بەداخەوە لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دا رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشێکی بەربڵاویان کردۆتە سەر خاکی کوردستان و بەو هۆیەشەوە بە سەدان هەزار کەس لە برا ئێزیدییەکان و کاکەییەکان و هەروەها مەسیحیەکانی ناوچەکانی شەنگال، زوممار، بەعشیقە و موسڵ، ئاوارە بوون و هەزاران کەسیش لە لایەن تیرۆریستانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە کووژراون.
هەروەک لە دوو رۆژی رابردووش دا ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەیان پیاوی ئێزیدی خەڵکی گوندی کاوجۆی کۆمەڵکووژ کردووە و ژن و منداڵەکانیشی بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی گواستۆتەوە و پێشتریش ئەو تیرۆریستان دەستدرێژیان کردبووە سەر سەدان ژن و منداڵی ئێزدی و چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵی دیکەش هەروا ناروونە و مەترسی ئەوە هەیە کە وەک کۆیلەی جنسی بەکاریان بێنن.
رێکخراوی یاری کورد وێڕای مەحکوم کردنی سەرجەم کردەوە دژە مرۆڤییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پشتیوانی خۆی لە برا ئیزدییەکان و کەمینە ئایینییەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە دووپات دەکاتەوە. هەروەها دەستخۆشی خۆمان ئاراستەی پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەین کە لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەستاونەوە و گیان لە سەر دەست پارێزگاری لە خاک و خەڵکی کورستان دەکەن.
لە کۆتایی دا ئێمە وەک رێکخراوی یاری کورد بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای یارسان ئامادەیی خۆمان بۆ هاوکاری و هاوخەباتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەردەبڕین و ئامادەین شان بە شانی برا پێشمەرگەکانمان لە باشووری کوردستان دژی تیرۆریستان شەڕ بکەین.
سید فرهاد حیدری
Likes(0)Dislikes(0)