پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان له‌ باشووی روژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵکه‌وتوون‌ و له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌ لایان فارسەکانەوە بەبێ ویستی خەڵکەکەی هاوچەشنی پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەی نیشتمانەکەمان داگیرکراوه‌.

دانیشتوانی ئه‌م دوو پارێزگایەی کوردستان 99 لەسەدیان کوردن و به‌شێکی دانه‌بڕاون له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد و جوغرافیای سیاسی و نەتەوەیی کوردستانی مەزن.‌ دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه‌ سه‌ر به‌ ئایینی جۆراجۆرن و لە چاو ناوچەکانی دیکەی کوردستان به‌ چه‌ند زاراوه‌یەکی جیاواز قسه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌ر هه‌موویان، لە زمانی پاراو و رەسەن و دەوڵەمەندی پیرۆزی کوردیی پێکهاتوون.

ئه‌وه‌ی تا ئێستا داگیرکه‌ری فارس توانیویه‌تی بۆ نانەوەی دووبه‌رەکی ‌له‌م پارێزگایانە‌ که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێ ئایین بووە‌. کاتێک رێژیمی حه‌مه‌ره‌زا شا لە ده‌سەڵاتدا بوو، به‌ شێوازێکی دیکه‌ ئاژاوه‌ی ده‌نایه‌وه‌ و به‌ دوورستکردنی ئه‌و ئاژاوانه‌ توانی بیری نه‌ته‌وه‌یی لەو ناوچانە لاواز بکا و بەشێوەیەکی سیستەماتیکیش پلانی بە فارس کردنی نەتەوەکەمان لەو ناوچانە جێبەجێ بکا.

کاتێک ده‌سەڵاتی ئه‌و داگیرکه‌رە نه‌ما و رێژیمی ئیمامی زه‌مان هاته‌ سه‌ر حوکم، به‌ ناوی نوێنه‌ری ئیمامی زه‌مانەوە، شه‌ڕی کافر و ئیسلامی درووست کرد، ئێمه‌یان تووشی شەڕێکی ماڵوێرانکه‌ر و نەخوازراو کرد، بە شێوەیەک که‌ مه‌ودای بیرکردنه‌وه‌مان کورتی هێنا و دەرفەتی ئەوەمان بۆ نەرەخسا له‌ رێی دیالۆگەوە کیشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و ئێستاشی لەگەڵدا بێ ئه‌و برینانه‌مان سارێژ نه‌بوونەتەوە.‌

له‌‌م کاته‌دا کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی قه‌یرانێکی نێوخۆیی و ده‌رکیی هاتووه‌ و هه‌ر کات و سات چاوه‌روانی تەقینەوەی کۆمەڵگای جیهانی و گەلانی ئێران بەرووی ئەو سیستەمە توتالیتێرەدا دەکرێ، ئوپۆزیسیونی ئێرانی کە خۆیان بۆ حوکمرانی پاش مەلاکان و داگیرکاریی خاکی نەتەوەکانی ئێران ئامادە کردووە و هەر لە ئێستاوە خەمی پاراستنی ته‌مامیه‌تی ئه‌رزی ئێرانیان لە کۆڵ گرتووە، خه‌ریکن رێوی ئاسا له‌م دوو پارێزگا کوردستانییە ئاژاوه‌ دوورست دەکەن. به‌ڵام خه‌یاڵیان خاوه‌ و ئه‌وانه‌ش که‌ فریویان ده‌خۆن و مه‌رامه‌کانیان جێبه‌جێ ده‌که‌ن، جگه‌ له‌ رووره‌شی نه‌بێ هیچی دیکه‌یان بۆ نامێنێته‌وه‌. ئێمه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م دوو پارێزگا کوردستانییە به‌ هەموو ئایین و زاراوه‌کانیەوە، لە نەتەوەیەکین به‌ ناوی کورد و به‌ر له‌‌وه‌ی هه‌ر بیر و باوه‌ڕێکمان بووبێت و هەبێت، کورد بووین و کورد بوونه‌که‌ش له‌ هه‌موو شتێک به‌لامانه‌وه‌ پیرۆزتره.

من وه‌ک تاکێکی نەتەوەکەم که‌ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌م و کوردی سه‌ر به‌ کومه‌ڵگای یارسانم، ئایینەکەم خۆش ده‌وێ، چونکە ئاینێکی کوردییه و گرینگی بە نەتەوە و نیشتمانەکەم دەدا،‌ بەڵام ئه‌گه‌ر زه‌مانێک ئایینەکەم ببێتە هۆی دابرانم له‌ رێبازی کوردایه‌تی و له‌ کورد بوونم، بە دڵنیاییەوە خاکی نیشتمان و نەتەوەکەم هەڵدەبژێرم.

