نووسینی: سۆران حەمەڕەش

 

هەندێک لەو کەسانەی مێژوو دەخوێننەوە و بگرە ئەوانەی مێژووش دەنووسن، ئاگاداری شێوەی هاتن و کاریگەری هەندێک لە داگیرکەرەکان نین لە مێژووی کوردستاندا. بۆ نموونە هاتنی ئاشوریەکان وەک هاتنی تورکەکان وابووە، ئاشوریەکان خەڵکێکی بنەچە بیابان نیشینی دڕندە بوون کە هەوڵیان داوە زمان و فەرهەنگی خۆیان داسەپێنن بەسەر ناوچەیەکی شارستانیدا و کاریگەریان بەجێهشێتووە، بەڵام کاریگەری مەزنی پێچەوانەش لەسەر ئاشوریەکان هەبووە و پێچەوانەکە زۆر مەزنتر بووە بەهۆی دێرینی شارستانیەتی ناوچەکەوە. زۆرینەی ئەوانەی لە ناوچەکەدا بوون باوباپیرانی کورد بوون لە ژێر ناوی جیاوازدا. جا بۆیە لە سەردەمی ئاشوریدا لە کاتێکدا کە لەناوجەرگە یان نزیک دەسەڵاتی ئاشوری لە هەولێر و موسڵدا کورد نەیتوانیوە ببوژێتەوە، بەڵام لە دوو ناوچەدا دوو هێزی کوردی بووژاونەتەوە. یەکێکیان لە ناوچەی موکریان بە ناوی ماناییەکان دروست بوو کە بە نزیکی درێژایی ماوەی بوونی ئاشوریەکان وەک هێزێک لەو ناوچەیەدا هەبوون و ئەوی تریان لە ناوچەی هەمەدان بە ناوی میدەکانەوە. تا دواتر لە کۆتاییدا میدەکان لە ساڵی ٦٦٢ ی پ ز دا کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئاشوری هێنا و لەگەڵ ماناییەکاندا بوون بەیەک، هەرچەندە لە سەرچاوەکاندا پرۆسەی بوون بەیەکی ئەو دوو دەسەڵات کوردیە تۆمارنەکراوە.

لە ڕاستیدا هەلومەرجێکی هاوشێوەش لە سەردەمی ئیسلامدا هەبوو. موسوڵمانە عەرەبەکان وەک هێزێکی نوێی خوێنگەرمی بیابان نشین و تینووی دەسەڵات و شەڕکەر، ئامانجی سەرەکیان دانانی باج و فراوانکردنی دەسەڵات و سەپاندنی ئاینی خۆیان بووە و ئەوەش لە ڕێگای جەنگەوە بووە. لەم پرۆسەیەدا سەرەتا لە سەدەی حەوتەمدا زۆربەی خەڵکی ناوچەکەیان سەرکوت کردووە و خستویانەتە ژێر ڕکێف و باجی خۆیانەوە و لەوەدا بۆ ماوەیەک سەرکەوتوو بوون و کاریگەری سەرەتایی هاتنیان لەسەر کوردستان ڕوون بووە. دەبینرێت هەر زوو عەرەبە هاوردە نوێکان باجی بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان/میدیای کۆنیان بەش کرد لە نێوان خۆیان بۆ دوو بەش. (ماهی کوفە) واتە میدیای کوفە، کە ئەوە ئەو ناوچانە بوو کە باجەکانیان بەسەر عەرەبە هاوردەکانی کوفەدا دابەش دەکرا کە دینەوەر و چەند شارێکی کوردستان بوو و (ماهی بەسرە) میدیای بەسرە ئەو ناوچانەی میدیای کۆن بوو کە درابوو بە عەرەبە هاوردەکانی بەسرە و پێکهاتبوو لە نەهاوەند و چەند شارێکی تری کوردستان. بەڵام دواتر کاریگەری هێزی عەرەب ووردە ووردە لە شوێنە دوورەکان ڕووی لە کەمبووەتەوە کردووە و زیاتر لە سەنتەری دەسەڵاتی خەلیفەوە بەهێز بووە.

