دەست لە چیای پیری یارسانی پیرەمەگرون هەڵبگرن و مەیکەنە زەردەشتی نووسینی: سۆران حەمەڕەش

0
741
 لەو کەسانەم کە بڕوای تەواوم بە مافی تاکەکان هەیە لە هەڵبژاردنی هەر ئاینێک کە بە گونجاوی دابنێن بۆ خۆیان، جا ئەو ئاینە ئیسلام، کریستیان، بودی، زەردەشتی…یان هەر ئاینێکی تر بێت، بەڵام وەک مێژوونوسێک ئەوەی کە پێم قبوڵ ناکرێت تێکدانی مێژووی کوردە بۆ داکۆکی کردن لەو ئاینەی کە هەر تاکێکی کورد بۆ خۆی هەڵدەبژێریت. بەوجۆرە هەرچەندە مرۆڤ مافی خۆیەتی کە ئاینێکی بنەچە عەجەمی وەک ئاینی زەردەشتی بۆ هەمیشەیی بە ئاینی خۆی دابنێت و من ئەوپەڕی ڕێز لەو بۆچوونە دەگرم بەڵام با واز لە بەزۆر بەزەردەشتیکردنی بێبنەماییانەی فەرهەنگ و مێژووی کورد بێنن.
ئەم هەوڵی بەزۆر بە زەردەشتیکردنەی فەرهەنگی کوردی لەم دواییەدا چیاکانی کوردستانیشی گرتۆتەوە و ئەو چیا سەرکەشە ئەفسوناویەی پیرەمەگرونیش لەو هەوڵە نوێیە دەرباز نەبووە. چیای پیرە مەگرون (بڕوانە وێنەکەی ناوەڕاست)، بەرزترین چیایە لە نزیک شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان. ئەم چیایە جوانیەکی تایبەت دەبەخشێت بە شارەکە و هەمیشە شوێنێکی تایبەتی هەیە لە دڵی خەڵکی ناوچەکەدا. بۆیە زانا و کەسایەتیی کورد (تۆفیق وەهبی) کە ساڵی ١٩٨٤ دا لە شاری لەندەن کۆچی دوایی کرد، دوای دەیان ساڵ ژیان لە هەندەران پێش مردنی وەسێتی کردبوو کە تەرمەکەی بگەڕێننەوە بۆ شاخی پیرەمەگرون و لەو ساڵەدا لەوێ نێژرا .
لە ڕابردووشدا ئەو چیایە ئەفسوناوی تر بۆ خەڵکی ناوچەکە دەرکەوتووە، بە تەیابەت لە سەردەمی دێریندا کە هەموو شتێک بەرگی ئاینی لەبەردابووە و زۆربەی جار چیا بەرزەکان پیرۆز سەیرکراون و خەڵک قوربانی بۆ کردوون. ناوچەکە لە سەردەمێکی دێرینەوە ئاوەدان بووە و دەوروبەری چیاکە چەنین شوێنەواری تێدایە لەوانە دوو پەیەکەرە هەڵکەندراوەکەی دامێنی ئەو چیایە، کە بریتین لە میرقوڵی و ڕەبەنە کە وا دەردەکەوێت وێنەی دوو پادشای ناوچەیی سەدەکانی یەکەمی زاینی بووبێتن و لەوێدا ‌هەڵکۆڵرابن (بڕوانە وێنەکەی لای دەستی ڕاست و چەپ). لە مێسۆپۆتامیای دێرینیشدا چیاکە ناسراو بووە و شوێنیکی ئاینی گرنگی هەبووە و لە سەرچاوەکاندا ناوی هاتووە. کۆنترین ناوی ئەو چیایە بریتیە لە (کینیبە/کینیبا) ئەو شاخە لە بنەچەدا لولوبیەکان کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون، ئەو ناوەیان بۆ داناوە.
