی نرخاند.
قەرەیلان وتی: سوپای تورک لە هەوڵداندایە بۆ هێرشکردنە سەر کانتۆنی عەفرین و خاکی ڕۆژئاوا، هەمووان با ئەوە باش بزانن، وەکچۆن خەڵکی کۆبانێ ڕێگایان نەدا خاکەکەیان داگیربکرێت، خەڵکی عەفرینیش نایەڵن و گەلی کورد پشتگیریان دەکات.

لە بەردەوامیدا قەرەیلان وتی: هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر باشوری کوردستان هەمووانی غەمگین کرد، لە ڕاستیدا ئێمە هۆشداری پێویستمان دا لە بارەی ئەو هێرشانەوە، هەم لە چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باشورو، هەم لە ڕێگای ڕاگەیەنەکانەوە هۆشداری پێویستمان دا، بەڵام سەرنجیان نەدایە هۆشدارییەکانمان، لە ئێستادا ئەوەی کە زۆر گرنگ بێت پێشخستنی یەکێتی نەتەوەییە لە هەموو پارچەکانی کوردستان، یەکێتی پێداویستییەکی سەرەکەیی نەتەوەیە، بۆ ئەوەی ببینە نەتەوەیەک پێویستە یەکێتی لە نێوانماندا پێکبێنین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: پێویسستە دۆست و دوژمنانمان بە باشی بناسین، نابێت پشت بەهەر کەسێک بەستین، پێویستە پشت بە گەلەکەمان و هێزی خۆمان بەستین، بینیمان کە کەموکوڕییەکان چۆن لە سیاسەتی باشوری کوردستاندا خۆیان دەرخست، گەلی کورد لە باشوری کوردستان پێویستە لەمە تێبگات، کە دەرفەتەکان بۆ ئازادی گەلەکەمان زۆرن، نابێت گەلەکەمان ورەی دابەزێت، ڕێ و ڕێبازێکی حەقیقی لە ئارادایە کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی لە سەرتاسەری کوردستان و لە بارەی باشوری کوردستانیشەوە هەر پشت بەو ڕێ و ڕێبازە حەقیقییە دەبەستین.

لە بارەی شەڕ و ئاڵۆزی و هێرشەکانی سەر کەرکوکیش، وتی: سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان لە کەرکوک زۆر کەم بوون، بەڵام پاش هەموو هێزەکان لەوێ پاشەکشەیان کرد، هێزەکانمان ڕۆژێک پاش هێزەکانی دیکەی باشوری کوردستان لە کەرکوک کشانەوە، لە کەرکوک دوو ڕۆژ پێشتر هەموو هێزەکان کشابوونەوەو کەس ئێمەی ئاگادار نەکردبووەوە، یەکینەیەکی ئێمە لەوێ بوون و بەتەنیا لەوێ مابوونەوە، دوایە هێزەکانمان هەستیان بە پاشەکشەی هێزەکانی دیکە کردبوو و کشابوونەوە.

وتیشی: ئەو برادەرانە تەنانەت ئاگادریشیان نەکربووینەوە بۆ کشانەوە، پێویستە گەلی کورد بزانێت، کە ئەگەر بەرێوەبەرایەتیی باشوری کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەڵوێستی بگرتایە، ئێمە بەجێمان نەدەهێشتن، بەڵام بڕیاری کشانەوەیان دا، پێشمەرگە دەیتوانی شەڕ بکات، بەڵام بڕیاردرابوو کە بکشێنەوە و پێشمەرگەش بەپێی ئەو بڕیارە کشایەوە، هەمووی ئەوانە دەبینین و نامانەوێت وا بیر بکەینەوە کە دۆخی باشور پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو دەمانەوێت بە پشت بەستن بە ڕێ و ڕیبازی ڕاست ئەوە دەکەوێتە ئەستۆمان وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەنجامی بدەین.

لە بارەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمیشەوە قەرەیلان، وتی: پێویستە مرۆڤ بۆ هەموو جۆرە ڕووداوێک خۆی ئامادەبکات، ڕیفراندۆمیان کردە ڕۆژەڤ، بەڵام لە ناوخۆدا هیچ ئامادەکارییەکیان بۆ نەکردبوو، لە دەرەوەش هەر وا، پێویست بوو لە ناوخۆدا یەکدەنگی و یەکدەستی پێک بێت، لە دەرەوەش پشتگیریی پێویست وەربگیرێت، بەڵام هیچ کامە لەو ئامادەکارییانە ئەنجام نەدرابوون، ئەوە هەڵەیە، ئەوەی ئێستا لە باشور ڕوویداوە دەبێتە هۆی پارچەبوونی زیاتر، ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە، پێویستە یەکێتی نەتەوەیی ببێتە ئەولەوییەت و یەکێتی و پارتیش دەبێت زیاترین ڕۆڵ بگێڕن لەو بوارەدا، نابێت ڕێگا بدەن ناکۆکییەکان قووڵتر ببەنەوە.

موراد قەرەیلان سەبارەت بە ڕۆڵی تورکیا لە هێرشەکانی سەر باشوری کوردستاندا، وتی: دەوڵەتی تورک لەو هێرشانەدا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، ڕاستە ئەوەی لە ڕواڵەتدا هێرشەکەی ئەنجامدا دەوڵەتی عێراق و هێزە عێراقییەکان بوون، بەڵام دەوڵەتی تورک دەولەتێکی شۆڤین و نەژادپەرست و دوژمنی گەلی کوردە، تورکیا گەورەترین دوژمنی کوردە لە ناوچەکەدا، پێویستە بەباشی دوژمنەکەمان بناسین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر دەسەلمێت کە ئەردۆغان و باخچەلی هیچ دۆستایەتییەکیان بۆ کورد نییە.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە، وتی: جارێکی دیکە سەرکەوتنی ڕەقە لە شەڕڤانان و گەلی کورد پیرۆز دەکەین، هەروەها ڕۆژی جیهانی بەرخۆدانی کۆبانێ لە خەڵکی ڕۆژئاوا پیرۆزدەکەم.

Likes(1)Dislikes(0)