عەلی قەنبەری کەسایەتی دیار و دڵسوزی ناوچەی کرماشان وازی لە کومەڵە هێنا

0
446

وازهێنان لە ئەندامەتی کۆمەڵە
لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە بە هەموو هاوڕێیانی ڕەوتی بەرینی کۆمەڵە و هەموو دۆست و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنم کە وەک ئەندامێک، زۆر بە داخەوە، لە ئیمڕۆ ( ١٨-٨-٢٠١٤ زایینی) بە دواوە کۆتایی بە پێوەندییە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکانی خۆم لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەهێنم!
جێگەی ئاماژە پێکردنە کە مانگێک پاش لە جیابوونەوەی کەمینە (ساڵی ٢٠٠٧ زایینی) کە دواتر خۆیان لە ژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێناسە کرد، منیش وازم لە ئەندامەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هێنا. بەڵام پێوەندی دۆستانە و هاوڕێیانە وهاتووچۆکانم لە گەڵ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵەدا بە گشتی و لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا بە تایبەتی هەر بەردەوامی هەبوو.
لە کۆتاییەکانی ساڵی پار، واتە ساڵی ٢٠١٣ زایینی (هەشت، نۆ مانگ پێش ئێستە) و لە دوای ئەوەی کە لە کونگرەی ١٤ ئەو حزبەدا باس لە یەکگرتنەوە لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی کۆمەلەدا بە گشتی و لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە تایبەتی کرا بوو، ئەوە بوو بە هۆکارێک لە پاڵ چەن هۆکاری تر کە من داوای ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بکەمەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ کاک ئەبووبەکر مودەڕەسی لە مانگی دەسامبری ٢٠١٣ لە ماڵی خۆمان لە سوید بە بەڕێزیانم وت کە یەکێک لە ئامانجەکانم وەک ئەندام لە ڕیزی کۆمەڵەدا هەوڵدان دەبێت بۆ یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی لایەن و ڕیزەکانی کۆمەڵە.
هۆکارەکانی دیکە کە پاڵیان بە منەوە دا کە هەشت، نۆ مانگ پێش ئێستە ببمەوە بە ئەندام لە ڕیزی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا ئەوە بوو کە بتوانم بە پێی توانای خۆم کۆمەلە لە بەرانبەر داگیرکاری کۆماری ئیسلامی و بەرەی کۆنەپەرەستی و تاکڕەوی لە کوردستاندا بە هێزتر بکەم. لە ئەو هەشت، نۆ مانگەدا چەند جار نامەم بۆ دەفتەری سیاسی نارد، پێشنیار و ڕخنەکانم خستە بەرچاویان، لە وەزعی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات و لە سوید ئاگادارم کردنەوە. لە حەزەر کردنی ڕێبەرانی ئەم حێزبە لە گەڵ بەرەی ڕاست و تا سەری ئیسقان شوینیستی ئێرانی وباقی ئەو ڕێکخراوانە کە لە دەورانی دەسڵاتی کۆماری ئیسلامیدا مێژووی ناپاکییان هەیە، ڕێبەری کۆمەڵەم ئاگادار کردووەتەوە، زۆرم هەوڵدا کە لە جیاتی خۆ ماندوو کردن بە بەناو ئوپوزیسیونی ئێرانییەوە، با ڕێبەری کۆمەڵە ڕوو لە سەدان و هەزاران کەسی فیداکار و دڵسۆزی کۆمەڵە و کوردی دڵسۆزی ڕۆژهەڵات بکات و لە گەڵیاندا پێوەندی بگرێت و گوێ بۆ ئازارەکانیان و ڕخنەکانیان بگرێت و هیوایان پێ ببەخشێت. زۆرم هەوڵمدا با بۆ یەکگرتنەوە لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵەدا ڕێبەری ئەم حیزبە لە خۆی نەرمی بنوێنێت و فیداکاری بکات.
بەڵام سەد مخابن هەموو چاوەڕوانییەکانی من و زۆر کەسی دیکەی وەک منیش بێ وڵام مانەوە و بێ دەنگیییان لێکرا!
لە کۆتاییدا، لە ئەو هەشت، نۆ مانگەدا کە وەک ئەندامێکی سادە لە چەن کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەم حیزبەدا بەشدار بووم، بۆم دەرکەوت کە لە نێوان تێڕوانینی سیاسی من لە سەر کۆمەڵە و سیاسەتی ئێستەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا جیاوازی زۆر قووڵ هەیە. هەر بۆیە بە بێ ئەوەی کە ئیزن بە هیچ کەس و لایەنێک بدەم کە لە ئەم واز هێنانەی من کەڵکی خراپ وەرگرن و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن، لە ئیمڕۆ بە دواوە بە دوور لە ئەندامەتی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی، وەک تاکێکی سەربەخۆی کۆمەڵگای کوردستان بە پێی تواناکانم لە پێناوی ڕزگاری گەلی کوردستان لە ستەمی نەتەوایەتی و گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە خزمەتی خەڵکە هەژار و بەشمەینەتەکەی خۆمدا دەبم و هەر لە ئەو ڕێگەیەشدا درێژە بە خەباتی خۆم دەدەم!
هەر لە ئێرەشدا ڕادەگەیەنم کە واز هێنانم لە ئەندامەتی کۆمەڵە بە مانای پچڕاندنی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و هاوڕێیانەکانم نییە، بە تایبەتی لە گەڵ دەیان کەس لە هاوڕێیانی ناوچەکەمان کە ساڵانێک پێکەوە خەباتمان کردووە! هەموو ئەو هاوڕێیانە بۆ من جێگای ڕێزن و لە هەر کوێ کە هەن هیوام تەندرووستی و بەختەوەری و سەرکەوتنیانە! لە ئەوەش زیاتر هیوادارم ئەو هاوڕێیانە مێژوویەک کە پێکەوە کار و خەباتمان بۆ کردووە لە بیر نەکەن! واتە ڕزگاری خەڵکی کوردستان لە بندەستی و گەیشتن بە ئازادی و مافی خەڵکی چەوساوە!
لە گەڵ ڕێزم!
عەلی قەنبەری ١٨-٨-٢٠١٤ زایینی