بە هەمان شێوە هەندێک جار خەڵک بە هەڵە لە کاریگەری ئاینی ئیسلام و شێوەی بڵاوکردنەوەی تێگەیشتووە. ئاینی ئیسلام دوای سەدان ساڵ لە هاتنی نەیتوانیوە ئاینی ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە بگۆڕێت. لە ناو بەغدای پایتەختی عەباسیدا موبیدی زەردەشتی و جووەکان و کریستیانەکان ژیانی خۆیان بەسەر بردووە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی کە لە سەرچاوەکاندا تۆمارکراون وەک باجگر بۆ موسوڵمانە عەرەبکان کاریان دەکرد، زەردەشتی بوون. لە ڕاستیدا زۆربەی بنەماڵە کوردە دەسەڵاتدارەکانیش لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی عەباسیدا، هێشتا هەر لەسەر ئاینی باوباپیرانی خۆیان بوون. بۆ نموونە بەرمەکیەکان کە گەورەترین دەسەڵاتیان هەبووە و لە بنەماڵە و دەسەڵاتی خەلیفەوە نزیک بوون، زۆرینەیان پابەندبوون بە ئاینی دێرینی خۆیانەوە و نەبوونەتە موسوڵمان جگە لە یەکێکیان نەبێت (بەرمەکیەکان زەردەشتی نەبوون).

کوردیش کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئاینی ئیسلامەوە، بەڵام لە زۆر شوێندا هەوڵی دروستکردنەوەی ئاینە دێرینەکەی خۆی داوە. بۆ نموونە لە سەرەتای دەسەڵاتی عەباسیدا کاتێک کە بەشێکی گەورەی کوردستان درابووە دەست بنو دولەفی عەرەبی (٨٢٥-ز٨٩٨ز)، ئا لەو سەردەمەدا زانای مەزنی کورد ئەبو حەنیفەی دینەوەری (٨٢٨-٨٩٦ز) مێژووی کوردی لە ژێر ناونیشانی “بنەچەکانی کورد” (انساب الاکراد) دا نووسیوە و ئاینە کوردیەکان لە زۆربەی شوێنی کوردستاندا مابوون. لەو سەردەمەدا باڵوڵی زانا/دێوانە ( ٧٦٣-٨٣٤ز) و کۆمەڵێک لە یارانی خەریکی زیندووکردنەوەی ئاینی یارسانی بوون و لە قۆناغێکدا باڵوڵ سەرکردایەتی بوژانەوەی ئاینەکەی دەکرد. باڵوڵی زانا لە شوێنێکدا ئاماژە بە هەوڵەکانی دەدات و دەڵێت:

ئەز باڵوڵەنان جەڕووی سەمینێ چار فرێشتانم چاکەر کەرینێ
نجوومم ساڵەح ڕەجەبم بینێ چنی لوڕە بیم جە ماو هەفتینێ

واتە: “من باڵوڵم و لەسەر ئەم زەوییەدا چوار فریشتەم هەیە بە ناوانی : نجووم و ساڵەح و ڕەجەب و لوڕە کە نۆکەریم دەکەن و بە فەرمانی من خەریکی نۆکەری و ڕێنوێنی خەڵکن.” واتە باڵوڵ چوار لە یارانی راسپاردووە کە ڕێنوێنی خەڵک بکەن. بەڵام ئەوەی کە دەرفەتی گەورەی داوەتەوە بە بوژانەوەی ئاینە کوردیەکان، دروستبوونی دەوڵەتە کوردیەکان بوو بە تایبەت دەوڵەتی حەسنەوی (٩٤١- ١٠١٥ ز). لە سایەی ئەم دەوڵەتە کوردییە یارسانیەدا کورد کەوتە هەوڵی بوژانەوەی ئاین و فەرهەنگی خۆی. دەوڵەتی حەسنەوی لە ساڵی ٩٤١ ز دا لەلایەن میر حسەینی بەرزیکانیەوە دروستکرا. ئەوەی کە مایەی سەرنجە ناوی هۆزەکە ڕەگێکی مێژوییی هەیە. وشەی بەرز کە لە فارسی کۆندا کراوە بە (بەرد) لە میدیدا هەر (بەرز) ی کوردی نوێ بووە و لەو زمانەدا شێوەکانی (بەرز، بەرزیە، یانەبەرزە(واتە خانەی بەرز)) و چەندین وشەی تری پەیوەست بەو وشەیە لە زمانی میدیدا هەبووە. دەسەڵاتی دەوڵەتی حەسنەوی بەشی زۆربەی کوردستانی گرتەوە. لە ئەهواز، ئەسەدئاوا، خوزستان، هەمەدان، بروجەرد، شارەزوور، دینەوەر، نەهاوەند، سامغان و هەولێر…

