تۆزێک شەرم

0
336

کوردستان وڵاتێکە کە لە لایەن 4 وڵاتی ئێران، ئێراق، ترکیە و سووریەوە داگیر کراوە و بە درێژایی ئەم داگیرکارییە سەروەت و سامانی کوردستان بە تاڵان براوە و خەڵکەکەشی لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بە خرابترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
حکومەتی عێراقی سەدام حوسەین زیاتر لە 2 سێ دەیە باشووری کوردستانی بە ئەڕتەش، ئەمن، ئیستخبارات و مخابرات تەنیبوو.
لە ماوەی فەرمانڕەوای سەدام حوسەین گەلی کورد لە باشوور تووشی دەیان کارەساتی نامرۆڤانە بوو و ئەڕتەشی عێراق دەستی لە گەورە و بچووک نەدەپاراست، زیندانەکان پڕبوو لە کچ و کوڕانی شوڕسگێڕی کورد، بنەماڵە نەبوو کوڕێک یان کچێکی لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە لە سێدارە نەدرابێ یان بە هەرشێوەیەکی دیکە بەدەستی ئەو زاڵمانە نەکوژرابێ، ھەموو گوندەکانی کوردستان لەناوبران و بوونە وێرانە، 182 ھەزار مرۆڤی کورد ئەنفال کران، کانی و ئاوەکانی کوردستان بە دەستی ئەو دڕندانە ژەهراوی دەکران، چەکی کیمیایی لەسەر رۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە تاقیکرایەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێ بەشێک لە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە باشوور و روژھەڵاتی کوردستان بە دەست ئازارەکانی چەکی کیمیایی سەدام حوسەینەوە دەناڵێنن و چارەسەرکردنی هێندێکیشیان زۆر ئەستەمە.

ناگەڕێینەوە دواوە و تەنیا باس لە سەردەمی سەدام دەکەین، کە بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتی ئەودا، شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان درێژەی هەبووە و لە پێناو ئازادکردنیشیدا دەیان رۆڵەی ئازای ئەم نەتەوەیە گیانی خۆیان کردە قوربانیی. هەردوو پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەو سەردەمەدا پێشەنگی خەبات بوون، سنگیان وەبەر چیا بەرزەکانی کوردستان دا بۆ رزگاریی.
لە ئاکامی خەباتی بێوچان و گیانسپاردنی هەزاران رۆڵەی ئازادیخوازی کورد لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، باشووری کوردستان لە بندەستی رزگاریی بوو و رزگاربوونی ئەم بەشە لە کوردستان بووە هیوا و چرایەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان.
لە ئێستادا ئەگەر سەرنجێک بدەین، بە روونی دەبینین کە هەرێمی کوردستان کە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ وڵاتانی هاوسێی خۆی و بگرە ناوچەکەش، هەرێمی تازەپێگەیشتووە، زۆرترین ئازادیی تێدا بەدی دەکرێ کە دەتوانم بڵێم نموونەیەکی بەرچاوە لە پیشاندانی دیمۆکراسی لەچاو وڵاتانی دراوسێی خۆی.
ئەمەش بەو مانایە نییە کە هەرێمی کوردستان، تەواو بێ کەموکوڕییە و لە هیچ روویەکەوە کێشەی نییە، بەپێچەوانەوە لە زۆر رووەوە کەموکوڕی هەیە و بەرپرسانی باڵاش دان بەوەدا دەنێن.
لە ئەم ساڵانەی دواییدا بزوتنەوەیەک ھاتە ئاراوە بە ناوی” بزوتنەوەی گۆڕان). ئەم بزووتنەوەیە تەنیا کاری بەلارێدا بردنی تاکی کورد بووە و بەم دواییانەش لە دەزگا راگەیاندنەکەی خۆیانەوە دەستیان کردووە بە تۆمەت و بوختان دانە پاڵ یەکیەتی و پارتی، کە ئەم کارەیان بووەتە جێی پرسیار بۆ مروڤی کورد. بەرێوە بەرانی گۆڕان بە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک نەوشیروان ھەتا کاتێ راگەیاندنی بزوتنەوەکەیان، بەشێکبوون لە ئەو کەموکوڕیانەی کە ئێستا باسیان دەکەن و زۆربەیان پوستە گرنگەکانیان لە ریزی یەکیەتی نیشتمانی و حکومەتەکەی بە دەستەوە بوو، بۆچی وا بەربوونەتە گیانی هاوڕێیانی پێشوویان.

من وەک تاکێکی کورد بە راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر گەشبین بووم. باوەرم وا بوو ئەو کارانەی یەکیەتی و پارتی نەیان توانیوە جێبەجێ بکەن ئەوا بەرێوەبەرانی گۆڕان جێبەجێی دەکەن. پێم وابوو بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی زیاتر بە کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و بەدرە و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەدات، نەک لەگەڵ رێکخراوە ئیسلامییەکان سەرای سلێمانی بگرێ و دروشمی رووخانی حکومەتێک بدات کە بە خوێنی ئازیزترین رۆڵەکانی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە. لەیلا زانا، پارلمانی ترکیا کە وڵاتێکی داگیرکەرە دەھەژێنێ و داوای مافی کورد دەکا و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسی و خۆشترین کاتەکانی ژیانی لە زیندانەکانی ترکیا تێپەر دەکا بۆیە بەسەربەرزی دەژی.
لە ھەموو وڵاتانی دنیا رێز لە پارلمانی وڵاتی خویان دەگرن لە بەر ئەوەی نوێنەرایەتی نەتەوەکەیان دەکات لە وڵاتی ئێمە پارلمانتارانی گۆڕان چەندین جارە دیمەنی خۆیان لە ناو پارلمانی وڵاتەکەیان ناشیرین دەکەن.
پارلمانتاری سەر بە گۆڕان لە ھۆڵی پارلمان دەڵێ “حکومەتی سەدام لە ئێوە حکومەتی ھەرێم باشترە”، بە راستی شەرمە کەسێک خۆی ئەندامی پارلمانێک بێت بەمشێوەیە قسە لەسەر وڵاتەکەی بکا و خوێنی دەیان هەزار رۆڵەی ئەم نەتەوەیە بخاتە ژێر پرسیار و بۆ هێندێک مەرامی تایبەتی سەرکردەکەی هەموو دەسکەوتەکان بکاتە قوربانی.
راستە لەوانەیە بۆ ئەو پارلمانتارەی سەر بە گۆڕان حکومەتی سەدامی پێ باشتر بێت، چونکە بیر و کردوەی ئەو جۆرە کەسانە بۆ خزمەت بە بێگانە پێگەیوە.

عەلی فازلی 16.7.2013