بابا سەرهەنگی دەودان کی بوو؟

0
352
بابە سەرهەنگی دەودان، ئەو کەسەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر بە زاراوەی هەورامی کۆنترین دووبەیتە شیعری کوردانەی گوتووە، کێ بوو؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

کە یەکەم جار ئەم شیعرەی سەدەی دەیەمی زاینی بابە سەرهەنگی دەودان- م خوێندوە، ڕایچڵەکاندم. کاتێک کە دەڵێت:
سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان ئەز کە ناممەن سەرهەنگ دەودان
چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان مەکۆشم پەرێ ئایین کوردان

بابە سەرهەنگ لە دوو بەیتی تردا باس لە ساڵ و شوێنی لەدایکبوونی خۆی دەکات و دەڵێت:
وە سەنەی سێسەد بیست و چوار هیجری
هاتف نام ئەو جە شاهۆ چری

بە پێی ئەو شیعرە بابە سەرهەنگ لە دەوروبەری چیای شاهۆ و لە نزیکی ساڵی ٩٣٦ ی زاینیدا لە دایک بووە. واتە زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر سەرهەنگی داودان دەڵێت “من کە سەرهەنگی دەودان- م و ناوم سەرهەنگی دەودان-ە، لەگەڵ مریدەکان و هاوەڵانی خۆما بە هەموو شوێن و هەردێکدا ئەسوڕێمەوە، کۆشینەکەشم بۆ ئاینی کوردانە”

کە ئەو دێڕە دەخوێنیتەوە، دەستبەجێ کابرایەکی ڕیش سپی کوردت دێتەوە یاد کە تەمورەکەی لە باوەشدایە و گۆرانی یارسانی بە زاراوەی هەورامی دەڵێت. کێ ناتوانێت شێوەی ئەم دەروێشە کوردە لە هزریدا دروست نەبێت، کاتێک کە دێ بە دێ گەڕاوە و لەگەڵ هاوەڵەکانیدا لە هەوڵدا بووە بۆ هێشتنەوەی ئاین و فەرهەنگی کوردان. لە ڕاستیدا وەک بەڵگە، ئەمە کۆنترین دێڕە لە مێژوودا کە تێیدا کورد ڕاستەوخۆ هەستی نەتەوایەتی تێدا دەرخستبێت، من دڵنیام کە سەدان و هەزاران ساڵ پێش ئەو مێژووە شیعرمان هەبووە و هاواری لەو جۆرەی کوردانەی تێدا بووە، بەڵام بە داخەوە ئەوە کۆنترینە کە هەتاوەکو ئەمڕۆ دۆزرابێتەوە.

ئەو دوو دێڕە شیعرە ڕاستە زۆر سادەن، بەڵام لە ناویاندا مێژوویەکی دێرین دەبینرێت، هەموو ترس و دڵە ڕاوکێی کورد دەرک پێ دەکرێت. من یەکەم جار کە ئەو دێڕەم بیست، دەسبەجێ وەک بروسکەیەک، هەموو ئەو ترس و دڵە ڕاوکێیەی بابە سەرهەنگ کە زیاتر لە هەزار ساڵ بوو لە ناو پەڕاوە ئاینیەکانی یارسانەکاندا پارێزرابوون، لەگەڵ وشەکانیدا پەڕیە دڵمەوە. هەستم بە بەردەوامیەک و هاوفەرهەنگی لەگەڵ ئەو پیاوە کوردەدا کرد. پیاوێکی ئاینی کورد، لە ترسی فەوتانی فەرهەنگ و ئاینی کوردی لە خەمدایە.

بابەسەرهەنگ لە سەردەمێکدا ژیاوە کە ئاینە کوردیەکان کەوتبوونە ژێر فشارەوە و ئاینە نوێکان کە لە دەرەوە هاتبوون، فراوان دەبوون. بابە سەرهەنگ دەیەوێت لەو دوو دێڕەدا ئەوەمان بۆ باس کات، کە دێ بە دێ بە تەمورەکەیەوە فەرهەنگ و مێژووی کوردی کردۆتە شانیەوە و دەیەوێت بە خەڵکی بناسێنێتەوە، نەوەک ئاینە نوێکان قوتی بدەن. بابەسەرهەنگ بە شمشێر شەڕ ناکات و ملی کەسیش ناپەڕێنێت. ئەو دەیەوێت بە زمانی شیعر و گۆرانی یارسانی، هاوار بکات و خەڵک بە ئاگابهێنێتەوە کە قەدری فەرهەنگەکەیان بزانن، با لە کیس نەچێت.

ئەم دوو دێڕەی بابەسەرهەنگ دەتوانرێت لە چوارچێوەی ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو سەردەمەدا خوێندەوەیەکی تری بۆ بکرێت. لەبەر ئەوەی کە هاواری بابەسەرهەنگ لەو سەردەمەدا بە تەنها نەبووە و ناوچە کوردیەکان هەمووی کەوتبوونە خۆیان. ئەوەش لەو گۆڕانکاریانەدا ڕەنگی داوەتەوە کە لە لەو سەردەمەدا لە ئایینە کوردیەکاندا ڕوویداوە. ئێزدیەکان نزیکی زیاتر لە سەد ساڵێک دوای بابە سەرهەنگ، هەندێک گۆڕانکاریان لە ئاینە دێرینەکەیاندا کرد بۆ ئەوەی کە لەگەڵ سەردەمدا بیگونجێنن و لە نەمان بیپارێزن، لە ڕاستیدا شێخ عادی هەوڵیدا کە گۆڕانکاری زۆر لە ئایینی ئێزدیدا بکات. کوردە دروزەکان ماوەیەک دوای ئەو سەردەمە لە مێژووی ناوچەکەدا تۆمارکراون و ویستوویانە بناغەیەک بۆ بەرهەڵستیکردن لە بیروبۆچوونی ئاینی خۆیان دابڕێژن. سان سەهاک چەند سەدەیەک دوای ئەو قسانە ئاینی یارسانی داڕشتەوە.

ئەو دوو دێڕەی بابە سەرهەنگ ڕەنگدانەوەی قۆناغێک لە مێژووی ئاینە کوردیەکان و کەوتنە ژێر فشاریان دەخاتە ڕوو. بەپێی مامۆستا سدیق بۆرەکەیی، بابە سەرهەنگ کۆمەڵێک شیعری کۆکراوەتەوە بەڵام بە داخەوە هێشتا چاوەڕوانی چاپکردنە.

بابا سەرهەنگ