لە ساڵی ٩٤١ز دا خەلیفەی عەباسی کە لە گەورەبوونی ئەو دەوڵەتە دەترسا و قایل نەبوو بە سەربەخۆیی دەوڵەتێکی کوردی، هێرشی کردە سەر ئەو میرە کوردە بە مەبەستی کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی. سوپای هێرش کاران لەو شەڕەدا زۆربەی عەرەبی بنی تەغلبی حەمدانی بوون، بەڵام ئەو میرە کوردە سوپای خەلیفەی لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر شکاند و کورد لەو جەنگەدا چەک و جبەخانەیەکی زۆری دەستکەوت و بەو سەرکەوتنە لوتی خەلیفەی عەباسی شکا. بەوە دەوڵەتەکە زیاتر بوونی خۆی سەلماند و بوو بەهێزێکی گرنگی ناوچەکە تا وای لێهات خەلیفەی عەباسی پێویستی بە دەوڵەتی حەسنەوی بوو، بۆیە هەوڵی ئاشتی دا لەگەڵیدا. بەڵام سەرەتا میر حسەینی بەرزیکانی ڕازی نەبوو بە ئاشتی هەتا دواتر خەلیفە پەنجا هەزار دیناری نارد بەو جۆرە میر حسەینی بەرزیکانی بە ئاشتی ڕازی کرد. بەو جۆرە عەباسیەکان ناچار بوون دان بە دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتەدا بنێن و تەنانەت خەلیفەی عەباسی نازناوی (ناصر الدین والدولة) ی پێ بدات. بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو دەوڵەتە وپتەوکردنی، بەدری حەسنەوی دیناری خۆی لە شاری سابورخواستی کوردستان دروستکرد. لەسەر دینارەکە ناوی خۆی و خەلیفەی عەباسی بەیەکەوە دانابوو (بڕوانە وێنەی دوو ڕووی دیناری حەسنەوی).

زۆرجار دەڵێن کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، لەم حاڵەتەدا بە ڕوونی دیار بوو حەسنەویەکان تەواوکەری فەرهەنگی باوباپیرە میدەکانیان بوون و عەرەبەکان تەواوکەری فەرهەنگی ئاشوری بوون کە زۆربەی بیروباوەڕی ئاینی و فەرهەنگی توندوتیژیان هاوشێوە بوو. وڵاتی حەسنەوی لەو ناوچانەی کوردستاندا دامەزرا کە لەسەردەمی ئاشوریدا میدەکان ووردە ووردە دەستیان بەسەردا گرت بۆ سەرەتای بوژانەوەیان. پتۆڵمی نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر جوگرافیای وڵاتی میدی داناوە، ناوی هەندێک لە شارەکانی کە ناوەکانیان دەناسرێتەوە، بریتین لە کەنگەوەر و هەمەدان و نەهاوەند. ئێستاش یەکێک لە قەڵا گرنگەکانی دەوڵەتی حسنەوی لە ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان بە ناوی (سەرماج) ەوە ماوە.

بەو جۆرە دەوڵەتی حەسنەوی وەک میراتگری فەرهەنگی باپیرە میدەکانیان، بەشێکی بەرچاوی ئەو شارانەی میدیان بەدەستەوە بوو. ئەم دەوڵەتە جگە لەو لایەنە هاوبەشییە جوگرافیەی لەگەڵ مید دا، لە زۆر ڕووی تری فەرهەنگیەوە هەر هاوبەشیی لەگەڵ مید دا هەبووە. بۆیە لە ژێر سایەی ئەم دەوڵەتە کوردیەدا ئاینی یارسانی بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لەم سەردەمەدا کەسایەتیەکی کوردی هەورامی وەک باوە سەرهەنگی دەودانی (لەدایکبووی ٩٣٦ز) پەیدابووە، کە ئەمڕۆش گۆڕەکەی لە هەورامانە. باوە سەرهەنگ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر نیاز و هەوڵی خۆی و یارانی لە دوو دێڕدا دەخاتەڕوو کاتێک کە لە کڵامێکی یارسانیدا دەبێژێت:

سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان
ئەز کە ناممەن سەرهەنگ داودان
چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان
مەکۆشم پەرێ ئاین کوردان

