دەسەڵاتی ئێران لەڕێگەی دروستکردنی بەنداوی زمكان لە دەڤەری داڵاهۆ-ی سەر بەپارێزگای كرماشان، زیانێكی زۆری بە گوندنشینان و باخ و ئاسەواری ناوچەكە گەیاندووە، هونەرمەندێكیش دەڵێت: لە ڕێگەی گۆرانی و میوزیکەوە ئازاری خەڵكی داڵاهۆ بەجیهان دەگەیەنم.
ماوەی چەند ساڵێكە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی چەند بەنداوێك لەسنوری ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەتایبەت بەنداوی زمكان و داریان، كە بەهۆیانەوە چەندین ئاسەواری مێژوویی و كلتور و فەرهەنگی ناوچەكە لەناو چووەو چەندین گوندنشینیش بەهۆی ژێرئاوكەوتنی خانوەكانیان بۆ شوێنێكی تر كۆچیان كردووە.
چالاكوان و هونەرمەندێك بەناوی محەمەد ئەمیریان، بە ڕۆژنیوزی وت:”ووڵاتە زلهێزو حوكمڕان و دەوڵەتە یەك لەدوا یەكەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە هەوڵی بچوكکردنەوەی سنوری كوردستان و هەورامانیان داوەو یەك لەدوای یەك بەپێی سیاسەتی خۆیان سنورەكانیان ئاڵوگۆڕ پێکردووەو بەش بەشیان كردووە”.
 

محەمەد، وتیشی:”هەورامان یاخود ئێڵی گۆران كەكاتی خۆی سنورێكی بەرفراوانی هەبووە بەهۆی ئەو زوڵم و دابەش كاریانە تا ئەمڕۆ بەرەو كەمبون و زۆر شوێنیش بەرەو لەناوچوون ڕۆشتووە، ئێڵی گەورەجو كە گەورەترین ئێڵی ناوچەی سەرپێل و قەسری شیرینە سەر بۆ گۆران بووەو دابەشبووە بەسەر پێنج ئێڵی گەورەجوی قشڵاق كە كۆنترین ئێڵی گەورەجو بووەو گەورەجوی گەورە كەئەمیش گەورەترین گەورەجوی بوە لەگەل گەورەجوی باوەموراد و گەورەجوی بایەزید و گەورەجوی سەفەرشا، كە لەم گەورەجوانەش لەئێستادا تەنیا دوانیان بەزمانی هەورامی دەدوێن”.
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشدا:”ئەو دوو گەورەجوەی كە بەهەورامی دەدوێن بریتین لە، گەورەجوی قشڵاق كە بەداخەوە بەهۆی دروستكردنی بەنداوی زمكان تەنیا چوار ماڵ ماون و تەواوی خانوەكان و ناوچەكە كەوتونەتە ژێر ئاوی ئەو بەنداوەو گەورەجوی گەورەش كە كاتی خۆی ٣٦٠ ماڵ ژیانیان لەو ناوچەیە بەسەر دەبرد، بەهۆی ئەو بەنداوەوە ئەویش ژێر ئاو كەوت و خەڵكەكەی ئاوارەی شار و شوێنەكانی تر بوون”.
ئەوەشی وت:”بەداخەوە بەهۆی ئەو بەنداوی زمكانەوە تەواوی فەرهەنگ و مێژوو و ئاسەوار و هونەر و كاری دەستی و تەنانەت زمانی ئەو دوو شوێنە لەناوچوون و حكومەتیش هیچ جۆرە قەرەبویەكی بۆ نەكردنەوە”.
باسی لەوەش كرد: من وەك خۆم لەڕێگەی هونەرەكەمەوە كە سەرقاڵی تەنبور ژەنین و گۆرانی وتنم ئازارو خەمەكانی ئەو كارەساتە لەهەموو شوێنێك بڵاودەكەمەوەو ئێستاش سەرقاڵی تۆماركردنی بەرهەمێكی سیاوچەمانەم بەناوی سیاوچەمانەی خەمی بەنداوی زمكان و داریان، كە گوزارشتە لەخەم و ئازاری خەڵكی ئەو دوو ناوچەیەی هەورامان كە بەهۆی ئەو دوو بەنداوەوە زیانێكی زۆر بە كلتور و فەرهەنگ و مێژوو و زمانی هەورامان كەوت.

Likes(1)Dislikes(0)