شۆرشی گەوجە و کۆیلەکان، هیچ بە هیچە!

0
232
وشەی ئەزموون بەستزمانە و مرۆڤ نەتەنیا لە ڕەوتی ژیانیدا گوێی پێنادات، بەڵکو لە ڕقی ئەو هاوڕێیەتی لە گەڵ وشە هەڵەکان خۆشتر دەکات. بێگومان گشت ئەو وشانەی کە بیری مرۆڤ ڕێکی خستوونە، لە ڕەوتی ژیاندا بەرهەم هاتوونە و مانای خەرمانی زانیاری مرۆڤ دەگەیەنن. بەکار هێنانی هەر وشەیەکیش دەتوانێ مانا و لێکدانەوەی خۆی هەبێت و دەستکەوتی تایبەت بە خۆشی بەدواوە بێت.
لە هەلومەرجێکدا کە تێکنۆلۆژیا لەو پەڕی پێشکەوتندایە، بۆچی عەقڵییەتی کۆن دەبوژێتەوە و وشەی ناڕێک و هەڵە بایەخدار دەبێت؟
ڕەسەنایەتی هەر وشەیەک بۆ خاوەندارییەتێک دەگەڕێتەوە و بەکار هێنانیشیان بە مانای زیندوو کردنەوەی خاوەنی وشەکەیە و باوەر پێی هێنانێتی. کاتێک ڕابردوو زیندوو دەکرێتەوە و بایەخدار دەبێتەوە، بێگومان ژیانیش بۆ ئاستی سەردەمی تاریف کراو دەچێتەوە. هەر وەک وشەی شەڕ کە مانا و لێکدانەوەی خۆی هەیە، ئاشتیش تایبەتمەندی خۆی دەبەخشێت. ناوی هەر وشەیەک بە پێی جەوهەری وشەکەیە. شەڕ، ئاشتی، چەوسێنەر، چەوساوە، نایەکسانی، یەکسانی، دیکتاتوری یان ئازادی،…، گشت ئەوانە وشەنە و مانای فەلسەفەی ژیانن.
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە هۆی بەرژەوەندی کاپیتالیزم و عەقڵییەتی اللە واکبر چییەکان، بەو شێوەیەیە کە لە دەنگ و باسەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە. هەژاری، بێکاری،شەڕ و ماڵوێرانی، جیهاد، ئەنفال و…  گشتی دیاردەی بورژوازی و ئایینن(ئیسلام). بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای سرنج و تێڕوانینمانە ئەوەیە کە، ئـەو چەشنە زوڵم و زۆرییانە هۆکاری ناڕەزایەتی و بەرخودانی مرۆڤن، کە چی زۆرینەی خەبات و تێکۆشانەکان هەر لە بازنەی هەلومەرجدانە. هۆی بە ئاکام نەگەیشتنی شۆڕشەکان و ناکام مانەوەی ئاوات و ئامانجەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش، بوونی ئەو شعوورە سیاسی و ئایینیانەیە کە هۆکاری خودی زوڵم و زۆرییەکانیشن!
ئایا مرۆڤ هەر وشەیەک لە جێگای خۆیدا بەکار دهێنێت و بایەخی خۆی پێی دەدات، یان تەنیا بە ڕەواڵەت وشەکان باش دەنوێنێت و بە جوانیش ناو دێریان دەکات؟ هەموو مەبەستێکی مرۆڤی شۆڕشگێر، گەیشتنی کۆمەڵگا بە ئازادی و ژیانێکی شیاو و جیاوازترە. هەر بۆیە دەبێ لە سەرەتاوە بە وشەی نوێ دەست پێبکرێت و هەنگاویش بەرەو ئاکامی نوێ بێت.  بەو پێیەش وشەی ئەزموون سەرچاوەی عەقڵ و زانیاری بکرێت و هەڵەکانی مێژووش بە ئەزموون هەژمار بکرێت. بە گەوجەیەتی و کۆیلەیەتی ئاکامی هەر شۆرشێک هیچ دەبێت. مرۆڤی موسڵمان و لایەنی ئیسلامی گشتیان باوەڕمەندن بە یەک سەرچاوە(قورئان)، بۆیە هەرکام بن هەر یەکن و لە کێبڕکێکانیشیاندا هیچ موعجزەیەکی سەیر ڕووی نادات. هەر وەها سیستەمی ڕامیاری و ئابوری سەرمایەداری دیارە و لە ناتەبایی و شەڕە ماڵوێرانکارەکانیاندا، کۆمەڵانی خەڵک نەتەنیا هیچیان دەستکەوت نابێت، بەڵکو سیستەمی دەسەڵاتداری بەهێزتر و خۆشیان زیاتر کۆیلە دەکەن.  کەوایە بە وشەی کۆن دونیا ناگۆڕێت!

وهاب یوسفی