بابە سەرهەنگ لە ژێر سایەی ئەم دەوڵەت کوردیەدا کە لە ڕووی فەرهەنگی و جوگرافیەوە میراتگری دەوڵەتی مید بووە، دەبێژێت “من کە سەرهەنگی دەودانم و ناوم سەرهەنگی دەودانە، لەگەڵ میریدەکان و خوڵامانی خۆما بەهەموو شوێن و جێگایەکدا دەسوڕێمەوە و بۆ زیندووکردنەوە و بوژاندنەوەی ئاینی کۆنی کوردان تێدەکۆشم”
باوە سەرهەنگ کەسایەتیەکی گەورە و ڕێبەر بووە، بۆیە زۆر لە یارسانەکانی کوردستان و خەڵک ئاگاداری ئەو هەوڵەی بوون بۆ زیندوووکردنەوەی ئاینی کوردان. “باوە سرنجی کەڵاتی” کە هاوسەردەمی بووە و سەرهەنگی بەڕێبەری خۆی داناوە، لە کڵامێکدا سەبارەت بەوە دەفەرموێت:

سەرنج سەرهەنگ، سەرنج سەرهەنگ 
کەڵاتیەنان سەرنج سەرهەنگ
پەی نەوەر زام شەستمەن خەدەنگ 
سەرهەنگ ئەو کەسەن، بێگانان ئەرژنگ

واتە “من سرنجی کەڵاتم و پەیڕەوی لە باوە سەرهەنگەوە دەکەم کە پیر و ڕێبەرمە، وە بۆ نیشتیمانەکەم شانبەشانی باوە سەرهەنگ لەگەڵ بێگانەکانا بەشەڕ هاتم. باوە سەرهەنگ ئەو کەسەیە کە چەند بێگانەی ئەرژەنگی لەناوبرد و بەسەر دوژمندا سەرکەوت” ئەرژەنگ لەو کەڵامەدا ئاماژەیە بە دێوێکی ئەفسانەیی گەورە کە ڕۆستەم لەناوی بردووە.

بەو جۆرە لە ژێرباڵی ئەم دەوڵەتەدا کەسایەتیە مەزنەکانی وەک بابە گەرچەکی هەورامی، دایە تەورێزی هەورامی و بابە قەیسەری هەورامی و چەندین کەسایەتی تر پەیدابوون. دەوڵەتی حەسنەوی لە سەرەتاکانی نۆ سەدی زاینیەوە هەتاوەکو ساڵی ١٠١٥ ز بەردەوام بووە، بەڵام دوای شەڕ و ڕێکەوتن و کێبڕکێیەکی زۆر لەگەڵ دەوڵەتی هەیاری (٩٩٠-١٠٥٤ز) کوردیدا، دواتر بوو بە بەشێک لە دەوڵەتە نوێکە کە لەلایەن ئەبو فەتح محەمەدی کوڕی هەیارەوە دامەزرا. ئەبو فەتح میری شازنجانیەکان بووە و پایتەختی دەوڵەتەکەی لە هەڵوان (سەرپێڵی زەهاو) دا بووە کە شارێکی مێژووییی دێرینی میدی/کوردی بووە و ئەو کات ناوەندێکی گرنگی زانست بووە. سەرچاوەکان ئەم دەوڵەتە بە عەیاری/عەنازی ناودەبەن و زۆربەیان بە عەیاری دادەنێن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەرچاوەکاندا ناوەکە بە عەرەبی تۆمارکراوە، پێ دەچێت هۆکاری ئەوە بێت پیتی (ه) کرابێتە (ع) دەنا ئەو ناوە نەگونجاو دەردەکەوێت. شەرەفخانی بدڵیسی دەڵێت لە مانای وشەی (عەیار) وە هاتووە بەڵام پێ دەچێت پەیوەندی بە ناوی ئاینی یارسانیەوە هەبێت و (هەیار) بووبێت، بۆیە لەم بابەتەدا بە هەیار ناوهێنراوە.

ئەم دەوڵەتە دەسەڵاتی ووردە ووردە ڕووی لە فراوان بوو، بە تایبەت کاتێک کە ئەبو شەوکی میری کوردی هەیاری لە ساڵی ١٠٢٩ ز دا بەسەر تورکە غزەکاندا سەرکەوت و لە ئەنجامدا خەلیفەی عەباسی نازناوی (حسام الدولة) ی پێبەخشی. بەو جۆرە ئەم دەوڵەتە بەهێز بوو و نزیکی حەفتا ساڵ حوکمڕانی کرد، هەتاوەکو سەلجوقیە تورکەکان کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەربەخۆی ئەو دەوڵەتە کوردیە هێناوە. دوای بەهێزبوونیان لە ناوچەکەدا، سەلجوقەیەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەریاندا سەپاندن و داوایان لێکردن کە بەناوی ئەوانەوە حوکمڕانی بکەن و ببنە بەشێک لە دەسەڵاتی سەلجوقیەکان.