چیاکە لە داستانی گەلگامێشدا ئاماژەی پێکراوە بەوەی کە لە کاتی لافاوەکەدا کەشتیەکە بەو چیایەوە گیرساوەتەوە و ئەوان بە بە چیای (نیموش) ناویان هێناوە. ناوی نیموش ئەو ناوەیە کە لە بابلی سامیدا بۆ ناوە ڕەسەنەکەی کە بریتی بووە لە کینیبە، دانراوە. لەسەرچاوە دێرینەکانیشدا ئەو بۆچوونەی مێسۆپۆتامیا ڕوونکراوەتەوە کاتێک کە زیاتر لە دوو هەزار و نۆ سەد ساڵ لەمەوبەر پاشای ئاشوری، ئاشوربانیپاڵ هێرش دەکات بۆ ناوچەی شارەزوور و ئاماژە بە شاخی پیرەمەگروون دەکات و دەڵێت “چیای نیموش ئەو چیایەی کە لۆلۆبیەکان پێی دەڵێن کینیبە”. بینینی شاخی پیرەمەگرون بۆ ئاشور بانیپاڵ گرنگ بووە بۆ سەلماندنی فراوانکردنی دەسەڵاتی و ڕۆڵی ئاینی ئەو چیایە لە سەردەمی دێریندا بۆیە لە تێکستێکدا دەڵێت “من یەکەم پاشای ئاشوریم کە چیای ڕزگاری نوحی بابل ببینم کە کەشتیەکە دوای لافاوەکە لێی جێگیر بوو”.
ئەمە تەرجومەی قسەی پادشای ئاشوریە و ئەوانەی کە تەرجومەیان کردووە ناوە کۆنەکەی نوحیان لابردووە و بۆیە لەو تەرجومەدا کردوویانە بە نوحی بابلی. وەک ڕوون دەبێتەوە لە ڕابردووی دێریندا پیرەمەگرون بە شوێنی گیرسانەوەی کەشتیەکە دانراوە و شوێنێکی پیرۆز بووە. هەر چەندە سەرچاوەکانی دواتر هەموویان ئاماژە بە شاخی جودی باکوردی کوردستان دەکەن کە زیاتر بەو ئەفسانەیەوە بەستراوەتەوە. لە ڕاستیدا زۆر لە چیاکانی ئەو ناوچەیە بە پیرۆز دانراون، لۆلۆبیەکان چیای (نیشپی/نیشبە) کە لەوە دەچێت چیای بەمۆ بێت کە نزیک دەربەندیخانە، ئەو چیایەیان لا پیرۆز بووە و شوێنی تایبەتی لایان هەبووە و پەرستوویانە.
ئەوەی کە ڕوونە چیای پیرەمەگرون لە سەرەتای شارستانیەتەوە لە ناو خەڵکی ناوچەکە و خەڵکانی دەرەوەی ناوچەکەش شوێنیکی تایبەتی هەبووە. ئەم شاخە دواتر کە کەس نازانرێت بە تەواوی لە چ مێژوویەکدا، ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پیرەمەگرون. زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەو بۆچوونەن کە ناوە نوێکە لە بنەچەدا بریتی بووە لە (پیر عومەر گەردون)، لە زمانی کوردیدا ناوەکە کورتکراوەتەوە و کراوە بە (پیرە مەگرون) کە پیرێکی یارسانی بووە و هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم لە ناو کورد دا بە پیرێکی یارسانی ناسراو بووە. دوای ئەوەی کە ئەو پیرە لە دامێنیدا نێژراوەوە، ناوی شاخەکە لە مێژوویەکی نەزانراودا گۆڕاوە بۆ پیرەمەگروون. ئەدمۆنس لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە بە کوردستاندا زۆر گەڕاوە و شتی زۆر وورد و نایابی تۆمار کردووە، ئەو چیایەی بە ناوی پیرێکی ت کە پیرەمەگرون کەسێکی یارسانی بووە.
