دادگای نێودەوڵەتیی پاریس حکومەتی تورک و ئەردۆغانی بە دژایەتیی گەلی کورد بە تاوانبار لەقەڵەم دا، ئەردۆغانیشی بە بەرپرسیاری سەرەکی ئەو تاوانانە ناونا.

دادگای نێودەوڵەتیی پاریس کە لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئازاردا دانیشتنێکی بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە جزیرە، سوور، شرناخ و نسێبین ئەنجامدا، ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی ڕاگەیاند و تورکیای بە تاوانبار لەقەڵەمدا.

ئەو دادگایە بڕیاری داوە، کە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە شارە کوردییەکانی وەک جزیر، شرناخم نسێبین و سوور کە لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٧ ئەنجامدراون، تاوانی دژی گەلی کورد بوون، هەروەها بڕیاردرا کە دەوڵەتی تورک لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا وەک بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو تاوانانە بناسرێت، هەروەها ڕاگەیەندرا، کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بۆ ئێستا لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی وڵات لەدژی ئەندامانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد تاوانی ئەنجامداوە.

هەروەها ڕاگەیەندرا، کە دەوڵەتی تورک سەرچاوەی پرسە ناوخۆکانی تورکیا، کە قبوڵکردنی هەبوونی گەلی کوردە ڕەتدەکاتەوە، ئەوەش بە ئاستەنگ دروستکردن لە بەردەم مافی ئەو گەلە بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆی ئەنجام دەدات.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە نکۆڵیکردنی دەوڵەتی تورک لە مافەکانی گەلی کورد وایکردووە، کە ئەو گەلە ئیرادەی خۆی لە خەباتی چەکداریی پەکەکەدا ڕێکبخات، شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٨٤ وە بەردەوامیی هەیە، پەکەکە ڕێکخراوێکە کە لە مەیدانەکانی نەتەوەیی و ناوچەیی خاوەنی بەرپرسیارێتییە، زۆرینەی گەلی کورد بەگوێرەی فەرمانەکانی پەکەکە دەجووڵێنەوە و پەکەکەش لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری ئەو حزبە خۆی ڕێکدەخات.

ئەووەش خرایە روو، کە دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە لە تەقینەوە لە میتینگی هەدەپەدا کە لە ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ڕوویدا، هەروەها بەرپرسیارە لە تەقینەوەی ٢٠ی تەموزی ٢٠١٥ لە پرسووس و ١٠-١٠-٢٠١٥ش لە ئەنقەرە، لە ئابی ٢٠١٥ وە بۆ مانگی ١ی ٢٠١٨، ٢٨٩ کەس کوژراون و لە ئەنجامی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ سەر ١١ شار و ٤٩ شارۆچکەی تورکیا ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار هاوڵاتی لە مافەکانیان بێبەشکراون.

لە بەردەوامیی بڕیارەکانی دادگادا هاتووە، کە دەوڵەتی تورک تاوانی شەڕی لەدژی گەلی کورد ئەنجامداوە و ئەردۆغانیش بەرپرسی سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە.

 س.رۆژنیوز

Likes(1)Dislikes(0)