لە سایەی ئەم دەوڵەتە کوردیەشدا دیسان ئاینی یارسانی کوردان زیندووبوونەوەیەکی مەزنتری بەخۆیەوە بینیوە. کەسە ناودارەکانی وەک بابە تایەری هەمەدانی، شاخۆشین، پیر شالیار، فاتمە لوڕەی گۆران، لزا خانمی جاف، بابە ناوسی جاف، دایە خەزانی سەرگەتی، پیر ئەحمەدی کەرکوکی، کاکە ڕەدای لوڕستانی، خاتوو مەی زەرد…… هەموویان لەم سەردەمەدا ژیاون و لە بەشێکی گەورەی کوردستاندا هەوڵی بوژانەوەی ئاینی یارسانیان داوە. بۆیە ڕێکەوت نیە کە ئەمڕۆ ناوی گوندێک لە نزیک دەربەندیخان لە باشوری کوردستان شاخۆشینە کە لە ڕابردوودا گوندێکی یارسانی بووە. هەروەها لە نزیک هەڵەبجەدا، نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر نزرگەی پیرۆزی شاخۆشین تۆمارکراوە کە دڵنیا نیم ئەو نزرگە پیرۆزە مابێت.

هیچ سەرچاوەیەک چنگ نەکەوتووە کە بە ڕوونی بۆمان بخاتە ڕوو کە ئەو دەوڵەتانە خۆیان وەک یارسانی ڕاگەیاندبێت، بەڵام سەرچاوەکان ڕوونن لەوەدا کە ئەو دەوڵەتانە دەوڵەتی سەربەخۆ بوون و خۆیان کاروباری خۆیان بردووە بەڕێوە و دەوڵەتی کوردی بوون. بە دڵنیایی ئەو پیاوە ئاینییە یارسانیانە پاڵپشتی دەسەڵاتی کوردیان هەبووە بۆ گوزەرانیان و لە کۆڕی میرە کوردەکاندا دانیشتوون و پشتگیری کراون دەنا نەیاندەتوانی کە بەو جۆرە برەو بە بڵاوکردنەوە و زیندووکردنەوەی ئاینەکەیان بدەن. دیارە بە دڵنیایی ئەو دوو دەوڵەتە لە کاتێکدا کە پەیوەندی سیاسیان هەبووە لەگەڵ عەباسیدا، بە تەواوی نەیانتوانیوە هەموو شتێکی ئەو دەوڵەتە ڕەتبکەنەوە، بۆیە دەبینرێت کە لە کاتێکدا بەدری حەسنەوی ناوی لە پەنا خەلیفەی عەباسیدا داناوە، ناچار بووە کە سیمبوڵی ئاینی ئەوان قبوڵ بکات. بەڵام لە کڵامەکاندا دەردەکەوێت کە لە سایەی ئەم دوو دەوڵەتەدا ئاینی کوردی یارسانی گەورەترین بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە بەشێکی گەورەی کوردستاندا ئەو ئاینە زیندوو کراوەتەوە. ئەمڕۆ ئەو ژمارە زۆرەی گۆڕ و نزرگەی پیرۆزی پیر و بابە/باوە و پور و دایە کە بەشێکی گەورەی چیا و گوند و دەشتی کوردستانیان تەنیوە، پاشماوەی هەوڵ و کۆششی باوباپیران و داپیرانی یارسانیمانن.

ئاینی یارسانی وەک ئاینێکی کوردی لەگەڵ چەکەرەکردنی ئەو دوو دەوڵەتە کوردیەدا زیندوو بوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لەبەر ئەوەی کە ئەو ئایینە لە هەموو ڕوویەکەوە لەناو هەناوی فەرهەنگ و مێژووی کوردەوە هاتۆتە دنیاوە. بۆیە نەیتوانیوە لە سەرکەوتن و خەم و نیگەرانیەکانی کورد جودابێتەوە. لە کاتێکدا کە زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر باوە سەرهەنگ لە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئاینی کورداندا بووە و لە کڵامە نازدارەکەیدا ئەو هەوڵەی دەخاتەڕوو، دەبینرێت خان ئەڵماسی لوڕساتنی (١٦٦٢-١٧٢٨ز) نزیکی زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەم زاتە بە ڕەچەڵەک لوڕە، لە کڵامێکی یارسانیدا پێشبینی کزبوونی ڕۆڵی کوردی کردووە و بە کوردی هەورامی ئەو نیگەرانیەی خۆی خستۆتە ڕوو کە دەسەڵاتی کورد ڕوو لە کزی دەکات و تورک بەهێزتر دەبێت، کاتێک دەفەرموێت:
چوارگۆشە ماتەن، چوارگۆشە ماتەن
سەراف مەزانۆ چوارگۆشە ماتەن
بگیر بگیرەن سەڵات سەڵاتەن
ئاشۆی شارانەن شاخۆشین واتەن
.
.
زەنگی زەنگەوار تاتار هەوەش
کوردان ئەتراف تورکان سەرکەش
.
.
جارێکی تر لە کڵامێکدا دەبێژێت:
تورکان ژ سەرین، کوردان ژ دامان

