هاوسەرۆکی کەجەکە، باسی لە هەوڵدانەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن کردو وتی: بۆ دژایەتی پەکەکە تورکیا لەگەڵ عێراق و ئێران کۆبووەوە، بۆ لەناوبردنی پەکەکە هەموو کارێک دەکەن، هیچ نەما تێپەڕی نەکەن و هیچ نەما لەو پێناوەدا نەیفرۆشن.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کەجەکە بەشداری بەرنامەی بیروڕای ئازادی تەلەفزیۆنی ڕۆناهی تیڤی بوو، سەبارەت بە دۆخی کوردستان و ناوچەکە وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوەو کۆبوونەوەکانی ئێران، تورکیا و عێراقی بەیەکەوە نرخاند و مەبەستەکانی ئەو کۆبوونەوانەی شرۆڤەکرد.
بایک سەرتا باسی پەیوەندییەکانی تورکیا، داعش و نوسرەی کردو وتی: دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی تووشی گیروگرفت بووە، ئەوەندەی دەسەڵاتەکەیان زیادیکرد، ئەوەندەش فاشیزم و زۆرداری دژی کۆمەڵگا زیادیکرد، دەیانەوێت دەوڵەتێکی نوێ پێکبێنن و بۆ ئەوەش فاشیزمیان بەرفراوان کردووەتەوە، ئەردۆغان بەنیاز بوو  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی وەکو سەرۆکی بەرەی سوننە دەربخات، بۆ ئەوەش پەیوەندییەکانی بە داعش و نوسرەوە بەهێزکرد و هاوکاری کردن، بەهۆی ئەو هاوکاریانەوە وێرانی قورس و کوشتاری زۆر ڕوویاندا، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان لەو کارانە دەست نەکەوت.

وتیشی:”لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەو کارانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەس لەگەڵ ئەردۆغان و باخچەلی نەمایەوە، کۆمەڵگای تورکیایان پارچەکرد، تەنیا ئەو کەسانەی بەرژەوندییەکانیان گرێدراوی خۆیانە لە کۆمەڵگای تورکیادا مانەوە و ئەوانی دیکە هەموو زیانیان بەرکەوت.

بایک لە بەردەوامیدا وتی، کە پەکەکەیان کردووەتە بەهانە بۆ قڕکردنی گەلی کور و ڕایگەیاند:”هەر دەچێت و پێگەکانیان لە تورکیا لاواز دەبێت، تێکۆشانی پەکەکە ڕێگا ناداتە ئەوان بگەنە ئامانجەکانیان، بۆیەش بۆ ئەوەی پەکەکە بە ئامانج بگرن هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، هەرچی هەوڵدەدەن هیچ ئەنجامێکیان دەست ناکەوێت، ئەمڕۆ ئەردۆغان و باخچەلی تێگەیشتوون کە خەون و خەیاڵەکانیان ڕاست نەبوون و بەدینەهاتوون، نەیانتوانی ئەردۆغان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک سەرۆکی سوننەکان دەربخەن و نەیانتوانی ئیمپراتورییەک لە شێوەی سەردەمی عوسمانییەکان پێکبێنن، هەموو ئامانجەکانیان یەک لەدوای یەکدی لەناوچوون و تێکشکان”.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە باسی لەوەش کرد: هەموو هەوڵدانەکانیان بۆ لەناوبردنی پەکەکەیە، چونکە باش دەزانن تا پەکەکە مابێت ناتوانن دژی گەلی کورد ئۆپەراسیۆنی قڕکردن ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن دژی پەکەکە هەوڵدانی جدی ئەنجام بدەن لەگەڵ عێراق و ئێران کۆبوونەوە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان دادەنیشن بۆ ئەوەی بتوانن بە هاوکاریانەوە گورز لە پەکەکە بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن پەکەکە لە ناو ببەن هەموو کارێک دەکەن، هیچ نەما تێپەڕی نەکەن و هیچ نەما لەو پێناوەدا نەیفرۆشن، بەهۆی ئەو کردەوانەشیانەوە تورکیا کەوتووەتە دۆخێکی نالەبار و سەختەوە، کێشەکان کۆمەڵگای تورکیایان داگرتووە، تورکیا بەو کارانەیانەوە نەک سەر ناکەوێت بەڵکو زیاتر ڕوو دەکاتە شکست هێنان و لەناوچوون و کێشەکان زیاتر دەکاتەوە.

بایک باسی کە هەوڵدانەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تورکیا لەگەڵ ئێران و عێراق کرد دژی پەکەکە و وتی: تورکیا دەیەوێت بە هاوکاری ئێران و عێراق دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات، بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا نییە، ئێران و عێراق یان هەر دەوڵەتێکی دیکە بۆچی دەبێت بەشداری ئۆپەراسیۆبنی تورکیا دژی پەکەکە و گەلی کورد بێت؟، ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە نەک هیچ یارمەتییەک نادات بەو وڵاتانە بەڵکو بە زیانیشیانە.

وتیشی: ڕاگەیاندنە تورکەکان دەڵێن، کە تورکیا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی دژی شەنگال، قەندیل و ڕۆژئاوا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئێران دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەشانە بەدرۆی خستنەوەو  ڕایگەیاند، کە شتی وا لە ئارادا نییە، دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی نەک تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو بووەتە بەڵا بۆ گیانی هەموو گەلانی ناوچەکە.

ڕاشیگەیاند: پەکەکە و کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی ستراتژیان هەیە، کورد و پەکەکە بوونەتە هێزی ئاشتی و شەڕ، هەموو کەس ئەوە دەبینێت و لێشی تێدەگات، بۆیە کەس ناتوانێت لە سەر بنەمای داواکارییەکانی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە، بەرژەوەندی کەس لەوە دا نییە و لەلایەکی دیکەوە لە بەرژەوەندیی هەمووان دایە کە لەگەڵ کورد و پەکەکە بن لەم دۆخەدا.

لە کۆتاییدا جەمیل بایک وتی:”هەمووان دەزانن کە هاوکاری دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی بەواتای تاوانبار بوونیانە، کەس نایەوێت ببێتە هاوبەش لەو تاوانانەی دژی هەموو بایەخە مرۆییەکان ئەنجام دراوە لەلایەن ئەو دەسەڵاتدارییەوە، لە بەرامبەردا دەشزانن باشترە خۆیان بە گەلی کورد و پەکەکە نزیک بکەنەوە و هاوکاری گەلی کورد و پەکەکە بکەن، تەنیا ئەمەیە کە دەتوانێت لەم دۆخەدا بکەوێتە خزمەتیانەوە لە بەرژەوەندیاندا بێت.

Likes(2)Dislikes(0)