عەلی كەریمی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، پێیوایە ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕوویداوە شتێكی گرنكە و دەبێت پارتە سیاسییەكان خەڵك ئاڕاستە بكەن، هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگی لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێت و دەڵێت پێویستە پێكەوە بە پەلە كار بكەن، دەشڵێت: هیوادارم پژاک ئەو بۆشاییە پڕیكاتەوە و ئەزمونێكی وەك ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕۆژهەڵات دروست بێت.
لە ڕۆژی 3ی ئەم مانگەدا بەهۆی ئەوەی لەلایەن پاسەوانی سنوری ئێرانەوە تەقە لە دوو كۆڵبەری كورد كراو گیانیان لەدەست دا، ناڕەزایی و خۆپیشاندان لەشاری بانە-ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەری هەڵدا و تەشەنەی كرد بۆ شاری مەریوان و سنە و سەردەشت.
عەلی كەریمی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:” كوشتنی كۆڵبەران لە ئێراند شتێكی نوێ‌ نییە، پاسەوانانی سەرسنوری كۆماری پەت و سێدارە لەهیچ و خۆڕایی تەقە لە كۆڵبەران دەكەن، تەنانەت لە ئاژەڵەكانیشیان دەست ناپارێزن، بەڵام دیارە كوشتنی ئەم دوو كۆڵبەرەی دوایی خەڵكی ئێشاندووە، من هیواردارم حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەئاستی ئەو تێكۆشانە مەدەنیانەی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندابن”.
وتیشی:”ئەگەر حزبەكان بەشێوەیەكی دروست ئەو هەلە بقۆزنەوە، مێژوو ناویان تۆمار دەكات، بۆیە هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێكەوە بە هاوكاری یەك، بەرنامەیەكی دروست دابنێن و خەڵك لەدەوری كۆمەڵێك خواست و ویستی مەدەنی كۆبكەنەوە”.
عەلی كەریمی، نائومێدی خۆی بەرامبەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات خستەڕوو وتی:”لەڕاستیدا من زۆر گەشبین نیم بە لایەنەكانی ڕۆژهەڵات، بەڵام زۆرجار ئەو ڕووداوانەی كە ڕوو دەدەن وادەكات لایەنە سیاسییەكان بەخۆیاندا بچنەوە و خۆیان نوێ‌ بكەنەوە، بۆیە ئومێدەوارم كە لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتیتش وابكەن، ئەوەی لە بانە و مەریوان و سنە، ڕوویدا شتێكی زۆر باشە، جاران ئێمە دەمانوت ئەگەر گۆڕانكاریی لەتارانەوە ڕوو نەدات هیچ نابێت، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە باشوور و ڕۆژئاواوی كوردستان هەیە، دەكرێت لە ڕۆژهەلاتی كوردستان جوڵانەوەیەك دروست بكەین و بە ئامانجیش بگەین”.
وتیشی:”ئەگەر ببینین ڕۆژئاوای كوردستان كە پێشتر بەشێكی بچوكی كوردستان بوون و هەر ناویان نەبوو، بەڵام ئێستا دەیبینین كە گۆڕانكاری گەورەیان ئەنجامداوە، گەشتوونەتە ئاستێك كە بەشێك لە چاودێران پێیانوایە كێشەی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان-ەوە چارەسەر دەبێت، بۆیە دەێت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش جوڵانەوەیەكی وا دروست بێت، بەڵام وەك ڕۆژئاوا دەبێت حزبێكی پێشەنگیان هەبێت”.
لەبارەی ئەوەی ئایا خەڵكی ڕۆژهەڵات ئامادەیە بۆ شۆڕش، ناوبراو وتی:”هەمیشە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە توندترین ئاستی فشارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران-یشدا ئامادەبووە بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان، بەڵام ئەوەی كە هەندێك جار خەڵك بێدەنگ دەبن، نەبوونی پشت و پەنایە، نەبوونی حزبێكی سیاسییە كە پشتی پێببەستن، دیموكرات و كۆمەڵە بەدرێژای 26 ساڵە لەباشووری كوردستان خۆیان بێدەنگ كردووە، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ بە پەلە كار بكەن و گوێ‌ لە خەڵكانی ڕۆشنبیر و كەسانی بە ئەزموون بگرن و بێنە سەر سیاسەتەكانی خەڵك و شەقام”.
وتیشی:”من نامەوێت بە نائومێدی قسە بكەم، بەڵام جوڵانەوە و شۆڕش بەبێ حزبی پێشەنگ ناكرێت، ئەمڕۆ من ئەوە پێشەنگە نابینم، بەتاییبەت دوو حزبی ڕەسەنی ڕۆژهەڵات خۆیان بێدەنگ كردووە، دەبوایە زۆر بەپەلە دانیشتنایە و خەڵكیان ئاڕاستە بكردایە و ڕێنماییان بدایەتە ڕێكخراوە مەدەنییەكان و ئەو جوڵانەوانەیان بگواستایەتەوە بۆ شارەكانی تری ڕۆژهەڵات”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان- پژاك، ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕبكاتەوە و وتی:”من هیوادارم پژاك بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، پژاک پارتێكی نوێیە ناتوانین ڕەخنەی لێبگرین، بەڵام ئەمە تاقیكردنەوەیەكە بۆ پژاک، دەبێت بزانین پژاک دەتوانێت لە زمانی سادەی خەڵكی بانە و مەریوان و سنە و كرماشان و شارەكانی تری ڕۆژهەڵات تێبگات یان نا؟ هیواردارم پژاک لەو تاقیكرنەوەیەدا دەرچێت و ئەزموونێكی وەك ڕۆژئاوای كوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووبارە ببێتەوە”.

Likes(3)Dislikes(0)