ئەم ئاینە ئاوێتەیەکی سەیری ڕەنگاوڕەنگیی فەرهەنگی کوردیە و زۆرجار مرۆڤ لەو ئاوێتەبوونە سەری دەسوڕمێت. لە ناو ئەم ئاینەدا و لە سایەی ئەم دوو دەوڵەتە کوردیەدا لوڕیەک و جافێک و کەڵهورێک و هەورامیەک، بە کوردی هەورامی/گۆرانی دەنووسن، هەر لەسایەی ئەم ئاینە کوردیەدا ئەڵماس خانی لوڕستانی کە لوڕ بووە، بە کوردی هەورامی دەنووسێت و وەک کوردێک نیگەرانە و پێشبینی کزبوونی ڕۆڵی کورد دەکات و پیر ئەحمەدی کەرکوکی نزیکی زیاتر لە نۆ سەد ساڵ لەمەوبەر لە کەرکوکدا بە کوردی سۆرانی کڵامەکانی دەنووسێت و دەفەرموێت:

ئەز ئەحمەدی زێڕین بەرم ئەز ئەو دوڕەی ناو گەوهەرم
ئەرز و سەمایە لەنگەرم لە ڕۆژ حەساو ئەز لە دەرم
ئەز ئەحمەدم بارم گێڵان تاونم داوە بە خێڵان
جەژنم داناوە لە کەیان لە ڕۆژ حەساو ئەدەم بەیان
ئەز ئەحمەدی ناو بچووکم هەم نەوزاوا و هەم نەوبووکم
زەڕینەڵەی دەستە لووکم ڕۆژی حەساو ئەز دەکووکم
ئەز ئەحمەدی بێ منداڵم هەم نەوزاوا و هەم نەوماڵم
زەڕینەڵەی ناو دەستماڵم ڕۆژی حەساو ئەز دەناڵم
ئەز ئەحمەدی دەریای جەیحوون چەندێ گەڕام بە دوونای دوون
لە گشت لاوە هەڵساوە هوون لە سیاوەخشۆ کرام گوڵگوون
ئەز ئەحمەدی ئاو تەشارم لە ئاوی دوڕ گەوهەر بارم
لە هەفتەمین ناوی یارم ڕۆژی حەساو ئەز دیارم

ئەوەی کە لە سەرچاوەکاندا بۆمان ڕووندەبێتەوە، ئاینی یارسانی تەواوکەری ئاینی کوردیی دێرین بووە و هەر بەهۆی ئەوەوە بووە کە توانیویەتی بەشێوەیکی سەیر جێی هەمەڕەنگیی فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردی بکاتەوە و لە هەموو سوچێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان وهەر شوێنێک کوردی لێبێت بڵاوبێتەوە و هەندێک جار چووەتە ناو خەڵکی دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردیشەوە. بۆیە لە ناوی کەسایەتیەکانی ئەو ئاینەدا ناوی وەک پیرموسای شامی (لەدایکبووی شام)، پیر خەلیلی موسڵی (لەدایکبووی موسڵ)، پیر مەحمودی بەغدادی (لەدایکبووی بەغدا)، پیر سلێمانی ئەردەڵانی، پیر نازدار خاتوونی شیرازی، پیر بابە غەیبی هاواری، پیر ئەلیاسی مۆریاسی، پیر جەعفەری کوردستانی، پیر عەبدولعەزیزی بەسرایی (لەدایکبووی بەسرە)، پیر خالقی ئەردەوێڵی، دەروێش نەورۆزی سۆرانی، خاتوون زەربانوی دەرزیانی، نێرگز خانمی شارەزووری، سەمەن خانمی دەودانی، پیر ڕاستگۆی قەرەداخی، خاتوو دایرەکی ڕەزبار، پیر سادقی مازەندەرانی (لەدایکبووی مازەندەران)، پیر قابیلی سەمەرقەندی (لەدایکبووی سەمەرقەند)، پیر حوسەینی ئەستەمبوڵی (لەدایکبووی ئەستەمبوڵ)، پیر قانونی شامی (لەدایکبووی شام)، پیر تایەری ئەسپەهانی (لەدیاکبووی ئەسپەهان)،پیر ئیبراهیمی جاف …دەبینرێت و بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ئایینە بە نزیکی بە هەموو کوردستان و لە ناو هەموو گروپە جیاوازەکاندا بڵاوبووەتەوە. بۆیە هەر کە دەرفەتێک لە سایەی دەوڵەتی کوردیدا هاتۆتە ئاراوە پیاوانی ئاینی کورد هەوڵی بوژانەوەی ئاینی زەردەشتیی عەجەمیان نەداوە، بەڵکو هەوڵی بوژانەوەی ئاینی کوردیی باوباپیرەیان لە بەرگێکی نوێتردا داوە.