ئەمڕۆ چەندین شوێن لە کوردستاندا هەن کە ناوی پیر و بابە و کاکەیان پێوەیە لە هەمان کاتدا سەدان بەڵگەنامەی ناو یارسانەکان هەن کە زانیاری لەسەر کڵام و ژیانی هەر یەک لەو پیرانەی تێدایە. یەک سەرچاوەی مێژوویی بڕواپێکراوە نیە کە بیسەلمێنیت یەک لەو پیرانە زەردەشتی بوون لە کاتێکدا کە سەدان سەرچاوەی ڕوون هەیە کە دەیسەلمێنن کە سەدانیان یارسانی و ئێزدی بوون. ئەم کێشەیە پیری یارسانی مەزن، پیرشالیاریشی گرتۆتەوە و ئەویش بە زۆر لە سەدەی بیستەمدا خوێنەوار و هەندێک لە مێژوونوسە ناسیۆناڵیستەکان بۆ پشتگیری لە بۆچوونی خۆیان مێژووی ئەو پیاوە مەزنەیان تێکداوە و کردوویانەتە زەردەشتی (پێشتر بابەتم لەسەر نووسیوە). لە ڕاستیدا گەر تەپوتۆزی بۆچوونی ئەم هەشتا ساڵە لەسەر ناوچەکانی لوڕستان هەتاوەکو شارەزوور و هەورامان لابەریت ئەوا ئەوەی دەمێنیتەوە بەرگێکی یارسانی ڕوونە لە ناوچەکەدا.
نەتەوەی کورد مێژوو و فەرەهەنگێکی دەوڵەمەندی پڕ بەڵگەنامەی هەیە کە زۆرینەیان لەوێدا بێناز ماونەوتەوە و هێشتا کاری ئەوتۆیان لەسەر نەکراوە. هەروەها بە هەزاران دێڕ کڵامی یارسانی هەن کە زۆرینەی خوێنەواری کورد نەیانبینیون و بە نزیکی هیچ لەسەر خاوەنەکانیان نازانن. کەچی زۆر بە ئاسانی خەریەکە مێژووەکەمان بێ بەڵگە تێکدەدەین و بەرگێکی عەجەمیی بەدەستی خۆمان بەبەری فەرهەنگەکەماندا دەکەین. هیچ نەتەوەیەک نیە لە جیهاندا ئاگاداری ئاینە زینددوەکەی خۆی نەبێت و نەیەوێت لێی تێبگات، سەرەڕای ئەوە پەنا بۆ ئاینێک نیمچە مردوو بەرێت کە هی خۆی نیە و بەزۆریش بیەوێت بیسەپێنێت بەسەر مێژوو و فەرهەنگەکەیدا.
لای هەمووان ڕوونە کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەدان ساڵە مێژوومان تێکدەدەن، لەبەر ئەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ پێویستمانە و گرنگە، تێگەیشتنێکی زانستیانەی پشتبەستوو بە بەڵگەنامەیە لەسەر مێژوو و فەرهەنگی کوردی، دوور لە دەمارگیری و زاڵکرنی ئایدیۆلۆجیا و بیروباوەڕی شەخسی بەسەر مێژوودا. ئەو هەوڵەی دەدرێت بۆ هەڵبەستنی بەرگێکی زەردەشتی بەسەر مێژوو و فەرهەنگی کوردیدا، هیچ جیاوازی تێدا نابینم لەگەڵ ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەدرێت بۆ سڕینەوەی مێژوو و فەرهەنگی کوردی. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە ئەوەی یەکەمیان بۆ مەبەستی تێکدانی مێژووی کوردە و ئەمەی دووەمیان بۆ مەبەستی بنیاتنانەوەیەتی بێ ئەوەی کە بزانن فەرهەنگ و مێژووەکەی پێ تێکدەدرێت. با تاکەکان ئازاد بن لە هەڵبژاردنی ئاینی خۆیاندا، بەڵام با ئەو هەوڵە نازانستییە بێ بنەمایەی کە دەدرێت بۆ بە زەردەشتیکردنی فەرهەنگ و مێژووی کوردی، لە لێتێگەیشتنی ئاینی یارسانی و ئاینەکانی تری کوردستاندا بخرێێتە گەڕ بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و تاکی کورد جارێکی تر ئاشنابکرێتەوە بە فەرهەنگی دروستی خۆی و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیەکی زیاتر هوشیار بە خۆ بنیات بنێین کە لەسەر بناغەیەکی پتەوی زانستیی مێژوویی بنیات بنرێت نەک ئایدۆلۆجیا و خەیاڵاتی شەخسی.