گفتوگۆیەکی شیعریی دژەیەکی ساڵی ١٩٤٥ لە نێوان موفتی پێنجوێنی شاعیر- ی باپیرم و مەلایەکدا سەبارەت ناردنی کچان بۆ قوتابخانە و نووسین، بە زمانی کوردی.

موفتی پێنجوێنی (١٨٨١-١٩٥٢) شاعیر کەسایەتیەکە کە شیعرەکانی بۆ دوو ئامانجی سەرەکی بوون، یەکەم هۆشیارکردنەوەی نەتەوەکەی و هەوڵدان بۆ بەرپابوونی دادوەری کۆمەڵایەتی. ئەوەش بە شیعرەکانیەوە دەردەکەون و لە ڕێگای داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان و خەڵکانی هەژار و وشیارکردنەوەی کورد، گوزارشی لەو ئامانجەی خۆی کردووە.
موفتی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە هەر بە قسە داکۆکی لە ئافرەتان نەکردووە، بەڵکو هەندێک هەنگاوی لەو سەردەمەدا ناوە کە یەکەم کەس بووە هەنگاوی لەو جۆرە بنێت و ئەو هەنگاوانەشی بووەتە مایەی تانەی خەڵک و سەرزەنشتکردنی.
ئەو یەکەم کەس بووە کە لە شارۆچکەی پێنجوێندا، کچەکەی کە دایکمە، خستویەتە بەرخوێندن و هەر یەکەم کەسیش بووە کە کچەکەی خستۆتە سەر دوکان. موفتی پێنجوێنی هەر چەند خۆی مەلا بووە، بەڵام پیشەی مەلایی نەکردووە و وەک کەسێکی یاخی لە هەندێک دابونەریتی کۆمەڵایەتی و نادادوەری ئەو سەردەمە، زۆر بوێرانە دژی کاری نالەباری هەندێک لە شێخ و مەلا و ئاغاکانی ئەو سەردەمە وەستاوە و نەترساوە لەوەی کە بە کردار هەنگاوێک بنێت کە دەیان ساڵ پێش سەردەمی خۆی بووە.
بۆیە دەنگ و باسی ناردنی کچ بۆ قوتابخانە و خستنیە سەر دوکان، لای هەندێک مەلای ئەو سەردەمە بڵاوبووەتەوە و مەلایەک نامەیەکی شیعریی بۆ دەنێرێت و ترسی خۆی نیشان دەدات کە موفتی هانی بە کوردی نووسین و ناردنی کچ دەدات بۆ قوتابخانە و موفتیش زۆر زانایانە وەڵامی دەداتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکی حەفتا ساڵ بەسەر ئەو دوو شیعرەدا، بەڵام هەر هێشتا ئازایەتی موفتی و مێشک کراوەیی بۆ ئەم سەردەمەش هەر مانای ماوە:

شیعری مەلا قادری ئارمردە بۆ موفتی پێنجوێنی کە تێیدا سەرزەنشتی موفتی دەکات و ترسی خۆی نیشان دەدات لە ناردنی کچان بۆ قوتابخانە و بە کوردی نووسین:

مەلا عەبدوڵای توتنچی پێنجوێن
بە ئێمەی ناسیت گەلاوێژ و ژین
پرسێکم هەیە لە ڕێی شەرع و دین
ساتۆیش بنووسە جوابێکی شیرین
داخی بەجەرگم ئاخر زەمانە
نیشانەی چاکی ڕوو لە نەمانە
من لەبیرم دێ وەختی منداڵی
عالەم پەشێو حاڵ لەبەر بەتاڵی
بە تۆپێ چاو و یەک تەغار هەرزن
شەقیان هەڵدابوو لە خەفەت خواردن
ڕۆژی چوار شەمووی هەموو بەهارێ
عالەم ئەچوونە سەر شەخس بەجارێ
ئەمڕۆ شەخس و پیر باویان نەماوە
چاڵغی و عود و تار لە ناوا باوە
وەکو بیستومە لای ئێوە کچان
ئەچن بۆ مەکتەب بە ئابڕو تکان
زۆری نەماوە کە قەهری یەزدان
ئاگر بارێنێ لەجیاتی باران
ژنی میرداریش هەموو بەهارێ
ئەچن بۆ سەیران یەکسەر بەجارێ
ماڵیان نابیینن هەتا ئێوارێ
چاکیشە هێشتا بەردیش نابارێ
ژن هەقیان نیە لە ماڵ بێنە دەر
دین پایە ماڵ بوو هەی قوڕمان بەسەر
کاغەز نووسینیش کوردی زمانە
دیارە نیشانەی ئاخر زەمانە
مەلا قادر- م لە دێی ئارمردە
پێویستە جوابم بە دەست و بردە

وەڵامی موفتی پێنجوێنی بۆ مەلا قادری ئارمردە:

مامۆستای گەورەم شاعیری ڕەنگین
کۆگای زانستی ڕێگای شەرع و دین
ئەو پرسیارانەی کە تۆ لێت کردووم
جوابیت عەرز ئەکەم تاکو نەمردووم
جێگەی تۆ لە دێیی چۆڵ و لاپەڕە
کۆمەڵی دوورن وەک بزن و مەڕە
هیچتان نازانن ئەم دنیای ڕوونە
چۆنە و چ ڕەنگە و عالەم چلۆنە
دنیا بۆ خەڵکی ئێستە بەهەشتە
تۆش خۆراکی گاڵ، بەرگی جاو بەشتە
عالەم بە سنعەت چوون بۆ ئاسمان
تازە تۆ ئەگریت بۆ ئاخر زەمان
فەرمووتە کچان بۆ مەکتەب نەچن
کەی خوا فەرمویە خوێندەوار نەبن
ئەوانیش وەک تۆ ئادەمی زادن
شەریکی پیاون حوڕ و ئازادن
ژنی وڵاتان بوون بە کار بەدەس
تۆش ئەمر ئەکەی بخرێنە قەفەس
نووسین بە کوردی تاکەی کوفرە لات
بۆچ لات ناخۆشە زبانی وڵات
لێم زویر نەبی هاوڕێی ژینتم
کوردم وێنەی تۆ هەم هاودینتم
بەڵام لە داخان کەوا دواکەوتووین
عالەم هوشیارە و ئێمە هەر خەوتووین
ناچارم ئەیڵێم ئەوەی ئەیزانم
پڕ ئێشە زامی گۆشت و ئێسقانم
مەلا عەبدوڵا- ی توتنچی پێنجوێن
جوابی دایتەوە بە زوبانی دین

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

س:چاودێر
mofti penjveni

Likes(0)Dislikes(0)