دەبێت ئەوە بڵێم کە نەتەوە نیە لە جیهاندا ئاوا خەمساردانە سەیری ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی بکات. هەتاوەکو ئێستا لەسەردەمی نوێدا کورد کتێبێکی تایبەتی مێژوویی لەسەر ئەو دوو دەوڵەتە نەنووسیوە کە کاریگەری گەورەیان لەسەر بوژانەوەی فەرهەنگی کوردی هەبووە. کڵامەکانی ئەو ئاینە کوردیەش بەو هەموو دەوڵەمەندیەوە لەوێدا بێناز کەوتوون و خەڵک دوای خەیاڵاتی ئاینی زەردەشتی کەوتوون. هەروەکو ڕوون کراویەوە ئاینی یارسانی لە دڵ وڕۆحێکی کوردانەوە هەڵقوڵاوە و گوزارش لە ڕۆحی کۆمەڵگەی کوردی بە هەمەڕەنگیەوە دەکات. ئەو ئاینە ‌هێندە کوردانەیە کە لەگەڵ چەکەرەکردنی دەوڵەتێکی کوردیدا ئەویش نەشونمای کردووە و لەبەر ئەوەی لە فەرهەنگ و مێژووی کورد جودانەبووەتەوە، لە کاتێکدا لە هەموو تێکستی زەردەشتیدا لەبەر ئەوەی بە دەستی عەجەم نووسراوە، یەکجار باسی کورد کراوە ئەویش وەک سەربازە پاڵەوانەکانی ئێران ئاماژەیان پێکراوە. بە پێچەوانەوە، ئاینی یارسانی هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەڵچوون و داچوونی کورد دا هەمان کاریگەریش لەسەر ئەو هەبووە. ئەمە تەرجومە ئینگلیزیەکەی تێکستی زەردەشتیە لە سەر ” سەربازە پاڵەوانەکانی ئێران”. 