ئه‌وه‌ی لێره‌ ده‌مه‌وێ باسی بکه‌م ئەوەیە کە ماوەیەکە‌ ئۆپۆزیسیۆنی به‌ ناو سەرانسەریی ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیان داوه‌تە پڕوپاگەندە بە دژی کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوانە له‌ رێگای کەسانێکه‌وه‌ کە بەڵێنیان دراوەتێ لە داهاتوودا پلە و پایەیەکیان دەسکەوێ، پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکەن کە گوایە “هێزه‌ کوردستانییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌موویان له‌ ناوه‌ندی کوردستان پێکهاتوون و  له‌ پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام هیچ کەسێک له‌ ریزی سه‌رکردایه‌تی ئەو حیزبانەدا دانانرێ و هه‌ر هه‌مووشیان به‌ ئایین سونین و له‌ ناوچه‌ی کرماشان و ئیلام 5 دەرسه‌د لایەنگریان نییه”‌.

نازانم ئه‌م که‌سانه که‌ ده‌ڵێن 5 ده‌رسه‌دی خه‌ڵکی کرماشان و ئیلام هێزه‌کانی روژهه‌ڵاتی کوردستانیان قه‌بووڵ نییه‌ ئه‌م زانیاریانه‌ له‌ کوێ دێنن؟ ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن وەک هەموو داگیرکەرانی کوردستان ئامانجیان تەنیا نانەوەی دووبەرەکی و دوژمنایەتییە لە نێوان رۆڵەکانی نەتەوەکەمان. هێزه‌کانی روژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هه‌ر ناو و بیروباوەڕێکی سیاسییەوە کە خه‌باتیان کردووه‌، هەموو رۆڵەی یەک نەتەوەن کە ئەویش کوردە، جگە لەوەش لە هیچ کات و سەردەمێکدا خەباتی هەموو ئەو هێزانە بۆ ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە، لەوانەیە بە هۆی بارودۆخێکی تایبەتی و لە رووی هەڵکەوتەی جۆغرافیاییەوە بۆ ماوەیەک ئەو ناوچانە کەمتر جێگەی نفووزی هێزە کوردییەکان بووبن، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم لە ئێستادا ناوچەکانی ئیلام و کرماشان لە گرینگترین ئەو ناوچانەن کە لە لایەن بزووتنەوەی کوردەوە گرینگی زۆری پێدەدرێ و دەرسەدێکی بەرچاویش لە خەڵکی ئەو ناوچانە لە ریزی هێزە سیاسییەکاندا دەوری ئەکتیڤیان هەیە.

لە رێبه‌رایه‌تی هەموو هێزە سیاسیەکانی  کوردستاندا خه‌ڵکی ئیلام، کرماشان و ئەو ناوچانە، هەن.

له‌وانه‌یه‌ که‌س یان که‌سانێک پێیان ناخوش بێت بیر و چەخماخەی خەباتی کوردایه‌تی له‌ ناوچەی موکریانەوە گه‌شه‌ی کردووه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ دابه‌شکردنی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان له‌ نێوان ئایینه‌کانی کوردستاندایە، ئه‌مه‌ زور کارێکی هه‌ڵه‌یه‌ و ئەو کات مژارێک به‌ ناوی کورد و وڵاتێک بە ناوی کوردستان کە خاک و وڵاتی هەر هەموومانە نامێنێ، ئه‌مه‌ش رێک ئامانجی دوژمنانه‌ که‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌رنامه‌ی بۆ دادەنێن بۆ ئەوەی کورد هەرگیز لە رێی یەکێتی و تەبایی نێوانیان نەبنە هێز.

من له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م ‌کە کوردستان به‌ گوڵه‌ ره‌نگا و ره‌نگه‌کانیەوه‌ جوانه‌ و ئێمه‌ خه‌ڵکی ناوچه‌ی کرماشان و ئیلام کوردبوون و کوردستانی بوونمان لە پێش هەموو شتەکانی دیکەمانەوەیە و‌ له‌ پێناو خاکی پیرۆزی کوردستان و برایه‌تی نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی مەزن ئامادەین بۆ هەموو قوربانییەک  و رێگا ناده‌ین که‌س برایەتییەک که‌ له‌ باب و باپیرانمانەوە له‌ کرماشان و ئیلام بۆمان ماوه‌ته‌وه‌، درزی تێ بخات، گەورەترین هیوا و ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە‌ ئێرانی بە زۆر درووستکراوی فارسەکان ته‌جزیه‌ بکه‌ین و ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان رابگەیەنین.

بژی کورد بژی کوردستان

 عەلی  فازلی

Likes(1)Dislikes(0)