پاریزەر (ئەیاد کاکەیی) و (لیزا فەلەکەددین کاکەیی) هه‌ولێر-KDP.info- که‌سایه‌تییه‌ کاکه‌ییه‌کان له‌و هێرشانه‌ی که‌ به‌رانبه‌ر مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ پیرۆزه‌کانیان ده‌کرێن نیگه‌رانن و ئاماژه‌ ده‌ده‌ن که،‌ چه‌ند شوێنێکی پیرۆزیان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌دان. (لیزا فەلەکەددین کاکەیی)-یش دەڵێت، (سه‌ید نه‌سره‌ددین) که‌ به‌ ڕابه‌ری کاکه‌ییی ڕۆژهه‌ڵات ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ ۵ ملیۆن کاکه‌ییدا، هه‌ڵوێستی کوردانه‌یان نواندووە و ئاماده‌یی هاوکارییان ده‌ربڕیوه‌ که‌ وه‌ک پێشمه‌رگه‌ به‌رگری له‌و شوێنانه‌ بکه‌ن و به ‌فه‌رمی په‌یامیان پێ گه‌یشتووه‌. چه‌کدارانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ته‌واوی مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌کانی کاکه‌ییه‌کان ده‌که‌ن، له‌ کاتێکدا هه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ند شوێنێکی پیرۆزی کاکه‌ییه‌کانیان ته‌قانده‌وه‌. پارێزه‌ر و که‌سایه‌تیی کاکه‌یی (ئه‌یاد کاکه‌یی) بۆ KDP.info گوتی، “سنووری ئێمه‌ی کاکه‌یی هه‌ڵه‌بجه‌ و خانه‌قین تا مووسڵ و که‌رکووکه‌، بۆیه‌ ده‌که‌ونه‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و گه‌وره‌ترین خه‌ته‌ر له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌، له‌ کۆی ۶ گوند ۵ گوندی به ‌ده‌ست داعشه‌وەن، بۆیه‌ تاڵانکردنی ماڵی کاکه‌یی و ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زاره‌کان دروستکردنی ترسه‌ له‌ناوماندا، داواکاریی ئێمه‌یش ڕوو له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌، چونکه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست پێویستدا نییه‌، له‌ هه‌مان کاتدا ئێمه‌ ناتوانن سوود له‌ یاساکانی عێراق وه‌ربگرین بۆ به‌جیهانیناساندنی ئه‌و تاوانه‌، ئێستایش ده‌بێت گوشار بخرێته‌ سه‌ر UN و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌جیهانیناساندنی ئه‌و تاوانانه‌.” هاوکات که‌سایه‌تیی کاکه‌یی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌کبه‌ر هاواری) بۆ KDP.info ده‌ڵێت، “داواکارین له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ هانای کاکه‌ییه‌کانه‌وه‌ بچێت و ئه‌و شوێنانه‌ بگرنه‌وه‌ که‌ به ‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن و نزیکه‌ی ۵ لادێن.” ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو که‌، له‌ دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی (بابه‌ یادگار) مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی دیکه‌ ده‌کرێت وه‌ک (بابه‌ حه‌یده‌ر و شاهه‌یاس)، بۆیه‌ داواکارین له‌ حکوومه‌ت به‌ زوویی ئه‌و شوێنانه‌ کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌، چونکه‌ مانه‌وه‌ی داعش مه‌ترسییه‌ له‌و ناوچانه‌دا.” هاوکات که‌سایه‌تیی کاکه‌یی (لیزا فه‌له‌که‌ددین) بۆ KDP.info گوتی، “له‌ دواهێرشدا مه‌زارگه‌یه‌کی پیرۆزی کاکه‌یی له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌زای خه‌بات ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌م مه‌زارگه‌یه‌ پیرۆز بووه‌ و مانگانه‌ کاکه‌ییه‌کان سه‌ردانیان کردووه‌، بۆیه‌ پاراستنی ئه‌و شوێنانه‌ ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که‌، چونکه‌ زۆر شوێنی دیکه‌ هه‌ن مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌قاندنه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌وانه‌ (بابه‌ حه‌یده‌ر)، ئێستایش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ گوندانی کاکه‌ییه‌کان چۆڵ نه‌کراون، چونکه‌ هێزێکیان بۆ به‌رگریکردن له‌ شوێنه‌کانیان پێک هێناوه‌، به‌ڵام ۲ هه‌زار و ۱۰۰ خێزانی کاکه‌یی له‌ حه‌مدانییه‌ ئاواره‌ی هه‌ولێر بوون و داوا ده‌که‌ن که‌ به‌بێ جیاوازی هاوکاری بکرێن و شوێنێکیان بۆ دابین بکرێت.” گوتیشی، “له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا (سه‌ید نه‌سره‌ددین) که‌ به‌ ڕابه‌ری کاکه‌ییی ڕۆژهه‌ڵات ناسراوه‌ له‌گه‌ڵ ۵ ملیۆن کاکه‌یی له‌ کرماشان و ده‌وروبه‌ری، هه‌ڵوێستی کوردانه‌یان نواند و ئاماده‌یی هاوکارییان ده‌ربڕیوه‌ که‌ وه‌ک پێشمه‌رگه‌ به‌رگری له‌و شوێنانه‌ بکه‌ن و به ‌فه‌رمی په‌یاممان پێ گه‌یشتووه‌.”
10617358_760149154027595_2086309380_n-735x300

Likes(0)Dislikes(0)