مرۆڤ دەبێت پرسیار بکات لە کاتێکدا کە کۆنترین دوو تێکستی زەردەشتی بریتین لە تیکستێک کە وەک کۆمەڵێک لێکدانەوە سەبارەت بە ئاڤێستا نووسراوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆهەمی زایینی بە ناوی زەند (Zend) و تێکستێکی نووسراوی تری ئاڤێستا خۆی کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٢٣ ی زاینی کە کەمتر لە حەوت سەد ساڵ تەمەنیەتی. ئایا دەکرێت سەرهەنگ دەودان لە سەدەی دەیەمی زاینیدا ژیابێت کەچی کۆنترین تێکستی زەردەشتی نزیکی هاوسەردەمی سەرهەنگی داودان بێت بەڵام سەرهەنگی ئاشنا بە فەرهەنگی کوردی ئاینی یارسانی بە هەڵە بە ئاینی خۆی دانابێت و ئاگاداری ئاینی زەردەشتی نەبێت؟ وەڵامەکە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە کەسێکی گەشبینم و حەز بە ژیان دەکەم و بە تایبەت ئەو شتانەی کە خۆشیەکی ڕۆحیی مەزن بە ژیانم دەدەن، مێژوو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردیە. جا زۆر جار لەناو کڵامی یارسانیدا خۆم بزر دەکەم و دەکەومە خەیاڵاتێکی کوردانەوە و لەگەڵ باوباپیران و داپیرانی یارسانیمدا دەژیم. بەڵام دەزانم مردنیش هەر لە ڕێدایە و وەک هەر مرۆڤێک ئاسایی بیر لەمەرگ دەکەمەوە. بۆ مردنم دەیهێنمە بەرچاوم کە چەند کەڵامخوانێکی یارسانی بەڕێز بە تەمورەوە و بە ڕێوڕەسمی یارسانی کوردی بەرەو گۆڕ دەمبەن و دەمخەنە ناو گۆرەوە، دواتر چەند قەوالێکی ئێزدی دێن بەدەم خوێندنی ڕێوڕەسمی کوردانەی بەخاکسپاردنەوە دەمدەنە دەست “دەروێش عەرد”، ئەو خودا دیرینە ئێزدیەی ئەرد کە بۆ هەتایی چاودێریم دەکات. دەمەوێت دواساتەکانی ماڵئاوییم لەگەڵ دەنگی تەمورە و کەڵام خوێندنی یارسانی و ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی ئێزدی بێت، دەمەوێت وەک باوباپیران و داپیران ئەم زەویە بەجێبهێڵم. 
نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
– بابەتی ئاینی کوردی بابەتێکی ئاڵۆزە بە داخەوە زۆربەی جار ڕابردوومان لە ژێر سۆزی ناسیۆناڵیستی کوێرانەدا کراوە بە زەردەشتی بێ ئەوەی کە لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی گۆڕانی ئاینە کوردیەکان بکرێت یان سەیری سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان بکرێت. لەم دواییەدا خەریکە ئەو هەوڵە لە زەردەشتیەوە دەگۆڕێت بەرەو میسرایی، دیسان بێ ئەوەی کە ئەو خەڵکانە بە ووردی لە ئاینە کوردیەکان و خودای میسرا و ئاینەکە گەیشتبێتن. ئەوەی ئەمڕۆ کورد پێویستیەتی تێگەیشتن و کۆکردنەوە و تۆمارکردنی لایەنە فەرهەنگیەکانیەتی و بە ئامانجی تێگەیشتنێکی قوڵ و بێلایەنانە لە ئاینە کوردیەکان نەک لکاندنیان بە ئاینی ترەوە بێ لێکۆڵینەوەی زانستی.
– ئەم بابەتە زیاتر تیشکی خستبووە سەر ئاینی یارسانی، دەنا ئاینی ئێزدی ئاینێکی زۆر دێرینە و دەشێت یەکێک لە کۆنترین ئەو ئاینانە بێت لە جیهاندا کە هێشتا زیندوو بێت. ئاینی کوردی پێویستی بە کتێبێکی زۆر گەورە و گران هەیە بۆیە لێرەدا بە مەبەستی کورتکردنەوەی بەباتەکە زیاتر تیشک خرابووە سەر ئاینی یارسانی.
– هۆکاری ناونەهێنانی ئاینی بەرمەکیەکان لەم وتارەدا بە مەبەستی کورتکردنەوەی بابەتەکەیە لەبەر ئەوەی کە باسکردنی ڕاماندەکێشێت بەرەو لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیەکی زۆری ئاینەکانی ناوچەکە و ڕابردووی کورد کە لەم بابەتە کورتەدا ناتوانرێت بکرێت.
– دەروێش عەرد ئەو خودا ئێزدیەیە کە ئێزدیەکان مردووی پێ دەسپێرن و بە زمانی ئینگلیزی لێکۆڵینەوەی تایبەتی لەسەر هەیە. 
– مەبەستی سەرەکی ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ دەرکەوتنی هەندێک لە کەسایەتی ئاینی یارسانی و کڵامەکانیان لە سایەی ئەو دوو دەوڵەتە کوردیەدا، بۆیە ئەم بابەتە بە هیچ جۆرێک بە ئامانجی نووسینەوەی مێژووی ئەو دوو دەوڵەتە نەنووسراوە. 
– لێکدانەوەی کڵامەکان لەلایەن مامۆستا سدیق بۆرەکەییەوە کراون و منیش . وەک خۆی تۆمارم کردوون لەبەر ئەوەی کە بەداخەوە هەورامی زان نیم. هەمیشە سوپاسی ئەو مامۆستا بەرێزە دەکەم لە هەوڵ و کۆششیدا بۆ کۆکردنەوە و لێکدانەوەی کڵامە یارسانیەکان.

Bildet kan inneholde: 2 personer, tekst
Likes(2)Dislikes(0)