پیلانە شاراوەکانی دەوڵەتی تورک کە لەدژی کوردان داڕێژراوە و لەناوبردنی کورد بە بنەما دەگرێت، پەوەندی بە سەردانی شاندی بەناو دەستەی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە بۆ هەولێر هەیە، کە گرێدراوێکی دەوڵەتی تورکن، ئەمەش پرسیارەکە ڕوون دەکاتەوە، کە ئەو سەردانەی شاندەکە بۆ خستەڕووی پیلانەکەیە، کە بۆی ئەرکدارکراون.

دەستەی بەناوی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی دەکرێت، لە ١ی ئەم مانگەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، شاندەکە لە (نەسر ئەلحەریری، ئیبراهیم برۆ، عەبدولجەبار ئەلعەگیدی، حەواس عیگید، ربا حەبوش و قاسم خەتیب) پێکهاتبوون، لە ٢ی مانگدا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە، ڕۆژی دواتر لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی هەرێم کوبوونەوە.
عەبدولجەبار ئەلعەگیدی ئەندامی شاندەکە، بۆ میدیاکانی پارتی قسەیکردووە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە بەهیچ شێوەیە دیموگرافیای عەفرین و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە، بانگەشەی ئەوەشی کرد، کە ئەو داگیرکەرانەی لە سنووری عەفریندان پێشێلکاریی ناکەن و ناهێڵن بکرێت.
هەروەها نەسر ئەلحەریری کە وەک سەرۆکی شاندەکە دیاریکرابوو، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتیدا، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە “پەکەکە هێزێکی تیرۆریستییە”.

سەردانەکە ناڕەزایی لێکەوتەوە

دیارنییە کە ئەو شاندە لەگەڵ کەس و لایەنی دیکەدا کۆبوونەتەوە یاخود نا، بەڵام ئەو پەیامانەی کە ئەوان دابوویان، لە زۆر شوێندا ناڕەزایی لێکەوتەوەو باس لەوە دەکرا، کە “ئەوشاندە بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورک و دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و باکوری سوریا دەجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن”.

بەڵگەی پیلانەکانی تورکیا بۆ لەناوبردن

چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکە، لە کەناڵی نەتەوەیی میسرەوە ‘تێن تی ڤی’ پیلانێکی شاراوەی دەوڵەتی تورک کە دژی کوردان دایڕێژاوە، بەبەڵگەوە بڵاوکرای کردەوە، کە بە ناونیشانی “پلانی بەپەلە لە ئۆپەراسیۆنی هەرێمەکە، یەکینەکانی سەربازیی 84933840-3000-350-14″، کە لەلایەن لقی بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی ستراتیژیی فەرمانداریی تورکیا بۆ یەکینە پەیوەندییدارەکان ئامادەکراوە.

لەو پیلانەدا کە لەلایەن نەشات دیهیلە پێشکەشکاری کەناڵەوە ئاشکرا کرا، شێوازی پیلانەکە دژی کوردانی باکور، ڕۆژئاوا و باشور دەکاتە ئامانج و بە جوانی ڕوونکراوەتەوە.
ئەو بەشەی تایبەتە بە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، تێیدا داواکراوە، کە ئەو کەسانەی دژی شۆڕشی ڕۆژئاوان پشتیوانی ماددیی و مەعنەوی بکرێن و پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکەدا بۆ ڕێکبخرێت، هەر لەو پیلانەدا باس لەوەشکراوە، کە بەهەموو شێوەیەک دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەستنەوە و بەشێوازێکی ناشیرین باسیان بکەن.

پەیوەند بەو بەشەوە لە پیلانەکەدا ئەمە نووسراوە:

بەڕێوەبەرانی باڵای ڕێکخستنە تیرۆرستییەکان لە باکوری عێراق، لەلایەن کونسوڵخانەی ئێمەوە لە سنوورەکە چاودیری دەکرێن، یەپەگە کە لەلایەن تیرۆرەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ وڵاتی ئێمە مەترسییەکی گەورەیە، کونسوڵخانەی ئێمە لە “ئەربیل” لەپێش ئەم ڕووداوە دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنێت و لەسەر کاریگەریی ئەو ڕێکخستنە تیرۆرستییانە لەسەر کوردانی سوریا دەست بە ئۆپەرسیۆنێکی پیسکۆلۆژی بکات “دەروونی”، لەناو گەلی هەرێمەکەدا بەڕێوەببات، وەکو “ڕژێمی ئەسەد دەپارێزن و دانوستان دەکەن و مافی گەلی کورد دەکەنە قوربانی پاراستنی ڕژێم”، بۆ ئەوەی متمانەی گەل بەو ڕێکخستنە بشکێندرێت دەبێت دەستبەجێ لەگەڵ کەسایەتی، چاودێرانی سیاسیی و ڕیشسییانی سنوورەکە کۆبوونەوە بکرێت و پەوەندییان لەگەڵدا گرێبدرێت، ئەوەش یەکەم بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی ئێمەیە، هەروەها بۆ بەرتەسککردنەوەی هێزە کوردییەکان و شکاندنی کاریگەرییەکانی ئەوانە، ئەگەر تواناش هەبێت بۆ لەناوبردن دەبێت بەهەموو شێوەیەک پشتیوانیی مادیی و مەعنەوی لایەنەکانی جێبەجێکار بکرێت.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا چییە؟
وەکو دەزاندێت ئۆپۆزسیۆنی سوریا جیاواز لە هێزە شۆڕشگێڕەکانی باکوری سوریا هێزێکی جیاواز نییە و نەماوە، گروپە چەتەکان لە ئیدلب ماون لەلایەن هەموو هێزە نێوەنەتەوەییەکانەوە وەک تیرۆرست لە قەڵەم دراون و پلان هەیە بۆ لەناوبردنیان، سەرنجراکێش ئەوەیە کە ئەو گروپە چەتانەی گرێدراوی دەوڵەتی تورکن و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەرەنتی کراون کە دەیانپارێزێت، ئەوەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕوسیادا و سنووردارکردنی ڕژێم لە دژیان.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە وەک شاندێک هاتە هەولێر، پەیوەستە بەو گروپە چەتانەوە و ناوەندەکەیان لە ئەستەنبوڵە، زۆرینەی کارەکانیان لەوێوە بەڕێوەدەبەن و هەموو پیلانەکانیان دژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریایە.
ئەوانەی کە لەگەڵ شاندەکەدا هاتنە هەولێر کورد و عەرەبن، تێیاندا ئیبراهیم برۆ و حەواس عگید کوردن و ئەوانی دیکە عەرەبن، سەرنجڕاکێشە نە ئۆپۆزسیۆنەکە و نەهیچ ئەندامێکیان لە ڕۆژئاوا و باوکوری سوریادا نین و لە تورکیان.

Likes(1)Dislikes(0)